عەلی بەهرامی
19ی بانەمەڕی 1401ی هەتاوی یادی 37 ساڵەی شەهیدکرانی شەهیدی فەرماندە کاک تەها سوورە. ئەو فەرماندەی هەتا ئێستاش ئەوەی لەگەڵی بووبێ، یان ئەوانەی لە نزیکەوە بینیویانە و یا خود ئەوانەی داستان و حەماسەی شۆرشگێڕانەی ئەو جوانمێرەیان بیستووە، بەردەوام بەرێزەوە ناوی دەبەن و لەگەڵ هەر یاد کردنەوەیەکدا هەناسەی داخ و پەژارەی بۆ هەڵدەکێشن.
شەهیدی فەرماندە تەها سوور لە هەڕەتی لاوەتیەوە تێکەڵ بە کۆڕی دژبەرانی رژیمی پاشایەتی لە شاری بانە دەبێ و هەر زۆر زوو خۆی لە نێو کۆڕی خەباتگێڕان و خەباتکارانی بەوەفای مامۆستا شێخ جەلالی سەرکردەدا دەبینێتەوە. ئەو خەباتکارانەی چەخماخەی شۆرشەکەیان لە شاری بانەوە لێی دەدا و بە پانتایی کوردستانی ئێران ڕادەخوشاو هێز و تینی بە شۆرش و خەبات دژ بە داگیرکەران دەبەخشی و لە کەم ناوچەی کوردستان هەر لە پاوەو نەوسود هەتا نەغەدە، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت، بۆکان، سەقز، کامیاران و مەریوان، لە پشتیوانی نیشتمانپەروەران و تێکۆشەران درێغیان نەکرد و ئەوەی توانیان دژ بە رژیمی داگیرکەر و دواکەوتووی خومەینی کردیان.
شەهید تەها قاڵبووی کورەی شۆڕش و خۆڕاگر و بارهاتووو لە سەنگەری کوردایەتی، شەرەفپارێزی، لەخۆبوردوویی و فیداکاری بوو. هەر بۆیە لە ماوەی کاری خەباتکارانەی خۆی دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان و دیفاع لە سازمانی خەبات و بەرگرتن لە خۆسەپێنی و خۆفەرزکردنی جەرەیاناتی دیکە، دەیان و سەدان داستانی قارەمانەتی تۆمار کردووە. کارنامەی تێکۆشەرانە و خەباتکارانەی شەهید تەها لەگەڵ کۆمەڵێک رەفتاری جوان و کوردپەسەندانە وای کردووە تەها سوور ببێتە رەمزی پێشمەرگەیەکی نیشتمانپارێز و پارتیزانێکی دژمن تەزێن و هەتا ئەورۆ جیلی کۆن و نوێی ریزی خەباتی خوێناوی بیکەنە نمونە و ئولگووی خۆیان و شوێن پێی هەڵگرن و سەنگەری ئاوەدان وەکەن و هەڵس و کەوتەکانی بکەنە سەردێڕی وانەی فیداکاری و هەرمان.
شەهید تەها سوور پێشمەرگەیەکی چاونەترس و قارەمان، فەرماندەیەکی جیددی و بە پرەنسیب و قاتیع، شۆرشگێڕێکی دەست و داوێن پاک، خەباتیەکی خاکی و خەڵکی و مرۆڤێکی دڵ و دەروون پاک و لێبووردە بوو. لە مەیدانی جەنگدا بە هەیبەت و سام و وەکوو شێر هەڵمەتی دەبرد بە جۆرێک پاسدار و چڵکاوخۆران لە ترسی تەهاسوور چۆکیان دەشکا و هێزی مانەوەیان لە مەیدان نەدەماو دەبوونە ئاردی و نێو دروان و کونی مشیکان لێدەبوو بە قەیسەری.
مخابن ئەو رۆڵە قارەمان و بە هەیبەتەی کوردستان و سازمانی خەبات لە ڕۆژی19ی بانەمەڕی 1364ی ک خ، لەکاتی بەرەورووبوونەوەی هێزی داگیرکەر لە دوورەوە دەکرێتە ئامانجی نیشانەشکێن و جەستەی شەڵاڵی خوێن دەکرێ، بەو حاڵەش ناهێڵێ هاورێکانی بزانن پێکراوە بێ دەنگ مەیدانی جەنگەکە جێ دێڵێ و دوای چەند سەعاتێک دڵە پڕ لە ئاواتەکەی لە لێدان دەکەوێ و سەنگەری خەباتی مافخوازانەی کوردستان دەکاتە دیاری بۆ هاوڕێکانی.
یادی 37 ساڵەی شەهیدکرانی شەهید تەهاسوور بەرز و بەرێز و رۆحی شەهیدانی هاوڕێی و تێکڕای شەهیدانی کورد و کوردستان شاد و رێ و رێبازیان ئاوەدان بێ.