خەبات مێدیا: هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی چالاکانی کرێکاری و داکۆکی لە مافەکانیان، لەماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا سێ کرێکاری کورد لە کاتی کارکردن گیانیان سپارد.
ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی ڕێبەندان، کرێکارێکی کورد بە ناوی بێهزاد سەڵەواتی تەمەن ۴۰ ساڵ، خەڵکی سەڵواتاوەی سەر بە شاری سنە لە کاتی کارکردن لە بینایەکی بەرز بە هۆی نەبوونی پارێزراوی کارکردن، دەکەوێتە خوارەو و گیان دەسپێرێ.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۱۰ی ڕێبەندان ئەندازیارێک بە ناوی مەزڵوم غوڵامی تەمەن ۳· ساڵ و خەڵکی ئیسلام ئابادی سەر بە شاری کرماشان لە کاتی کار لە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر، بە هۆی تەقینەوەی کورەی تاوێنەری مادە دەسوتێت، و بە هۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەی، گیان دەسپێرێ.
لە هەمان ڕۆژدا، کرێکارێک بە ناوی ناسر ساڵحی خەڵکی شاری تیکاب لە شاری کەرەج بە هۆی کەوتنه ناو دەزگای پرێسکاری، گیانی سپارد.
کرێکاران لەئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی لەهەموو مافەکانیان بێبەشن و حەقدەستی چەندین مانگیان وەرنەگرتووە، هەروەها ئەمنییەتی کاری و گیانیان نییە. لەم ماوەدا لە شارەکانی ئێران و کوردستان، کرێکاران دەستیان داوەتە مانگرتن و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، بەڵام وەک هەمیشە کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕژیم و لە زیندانەکان شکەنجە دەکرێن.