پەیامی نەورۆزیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
خەڵکی خۆراگر و تێکۆشەری کوردستان!
هێز و لایەنە شۆرشگێڕەکانی کوردستان و ئێران!
ئەندام و لایەنگر و پێشمەرگە فیداکارەکانی سازمانی خەبات!
بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی ١٤٠ ١ی کۆچی خۆری، پیرۆزبایی بە جەماوەری نیشتمانپەروەری کوردستان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کورد، خانەوادە و کەس و کاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پێشکەش دەکەین.
لە ئێستادا کوردستانیان خۆیان بۆ پێشوازی نەورۆز هێمای راپەرین و خۆراگری ئامادە کردوە، ئەو نەورۆزەی هەموو ساڵێک دەبێتە هەوێنی نێڵدانی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان دژ بە زوڵم و زۆری رژیمی داگیرکەری ئاخوندی. ئەو نەرۆزەی هێما و هەوێنی جۆشدانی خەباتی یەکانگیری تێکڕای دانیشتوانی کوردستانە کە دەسەڵاتی زوحاکانەی ئاخوندان لە ئێران ۴۳ ساڵە ماف و ئازادیەکانیان پێشێل دەکات و بۆ سەرکوتی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە هیچ جینایەتێک درێغی نەکردوه.
نەورۆزی ساڵی ١٤٠ ١ی کۆچی خۆری، جیاواز لە نەورۆزەکانی پێشوو هەڵگری کۆمەڵێک پەیامە، پەیامەکانی نەورۆزی ئەو ساڵ پێوەندی بە دۆخی خەڵکی ئێران، سیاسەت و بەرنامە دژە خەڵکیەکانی رژیمی ئاخوندی و زیاتر لە ڕابردوو پێشیلکرانی مافە ئینسانی و دیموکراتیەکانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانە.
نەورۆزی ١٤٠ ١ی هەتاوی لە کاتێکدا لەلایەن گەلی کورد و گەلانی زوڵملێکراوی دیکەی ئێرانەوە پیرۆز دەکرێ کە دۆخی خەڵکی کوردستان و ئێران لە یەک ساڵی رابردوودا زۆر خراپتر و ناجێگیرتر بووە لە ساڵانی پێشوو. لەو یەک ساڵەدا خەڵک لە باری ئابووری لە دۆخێکی خراپ و حەستەمدا بوون. بێ بەرنامەیی و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانە، دزی و گەندەڵی بەرپرسانی دەسەڵات، بەفیرۆدانی داهاتی گشتی، هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری و دەیان دیاردەی زیانباری کۆمەڵایەتی، هەڵاتنی مێشکەکان و ژمارەیێکی زۆر لە لاوان بۆ دەرەوەی وەڵات و زیاتر لە ٦٠ ملوێن کەس هەژار و ٣٠ ملوێن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا، لە ئاکام و بەرهەمی سیاسەتی دەسەلات بووە.
لە یەکساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٣٠ ٠ ٠ کۆبونەوەی نارەزایەتی لە ٣١ پارێزگا و شار و ناوچەکانی سەرانسەری ئێران دژ بە سیاسەتەکانی دەسەڵات لە پێوەند بە کێشەی ئابووری، سیاسی و کۆمەلایەتیەکان رووی داوە کە بەشی زۆری ئەو نارەزایەتیانە لەلایەن کریکاران، مامۆستایان، راپەرینی کوردستان، خوزستان، ئیسفەهان و سیستان و بەلوچستان بەرێوەچوون.
هاونیشتمانیانی بەرێز!
لە ساڵی ١٤٠ ٠ دا دامودەزگاکانی رژیم کوردستانیان بە هێزی پاسدار و بەکرێگیراو تەنبوو و شارەکانی کوردستان زیاتر لە ساڵانی پێشتر دۆخی ئەمنیەتیان بە سەردا سەپابوو. لە دوای نەورۆزی ساڵی ١٤٠ ٠ و بەهۆی بەرێوەبردنی ئاهەنگ و رێورەسمەکانی نەورۆز شەپۆلێکی بەرینی راوەدوونان و گرتنی چالاکانی ناوخۆ و لاوانی کورد لەلایەن ئورگانە سەرکوتگەرەکانی رژیمەوە دەستی پێکردو دەیان کەس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان راپێچی ناوەند و ئورگانە ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی رژیم کراون.
چوار ئوستانەکەی کوردستانی ئێران لە باری ئابووریەوە لە ریزی ئوستانە هەرە هەژارەکانی ئێراندا جێیان گرتووە هەر بۆیە خەڵکی شارەکانی کوردستان بۆ وەدەست خستنی بژیو ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، هەرێمی کوردستانی عێراق یان بۆ کاری کۆڵبەری روو لە ناوچە سنووریەکان دەکەن. بەڵام هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی بە شێوەیەکی درندانە کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژ و لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە دەیان کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە گیانیان لەدەست داوە یان بریندار کراون.
ژینگەی کوردستان لە یەک ساڵی رابردوودا هاوشێوەی خەڵکەکەی پارێزراو نەبوو لە دەستی رەشی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هێزە داگیرکەرەکانی دەسەڵاتی ئاخوندان ئاگریان لە دارستان و پووش و پەڵاش بەر دەدا و بەو هۆیەوە بە سەدان هێکتار لە دارستان، لەوەڕگە، لێرەوار و بوونەوەرەکانی بوونە قوربانی و لەناو چوون.
بەشێکی زۆر لە سەرچاوەکانی ئاو و روبارە گەورەکان لە کوردستان هەڵکەوتوون، بەڵام چەند ساڵێکە رژیم بەشێوەی جیاجیا رێرەوی ئاوەکانی گۆڕیوە و بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێرانیان رادەکێشێ، ئەوەیش بۆتە هۆی ئەوەی قەیرانی کەم ئاوی لە شار و ناوچەکانی کوردستان سەرهەڵبدات. بەتایبەت لە ساڵی رابردوودا بە بەرنامە ئاوی پیس و قوراو دەدرا بە ماڵان و دامودەزگاکانی رژیم لەو پێوەندەدا زۆر و کەم خۆیان لە پرسی بێ ئاوی و ئاوی پیسی ماڵان نەداو خەڵکی شار و گوندەکان بۆ ئاوی خواردنە روویان لە کانی و سەرچاوەکان کردەوە.ئەو تاوانانە و چەندین سیاسەت و بەرنامەی دژە خەڵکی لە باری زمان و فەرهەنگ، پەرەدان بە مەوادی هۆشبەر، بێکاری، پەرەدان بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان، نانەوەی ئاژاوە لەنێو چین و تووێژەکانی کوردستان بە تەوژمتر لە ساڵانی پێشووتر بەرێوەچوون و کاریگەری خراپیان لە سەر دۆخی هەستیار و حەستەمی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان هەبووە.
بە چاوخشانێک کار و کردەوەی نابەرپرسانە، سەرکوتگەرانە و دژە خەڵکیەکانی رژیم لە ۴۳ ساڵی رابردوو بە تایبەت ساڵی ۱۴۰۰، دزی، گەندەڵی و بەفیرۆدانی سەرمایە و داهاتی خەڵک، بە لەبەرچاوگرتنی کردەوە ترۆریستیەکانی ئاخوندان لە دەرەوەی سنوورەکان، شیمانەی دۆخی خراپتر بۆ داهاتوو دەکرێ. ئەرکی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت چالاکانی ناخۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکەیە بۆیە پێویستە پیامی راپەرین و خۆراگری لە نەورۆز وەرگیرێ و کورەی خەبات دژ بە ئاخوندانی داگیرکەر لە کوردستان نێڵ بدرێ و گڕی ئاگری نەورۆزی ئەو ساڵ تین و گەرمی زیاتر بدات بە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و بە تێکۆشانی یەکانگیری تێکڕای چین و تووێژەکانی کوردستان تا روخانی یەکجاری رژیمی ئاخوندی و هاتنەدیی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد لە ئێران و بێ هەدادان لە راپەرین بەردەوام بین.
یەکێک لە پێناسە و نیشانەکانی نەورۆز، یەکبوون و یەکریزیە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی خەباتی جەماوەری کوردستان و بزوتنەوە ئازادیخوازیەکەی زووتر بە ئاکام بگات، پێویستە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران ئەم بۆنە نەتەوەییەی گەلەکەمان بکەینە دەرفەتێک بۆ کاری هاوبەش و داوا دەکەین لە پێناو روخانی رژیمی ئاخوندی، دابین بوونی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان و دامەزرانی دەسەڵاتێکی سیکۆلار و دیموکراتیک لە ئێران و کوردستان هەنگاوی جیددی و لێبڕاوانە بۆ یەکریزی و تەبایی و دامەزرانی بەرەیەکی کوردستانی هەڵگرین.
جارێکی دیکە بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی ١٤٠ ١ی ک خ، پیرۆزبایی بە هاونیشتمانیانی کوردستان، چالاکانی ناوخۆ، کەس و کاری سەربەزی شەهیدان و بەندکراوانی سیاسی کورد و خانەوادەی سەربەرزی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، پێشکەش دەکەین.
پیرۆز بێ نەورۆزی راپەرین و خۆراگری
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی کورد و گەلانی ئێران
بروخێ رژیمی دیکتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
نەورۆزی ١٤٠ ١ کۆچی خۆری