پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی لاوان لە خەبات و تێکۆشان

ڕۆڵی لاوان لە خەبات و تێکۆشان

ئازاد حوسەینزادە
کاتێک باس لە ڕۆڵی لاوان لە خەبات و تێکۆشاندا دەکرێ زیاتر لە هەر شتێک چالاکی لە بواری مەیدانی‌دا وەک بەشداری کردن لە شەڕ، خۆپێشاندان یانیش نواندنی هەر فۆرمێکیتری چالاکی بە شێوازی فیزیکی دێتە بەر زەین. لە ڕاستیدا ئەوە ساکارترین فۆرمی چالاکیە کە دەتوانین بۆ گەنجانی دەستنیشان بکەین. ڕەنگە ئەوەی زۆر گرینگتر بێ لەو شێوازە لە چالاکی، بەشداری گەنجان و لاوانە لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بە هەڵسەنگاندن و ڕەچاوکردنی دۆخی هەنووکەیی و شڕۆڤەیەکی گشتگیرانە و دەست نیشانکردنی ‌ئامانجی درێژخایەن و کورتخایەن و هەروەها ڕێبازی دەستنیشانکردن و مێتۆدی کارکردن بۆ گەیشتن بە کۆی گشتی ئامانجەکانە. تایبەتمەندی سەردەمی گەنجی سنووربەزاندن و شڕۆڤەکردنی ڕاستەقینەیە لە سەر تێگەیشتنی باو و زاڵ لە کۆمەڵگادا. کەسایەتی گەنج بە دوورە لە گوێڕایەڵی و پەژراندنی بێ بنەما و نالۆژیکی. گەنج بوون وەک کاراکتێر گومان کردنە لە سەر لەبەری ژیان و سێستێمی سیاسی و تەنانەت ئاینیش.
ئامانجی ئەو کورتە نوسراوەیە بەگشتی باڵکێشانە سەر ڕوانگە و دونیابینی گەنجانە، نەک چۆنیەتی جێگرتنی ئەوان لە ناو ڕێکخراوە و پارتە سیاسیەکاندا. دیارە مژاری دوویەمیش شیاوی گرینگیە بەڵام لێرەدا باڵ دەکێشینە سەر مژاری یەکەم وەک بابەتێکی کەمتر کار لە سەر کراو و نرخێندراو.
سەرەکیترین بابەتێک کە ڕەنگە بتوانێ گەنجان لە چینەکانی تری کۆمەڵگا جیا بکاتەوە بوونی هێز و پۆتانسێلی بەرفراوانە بۆ کار و چالاکی. لە چالاکیە فیزیکیەکانەوە بگڕە تا دەگا بە بابەتە هزری و کۆمەڵایەتیەکان. سەردەمی گەنجی سەردەمی هێز و ئێنێرژی ناکۆتایە. گرینگە بە شێوەیەکی گشتگیر بنەڕەتی هەوڵ بدرێ بۆ ئاراستە کردنیان بە ڕێبازێکی درووستدا تا بۆ ئەرکی ڕاستەقینەیان واتا خاوەنداری لە کۆمەڵگا ئامادە و تەیار بن.
بوونی پەروەردەی درووست و گونجاو و سپاردنی ئەرک و بەرپرسارەتی بە لاوان مژارێکی گرینگ و حاشاهەڵنەگرە. لاوان تەنیا بە بەشداری کردن لە بەڕێوەبەری و ناوەندەکانی بڕیاردان دا دەتوانن وەک پێویست بۆ بەرپرسیارەتیەکانی داهاتوو ئامادەبن. هەبوونی دەرفەتی بەرانبەر و وەک یەک هەروەها هەوڵنەدان بۆ کاریگەری دانان لە سەر شێواز بیرکردنەوە و کوشتنی جیاوازیەکان زۆر گرینگە. ئەشێ تێبکۆشین لاوان بە پێی هێز و خولیا و ویستیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا بەشداری پێبکەین.
تێگەیشتنی لاوان زۆرینەی جار تێگەیشتنێکی بەرهەڵستکارانە و ڕەخنەگرانەیه. گرینگه ئەوە وەک دەرفەتێک بۆ هاتنەئارای بیری نوێ و تێگەیشتنی بەڕۆژ و سەردەمیانە بەکار بێنین. پێویسته بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ لاوان هەوڵبدرێ هەست بەرپرسیارەتی لەواندا پەرەی پێبدرێ، نەک بە پشتگوێ خستنیان ببینە هۆکاری تاراندن و دوور خستنەوەیان.
شێوازی و دەرفەتی خەباتی لاوان بەرفراوان فرە ڕەهەندن. لێرەدا دەتوانین وەک پشنیار یان سرنج خستنە سەریان ئاماژە به چەند خاڵێک بکەن:

بوونی ناوەندی لێکۆلێنەوەی ستراتێژی و نەتەوەیی لاوان بە دوور لە هەر جۆرە تێگەیشتنێکی زاڵ و باوی سیاسی پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە.

هەوڵدان بۆ دامەزراندن و بەرفراوان کردنی ناوەندە زانستیەکان لە نێو لاواندا

میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە لاوان و چالاکیەکانیان دەتوانێ دەنگێ لاوان بگەیێنێتە هەموو سوچێکی وڵات
هەبوونی بەرنامە و پلان بۆ بەشداریپێکردنی لاوانی کورد ناوخۆ و دەروە لە چالاکیەکانی لاواندا و هەروەها خەباتی گشتی.

بوونی نوێنەری شیاوی لاوان لە ڕێکخراوە سیاسی و نەتەوەیەکاندا بۆ کاریگەری لە سەر ئەو ڕێکخراوانە و بڕیارەکانیان.



2 ساڵ و 6 مانگ و 11 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 24 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕۆڵی لاوان لە خەبات و تێکۆشان

ڕۆڵی لاوان لە خەبات و تێکۆشان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن