ئاوات رەحیمی
لە پێش هەر شتێک هێرشی ڕوسیە بۆ سەر ووڵاتی ئۆکراین بە هەر بیانۆێک و بە هەر پاساوێک بێ، کردەوەێکی ناڕەواو پێچەوانەی قانونە جیهانی و نێودەوڵەتیەکانەو مەحکومەو لە هەمانکاتدا هەر ووڵات و دەسەڵاتێک, ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەو کردەوەیەی ڕوسیە بکات دیفاعی لە داگیرکەر کردوە. پشتیوانی ئاخوند خامنەیی و دەسەڵاتدارانی دیکەی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕوسیە بۆ هێرش کردنە سەر ئۆکراین، دەرخەری سیاسەت و هەڵۆێستی دژی ئینسانی و دیکتاتۆریی ئەو دەسەڵاتە دواکەوتوو ئاژاوەگێڕەیە.
ئەوەی لە ئێستادا لە ئارادایە هێرشی هێزی سەربازی روسیەیە بۆ داگیر کردنی ووڵاتێکی خاوەن سەروەری و هەڵگیرسانی جەنگ لە لایەن حکومەت و دەسەلاتێکی خاوەن هێزی سەربازی گەورەو خاوەن چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو، لە بەرانبەر حکومەت ووڵاتی ئۆکراین کە دەسەڵات و ووڵاتێکی کەم توانا لە باری سەربازیی و چەک و تەقەمەنی یە کە بۆتە هۆی شێواندنی هێمنایەتی ناوچەکەو هێمنایەتی جیهانی و ئاسەورارە زیانبارەکانی لە هەموو وولاتانی جیهاندا دەبیندرێ.
بە تێپەڕینی ده ڕۆژ بە سەر جەنگداو بە پێ ئەوەی لە مەیدانی ڕوبەروبونەوەدا بەرچاودەکەوێ، هێزی سەربازی ڕوسیەیە نەیانتوانیوە سەرکەوتنی تەواو بە سەر ئوکراین بە دەست بێنێ، هەر بەم هۆیەوە خۆڕاگرێ کەم وێنەی هێزی سەربازی ئوکڕاین وای کردوە کە زۆربەی کارناسانی سەربازی و شارەزایانی سیاسەتی نێوەدەوڵەتی باس لەوە بکەن کە ویلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕوسیە چاوەڕی نەدەکرد خەڵکی ئۆکراین و ویلادمیر زلنسکی سەرۆک کۆماری ئەو ووڵاتە بەو شێوەیە دیفاع لە ووڵاتەکەیان بکەن. ئاشکرایە پشتگیری وولاتانی ئوروپایی و ئەمریکا لە حکومەت و خەڵکی ئۆکراین یەکێکە لە هۆکان بۆ خۆڕاگری هێزی سەربازی ئەو وولاتە لە بەرانبەر هێزی داگیرکەری ڕوسیە.
لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدا کەئایا پشتیوانی وولاتانی ئوروپایی و ئەمریکا بە پێ چاوەڕوانیەکانی حکومەتی ئوکراین و خەڵکی ئورکراینە؟ بێگومان ئەو ڕادەیە لە هاوکاری ووڵاتانی ڕۆژئاوایی لە حاست ئەو هێرشە بەربڵاوەی هێزی سەربازی ڕوسیە بۆ سەر ئۆکراین نیە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی ڕوسیەو داگیرکردنی تەواوی خاکی ئەو ووڵاتە هەڕەشە بۆ سەر وولاتانی دیکەی ئوروپایی و بە تایبەت بۆ سەر ئەو وولاتە ئوروپاییانە دروست دەبێ کە لە ڕابردودا بەشێک بوون لەوولاتانی ناسراو بە ئیتحادی شۆڕەوی کە ڕوسیە سەرۆکایەتی دەکردن. ئەوەی لە ئێستا لە ئارادایە جەنگی هەمەلایەنەی ڕوسیە لە دژی ئۆکراینەو بەرپرسانی ڕوسیە بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە لە دروست بوونی جەنگی جیهانی سێهەم بۆمبی ئەتۆم بەکار دەهێندرێ کە ئەوە هەڕەشەێکی ڕاستەخۆیە لە وولاتانی ڕۆژئاوایی کەبەشداری جەنگی ئۆکراین نەکەن.
ئەو هەڕەشانەی ڕوسیە بۆتە هۆی ئەوە چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکایی و ئوروپایی و سازمانی ناتۆ ڕایبگەێنن خوازیاری جەنگ و بەشداری کردن لە جەنگدا نین هەر ئەو شێوە بێ هەڵۆێستیەی ووڵاتانی ڕۆژئاوایی وای کرد ڕوسیە هێرش بکاتە سەر ئۆکراین.
بێگومان ڕوسیە لە هێرش بۆ سەر ئوکراین زیانی دارایی و سیاسی گەورەی پێگەیشتوە کە ئاسەواری ئەو زیانانە دەیان ساڵ بە سەر ئەو ووڵاتەدا دەمێنێ هەروەها لە باری سیاسیەوە کێشەی زۆری بۆ دروست بووە کە کێشە سیاسیەکانیش هەروەک زیانە ئابوریەکان بە سەر ڕوسیەدا زۆرو بەردەوام دەبێ. بەو هومێدەی دەسەڵاتدارانی ڕوسیە بە خۆیاندا بێنەوەو ڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی بگرنە بەر و کۆتایی بە شەڕو داگیرکردنی ئۆکراین بێنن و جیهان گیرۆدەی جەنگی جیهانی سێهەم نەبێ.