خەبات مێدیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 18/2/2022 لە بنکەی پێوەندی سلێمانی سازمانی خەبات، کۆبوونەوەیەکی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە دەقیقەێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، و پاشان بەرێز کاک کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای سازمانی خەبات لە هەرێمی کوردستان، لەسەر دوایین ڕەوشی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و ئەرکی ئەندامان لەو دۆخە هەستیارەی هەنووکەدا، قسەی کرد.
بەرێزیان سەرەتای قسەکانی بە مەبەست و ئامانجی کۆبوونەوە و زەورەتی بایەخ دانی زیاتر بە ئەرکە تەشکیلاتیەکان و جێبەجێ کردنی ڕاسپاردە سازمانیەکان، دەست پێکرد و چوارچێوە و کاری سازمانی شیکردەوە و هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردنی سەرجەم رێکخستنەکانی تەشکیلاتی بە خاڵێکی گرینگ زانی.
بەرێز نورانی فەرد، لەسەر دوایین ڕەوشی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی و بارودۆخی ئێران و ڕژیمی ئاخوندی قسەی کرد و دۆخی ڕژیمی لەهەر سێ ئاستی ناوخۆی سیستەمی ئاخوندی و دەرەوە وناوخۆی ئێرانی بە قەیراناوی پێناسە کرد و دوورەدیمەنی چارەسەری کێشەکانی ڕژیمی لەلایەن کار بەدەستان بە بابەتێکی دژوار و ئەستەم زانی، و لەو بەشەی قسەکانی دا دەوری جەماوەر و چین و توێژە بێزارەکانی کۆمەڵگای لەهەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی سەرانسەری لەدژی زولم و زۆرداری دەسەڵات بە گرینگ و چارەنووس ساز زانی.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانی دا ووتی: بە لەبەرچاو گرتنی ئەو هەل و مەرجە هەستیارە کە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان تەنگی بە دەسەڵاتی ئاخوندی چنیوە، ئەرکی شۆڕ٠شگێران زیاتر لە ڕابردوویە و پێویستە هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەوا نەتەوەییەکانمان چەند بەرانبەر بکرێ و بە یەکێتی و ماندووبوونی زیاتر ئەو پرسە خێراتر بکرێ.
لەدوای قسەکانی بەرێز کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی، بەرێز کاک بەختیار عەزیزی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی نوێنەرایەتی سلێمانی سازمانی خەبات ی کوردستان، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی تەشکیلاتی و سازمانی پێوەندیدار بە ئەندامان و لایەنگران قسەی کرد و لە چوارچێوەی ئەرک و مافەکانی ئەندامان ڕاسپاردە و بڕیارە تەشکیلاتیەکانی بیر هێنایەوە و چەندین ڕێنوێنی لە پێوەند بە باشترکردنی کاری ڕێکخستنی سلێمانی، باس کرد.
لەدوای قسەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی سازمانی خەبات، ئەندامانی ئامادەبوو ڕاو سەرنج و تێبینی و پرسیاری خۆیان پێشکەش کرد و کۆبوونەوەکەیان پر ناوەرۆکتر کرد.
کۆبوونەوەکە بە بەڵێن و بڕیاری بەرەوسەر بردنی هەوڵ و ماندووبوونی زیاتری بەشداربووان و لەکەشێکی هاورێیانە و پر لەهەستی بەرپرسیارەتی، کۆتایی پێهات.