لە ماوەی تەشەنەسەندی کۆڕۆنا زیاتر لە یەک ملیۆن ژن لە بازاڕی کاری ئێران دەرکراون.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بەشداری ژنان گەیشتۆتە کەمتر لە 13لەسەد کە لەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمتربووە و ڕێژەی کارکردی ژنان گەیشتۆتە 10٠«9لەسەد کە ئەم ڕێژەیش کەمتر لە ساڵی ڕابردووە. لە ساڵی 1399 بە هۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا زۆرتر لە هەموو ساڵێک هەلی کار بە گشتی و بەتایبەت بۆ ژنان لە ناوچوو. لەم ساڵانەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنسەد هەزار هەلی کار لە ناوچوو. و هەروەها بە پێی ئاماری دەوڵەتی زیاتر لە 111هەزار ژن لە بازاڕی کار دەرکراون کە ئەم ڕێژەیە کەمترە لەو ڕێژەڕاستەقینە کە لە کۆمەڵگەدا هەیە و تۆمار نەکراون. کاری ژنان بە نیسبەتی کاری پیاوان هەمووکات کەمتر لە یەک بە چوارە، کە ساڵ لە دوای ساڵ ئەم نیسبەتە دادەبەزێت.
بە پێی داتاکان لە ساڵی 1398تا 1399، 662هەزار و 852کەس لە ژمارەی ژنانێک کە کار دەکەن کەم بۆتەوە.
ڕێژەی بێکاری لە ژنان هەمووکات دووهێندەی پیاوان بووە، ڕەنگە زیاتر بێ لەو ئامارانە کە لەلایەن دەسەڵات بڵاودەبێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەڵاواردنێکی بەرین لە یاسای کار لە ئێران لەدژی ژنان لە ئارادایە کە ژنان بۆ هاتنە ناو بازاڕی کار لەگەڵ ئازاری سێکسی و سێکسیزم و نەبوونی یاسایەک بۆ پشتیوانی ژنان بەرەوڕوون. کە ئەمە خۆی کۆسپێکی مەزنە لە پێشکەوتنی ژنان لە نێو بازاڕی کاری ئێران. بەگشتی بێکاری ژنان لە کۆمەڵگەدا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی و مانەوەی ژنان لە ماڵ و نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری دەبێتە هۆیەک بۆ زیاتر چەوساندنەوەی ژنان و ئازار و لێدانی زیاتر.
بە پێی ئامارەکان 98لەسەدی ئەو ژنانەی کە بە هۆی توندوتیژی بنەماڵەیی ڕۆیشتونەتە نەخۆشخانە، بێکارن و ژنی ماڵەوەن.
یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران، دەرکردنی ژنان لە کاری دەوڵەتی و فەرمی بۆ کاری ماڵ و نافەرمییە.
بە پێی ڕێژەی ناوەندی ئاماری ئێران کە لەساڵی 1399بڵاو بۆتەوە دەرخەری ئەوەیە کە لە سێ ملیۆن و 567هەزارژن کە کاردەکەن 68لەسەدی کاری نافەرمی دەکەن.
کار نافەرمی بە کارێک ئەوترێ کە کرێکاران، گرێبەستیان نیە و لە بیمەی کار بێبەشن و حەقدەستێک کەمتر لە حەقدەستی پێوەر وەرئەگرن.
لە ماوەی دەسەڵاتداری ڕەییسی ئەم هەڵاواردنە بە شێوەیەک بەرچاو پەرەی سەندووە چونکە بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە ژنان نابێت شەوانە کاربکەن و ئەرکی سەرەکییان ماڵدارییە و بە دوای ئەوەیە تا یاسای توندتر لە دژی کاری ژنان پەسەند بکرێ و ژنان زیاتر لە ڕابردوو لە ماڵەوە بەند بکات.