سەروەری گەل
شەهید قادر ڕەحمانپوور
هیچ گیانێک لە لای خودا و خەڵکەوە بەرزتر لەو گیانانە نین کە لە پێناو وەبەرهێنانی داری دادگەری کۆمەڵایەتیدا، لە کۆختەی گلێنی لەش، دوورکران و پاکتر لەو ئەندامانە نین و نابن کە لە پێناو نەهێشتنی توخمی ستەمدا پێکران، چونکە ئەوان بەڕاستی ئامادەی بە جێهێنانی ئەمری گەل و ژیانی دوور لە چەوساندنەوە بە قیمەتی بوونی خۆیان بۆ خەڵک دەکڕن، ئەوانەی کە لە مەیدانی فیداکاریدا سەرکەوتوون، ئەوانەی کە ناوی خۆیان وەک شورەی سەر بەرد، لە دڵی هەموو هەژار و چەوساوەکانەدا هەڵ کەندووە و یادیان لە لاپەڕەی تەمەنی بەشخوراواندا دەمێنێتەوە، ئەو شەهیدانەن کە بە خۆ فیداکردن لە پێناو گەلەکەیاندا دەچنە ڕیزی سەروەرانەوە، جا بۆ ئەوەی بۆ تێشوی ڕێبازی سەختی شۆڕش دەرسێکی دیکە لە مەکتەبی فیداکاران لە گۆڕستانی ساوان فێربین، ڕوو دەکەینە گوندی قارەمان و شەهید پەروەری ساوان.
ناوی ساوان هەر کاتێک کە بەسەر زماندا دێت حاڵەتی تەعزیم و ڕێز بەسەر هەموو کوردێکی کوردپەروەر دادەنێ. ڕێز و کڕنۆش بۆ مەکۆی شەهیدەکان، بۆ گۆڕستان، بۆ دایکان و باوکانی بە جەرگ و نیشتمان پەروەر، بۆ ئەو دایکانەی کە پەڕەی جەرگی خۆیان بڕی و پێشکەش بە شۆڕشی کوردستانیان کرد.
بۆ ئەو باوکانەی کە کوڕەکانیان کە هومێد و ئارەزوویان بوو، کردە دیاری بارەگای کوردستان، بۆ برا و خوشک و کەسوکاری شەهیدان.
با ئەمجار لەسەر گڵکۆی شەهیدی نەمر لاوی جوانە مەرگ، شەهید کاک قادر ڕەحمانپوور پەیمان تازە بکەینەوە، کە هەر درێژە پێدەری ڕێگای پیرۆزی خەباتین و لەسەر بریاڕ، ئەو بریاڕە کە دەبێ کورد ئازادبێ و کوردستان ڕزگاربێ سووربین، شەهید کاک قادر ڕەحمانپوور لە ساڵی ١٣٣٩ لە گوندی ساوان لە ناو خێزانێکی کوردی کورد خۆشەویست دا هاتە دونیاوە، بارودۆخی ژیانی هەژارانە، شەهید قادری قایم و بە بڕشت و خۆڕاگر بارهێنا بوو، بیری ئازاد بوون لەو بارودۆخەی، کە خەڵکی کوردستان تێیدا ژیاوە، وەک کۆت و زنجیر، هاڵاوەتە دەست و پێی دانە دانەی ئەندامانی کۆمەڵانی کوردەواری، هانیدا بێتە ناو ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات و بە هەموو تواناوە خزمەتی گەلەکەی بکات. شەهید قادر لە بەهاری ساڵی ١٣٦٠ دا چەکی پێشمەرگایەتی خەباتی لە شانکردو کەوتە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لە مەودای پێشمەرگایەتیدا شەهید قادر نمونەی ئازایەتی و پاکی و لە سەرخۆیی بوو، بەوەی کە دەیتوانی بۆ نەتەوەکەی فیداکاری بکات، شانازی دەکرد. بڵێسەی تفەنگی شەهید قادر لە هەموو شەڕەکانی ناوچەو شوێنەکانی دیکەی کوردستان، چیا و دەرو دۆڵی ڕوون دەکردەوە، شەهید قادر یاریدەدەر و خۆشەویستی هەڤاڵانی بوو، لە سەر وەفاداری بە ڕێبازی خەبات و مافی نەتەوەکەی، هەر ئەوەش وایکرد کە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا خۆشەویستیەکی تایبەت بۆ خۆی بەدەست بێنێت.
شەهید قادر لە ڕۆژی ۱۳۶۱/۱/۲· دا لە شەڕی جادەی بانە سەردەشت لە بەردە سوورانی نزیک زێویە بە فیشەکی دوژمنانی گەلەکەمان پێکرا، وە پاش ساڵێکک و چەند مانگ خزمەت بە گەل و ڕێبازە پڕ لە شانازییەکەی شەهید بوو و گیانی پاکی پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەی کرد و بۆ هەتا هەتایە مالئاوایی لە هاوڕیبازانی کرد و بەردەوامی ڕێگاکەی بۆ ئەوان بە جێ هێشت.
یادی هەموو کات لە دڵمان دایە و قەت لە بیرمان ناچێتەوە
ڕۆحی شادو ڕێگای پڕ ڕێبواربێت