ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەستا بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنێک تایبەت بە رۆژی جیهانی ژن لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی.
ئەم ئاکسیۆنە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی ناوەندنی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن خاتوو "زەینەب حوسێنی" ئەندامی ناوەندنی ژنانی ڕۆژهەڵاتەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
ناوەندی ژنان لەم پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی ٨ی مارس و ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە و گرینگیی ڕێزگرتن لەم یادە، ڕایگەیاند: "ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەک ناوەندێکی تایبەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی زەروورەتی کاری هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و زیاتر یەکخستنی دەنگی ژنی کورد و خواست و مافەکانی، وێڕای ئەوەی خۆی بەرامبەر پرسی ژن لە ڕۆژهەڵات بە ئەرکدار دەزانێت، لەم ڕۆژەدا پێداگری دەکاتەوە لەسەر خەبات بۆ خواست و مافەکانی ژنان لەسەر بنەمای ئەوەی ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات لەپێناو گەیشتن به یەکسانیی مرۆڤەکان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەک کە خاڵی بێت له پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و توندوتیژی و ڕزگاریی ژنان لەژێر چەپۆک و چەوساندنەوە".
ئاکسیۆنەکە بە خوێندنەوەی سرودی یەکسانی و بڵاوکردنەوەی بروشورێکی تایبەت کە لەلایەن ناوەندی ژنان بەبۆنەی ٨ی مارس ئامادەکرابوو، بەسەر ئامادەبووان بڵاو کرایەوە.
ئەم ئاکسیۆنە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ناوەندی ژنان و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بەڕێوە چوو