خەبات مێدیا: لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێک گیانی دا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی شەممە 10ی جۆزەردان سپای تیرۆریستی پاسداران لە سنووری نەوسوود ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی سەفەر سوبحانی گیانی دا و پێنج کۆڵبەری دیکەش بە سەختی بریندار کران.
لەلایێکی دیکەوە سۆعدا خەدیر زادە زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ کە دووگیانە، ماوەی پێنج ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، جێی ئاماژەیە لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی ئەم زیندانیە سیاسیە، بەرپرسانی زیندانی ئەو شارە پێیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە هیچ تاوانێکمان نیە و ئیتلاعاتی شاری پیرانشار ڕێگرە لە ئازاد کردنت بە دانانی بارمتە.
شایەنی باسە کە بەپێی بەدواداچوونێکی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بەو بابەتە زانیویەتی کە سۆعدا خەدیر زادە لە پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی، پێداگری کردووەتەوە کە بەردەوام دەبم لە مانگرتن هەتا ئەو کاتەی بەرپرسان بە دەم داوا کاریەکەیەوە دەچن، لە ئێستادا ئەم زیندانیە سیاسیە بەهۆی دووگیان بوونیەوە مەترسی لەدەستدانی منداڵەکەی هەیە.