خەبات مێدیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 18/2/2022 لە سەر مەزاری مامۆستا شێخ عیزەددین ڕێ و ڕەسمێک بە ئامادەبوونی شاندێکی سەرکردایەتی سازمانی خەبات و ژمارەیەک لە ئەندامانی سازمانی خەبات، لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێ و ڕەسمەکە بە فاتیحەو دەقیقەیەک بێدەنگی دەستی پێکرد و دوایەش شاندی سەرکردایەتی سازمانی خەبات تاجە گوڵینەی رێزدار کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات یان لە سەر مەزاری مامۆستا دانا.
بەرێزان کاک کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی و کاک بەختیار عەزیزی بەرپرسی پەیوەندیەکانی سلێمانی، بە بۆنەی ساڵوەگەری کۆچی دوایی ڕێبەری نەتەوەیی گەلەکەمان مامۆستا شێخ عیزەدینی حسێنی چەند ووتەیان لە بارەی دەوری مامۆستا لە جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران و جوڵانەوەی شۆڕشگێرانە دژ بە ڕژیمی شاو ڕژیمی خومەینی بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە باس کرد.
بەڕێز نورانی فەرد لە وتەکانیدا ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی دیار و کاریگەری مامۆستا کرد و دەوری بەرێزیانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357و پاشان ڕابەرایەتی شاندی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە بەرانبەر حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی بە گرینگ و لەبیر نەکراو وەسف کرد و هەروەها لە درێژەی قسەکانی دا بەئاماژە کردن بە خەباتی هاووبەشی مامۆستای نەمر و پێکهێنەرانی سازمانی خەبات ڕێز و ئەمەگ بەرانبەر ئەو ڕێبەرە نەمرەی بە ئەرکێکی تەشکیلاتی و نەتەوەیی بۆ تێکۆشەرانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات زانی.
ناوبراو لەبەشێک لەقسەکانی دا هەوڵدانی بەکرێگیراوانی ڕژیمی بۆ شێواندنی گۆڕی مامۆستا بە هەوڵێکی نەزۆکانە و هاوکات ترسی دەسەڵاتی ئاخوندی لە ناو و یادی ئەو ڕێبەرە مەزنە زانی و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا زیاتر لەهەرکاتێکی تر جێگە و پێگەی ڕێبەرە هەرگیز لەبیر نەکراوەکان، مامۆستا شێخ جەلالی حسێنی و مامۆستا شێخ عیزەدینی حسێنی و دەوری شوێندانەرانەیان بەدیار زانی و ووتی ئەو مامۆستا و ڕێبەرانە ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێیان لە خەباتی نەتەوەیی بە بەرگی ئایینی داهێنا و بوونە هاندەری بەشێکی بەرچاوی کۆمەلگای دیندار لەڕاستای تێکەڵ بوونیان بەخەباتی پیرۆزی نەتەوەیی و دەوری گرینگیان هەبوو لە وشیاری ئایینی و نەتەوەیی لەئاستی کوردستان دا.
بەڕێز نورانی فەرد لەکۆتایی قسەکانی دا وتی وەک ڕێبوارانی ڕێگەی مامۆستا و وەک وەفایەک بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە زانا و بلیمەتە، پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان ومامۆستای نەمر دووبارە دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین ناو و یاد و ڕاسپاردەکانیان لەبیر نەکەین.