خەبات مێدیا: بانگهێشتی بەرفراوانی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران.
بە پێی هەواڵدەری هەنگاو ڕۆژی پێنج شەممە 22ی بانەمەڕی 1401سەدان ڕۆژنامەوان، چالاکی مەدەنی کورد لە شارەکانی مێهران، ئیلام، دێهلوڕان، کرماشان، جوانڕۆ، ڕەوانسەر، سنە، سەقز، مەریوان، بانە، دیواندەرە و سەردەشت، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن سپای تیرۆریستی پاسداران و ئیتلاعات بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە.
شایەنی باسە کە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڕەشەیان لە ڕۆژنامە نووسان و چالاکانی مەدەنی کورد کردووە کە بە هۆی ئەو دۆخە تایبەتەی لە ئێستادا بەسەر ئێران دا زاڵە، دەبێت لە هەر نەوعە ڕاگەیاندن و وتووێژێک لەسەر دۆخی گرانی و ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان خۆیان بە دوور بگرن. جوێ لەوە ئەم کەسانە ڕوو بە ڕووی سزا دەبنەوە.
جێی ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنیەکانی ڕژیم لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی، هەڕەشەیان لە شاعیران و نووسەران کرد کە لە سەر ماڵپەرە کۆمەڵایەتیەکان و دونیای مەجازی لەسەر دۆخی گرانی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک قسەیان کردووە و داوایان لێکردون کە هەر بابەتێکیان لەسەر ئەو دۆخە بڵاو کردووەتەوە بیسڕنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا خەڵکی هەندێک لە شارەکانی ئێران دژ بە گران بوونی مادە خۆراکیەکان دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم ناڕەزایەتیانە ڕوو لە زیاد بوون بکات و بەردەوام بێت.