خەبات مێدیا: پێنجشەممە ڕێکەوتی 1ی بانەمەڕی 1401 هەتاوی ناڕەزایەتی سەرانسەری مامۆستایان و خانەنشینانی فەرهەنگی بەڕێوەچوو.
مامۆستایان پاش بانگهێشتی گشتی شۆرای هاوئاهەنگی پێکهاتەکانی سێنفی فەرهەنگیانی ئێران لە شار و پارێزگاکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە وفێرکاری شارەکانی خۆیان جارێکی دیکە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.
لە شارەکانی بیجار، سەقز و سنە، مەریوان، بانە و بۆکان مامۆستایان بە دروشمی (مامۆستایان بەهۆی چە تاوانێک لە زینداندان؟) و (مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ) پشتیوانی خۆیان لە مامۆستایانی بەندکراو دەربڕی و هەروەها داواکارییەکانی دیکەی خۆیان وەکوو جێبەجێ کردنی یاسای پلەبەندی مامۆستایان، یاسای هاوسان کردنی حەقدەستی خانەنشینان، فێرکاری لە ئاستی بەرز و بێ بەرانبەر بۆ قوتابیان و ژووری خوێندن بە لانی زۆرەوە 16 قوتابی و ئازادی بۆ بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەکان، ناوبردو داواکارن لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێ و مامۆستایانی زیندانی ئازاد بکرێن.
هاوکات ئەم ناڕەزایەتییانە لە شارەکانی لورستان، ئەلبۆرز، ئیسفەهان، کرماشان، زەنجان، قۆم، هەمەدان، ئەهواز، شوشتەر،داراب، مەشهەد، تەبرێز، ماهشەهر، مەلارد و زۆربەی شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.