سەروەرانی گەل: شەهیدان محەممەد خالیدی و محەممەد ڕەسوڵی ( شێنانی)
دەفتەری سەروەران پەڕتوکێکی زێڕینە کە هەزاران داستانی شیرین و تاڵ و کارەساتی ڕۆژانی هەور و ساماڵی لەناو ماڵی لاپەڕە پڕ لە کارەساتە سەر سووڕهەێنەرەکانی خۆی تۆمار کردووە کە هەر وشەیەکی یادی شۆڕە سوارێکە و هەر پێستێکی دیمەنی دەردی هەژارێکە. دێرەکانی پێنووسیان لێنەدراوە و بە پەنجەی هیچ نووسەرێک نە نەخشاوە. بەڵکو لە ناخی دەریای تاریکی شەوی ڕەشی بێ بەشدا بە دەستی بەهێز و پیرۆزی خەبات، لەبەر شەبەقی ئاگری ڕوناکی شۆڕشدا پیت بە پیت دێڕ بە دێڕ بە نوکی فیشەکی گەرمی خەباتگێڕان نووسراوەو لەسەر ڕووپەڕی دڵی خاوێنی خاوەنی هەستان چاپ کراوە. گەرماو سەرماو باو باران و دەستی نەگبەتی زۆرداران ناتوانێ پیتێک کاڵ وەکا. وشەکانی بڵێسەی ئاگری فیداکارین، فیداکاری بۆ ڕزگارین پیتەکانی سکاڵای دیلی و هەژارین. ڕستەکانی بە گڕی شۆڕش داڕژاون، بە خوێنی شەهید سوور کراون، نوختەکانی ئەسرینی گەشی خوێنن. پەڕەکانی گەلێک ڕازاوەو ڕەنگینن، ئەو پەڕتووکە قەت کۆن نابێ، هەر تازەیەو تا دنیا بێ تێ گەیشتن و پێگەیشتن و خەبات لە پێناو سەربەستی و نەبەزی ڕانا ناوەستێ، هەمووی مانای ئەو پەرتوکەن، پەرتووکی یادی سەروەران، یادی سەربەرزی نەمردوو، یان بڵێن بە مردوو زیندوو... با وەک هەموو جارەکانی پێشوو یادی دوو شەهیدی کوردستان بکەینەوە.
یادی کردەوەکانیان، یادی بیروباوەڕ و بڕیاریان، یادی لە خۆبردووییان، یادیان زیندوو بکەینەوە بە درێژایی ڕێگایان، بە دەرس وەرگرتن لە کردەوەیان، با یادیان زیندوو بکەینەوە هەر وەک بۆ خۆیان زیندوون و جێگەیان ناو دڵی نەتەوەکەمانە. چونکە شاعیری کورد دەڵێ:
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتن شیوەن و گرین، نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا دەژین.
دەزانین لە کۆڕی یادی سەروەراندا هەمووتان لە گەڵمانن، هەموو ئەوانەی خاوەن باوەڕن، خاوەن هەستی نیشتمان پەروەرین، هەموو ئەوانەی ئەوینداری ئازادی و سەر بە خۆیین. چونکە یادی سەروەران یادی ئەوانەیە کە لە حەستەمترین هەل و مەرجدا شەرەفی نەتەوەکەیان پاراستووە و تاپۆی بوون و مافی نەتەوەکەیان بە خوێن نووسیوە. بە داگیرکەرانی کوردستانیان سەلماندووە کە پارێزەری ئەو ئاو و خاکەن و هەموو ئاکامێکی تاڵ و هەموو چەرمەسەرییەک لە پێناو ویستی گەل و ئامانجەکەیاندا وە خۆدەگرن. هەر سەربەرز دەمێنن و هەر سەربەرز دەمرن. فیداکاری لە پێناو ویستی نەتەوایەتیدا تایبەت نەبووە بۆ چینێکی جیا لە کوردستاندا، بەڵکو هەموو چینەکانی خەڵکی کوردستان بێ بەشی و هەژاری خۆیان لە پێشێل بوونی مافی نەتەوایەتیدا دیوە و دەبینن و هەموو تێکڕا خەباتیان بۆ کردووە.
شەهید محەممەد خالیدی و شەهید محەممەد ڕەسوڵی ( شێنانی ) دوو فیداکاری ڕێی ڕزگاری و ئاوەدانی کورد و کوردستان بوون کە وێڕای ٥ هاوباوەڕیان لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەدا لە ( یەکشەوە ) مەلی سرکی ڕۆحی پاکیان لە قەفەزەی سینەی ساف و بێ کینەیان هەڵفڕی، لە گوڵزاری باغی بەهەشتی شەهیدان دا لە سەر چڵە پۆپەی شەرەف و شانازی نیشتنەوە.
هەزاران سڵاو لە یادو ناوی هەردوو شەهید و سەرجەم شەهیدانی کوردستان