کامیل نورانی فەرد
لە ئاکامی گەمارۆی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی دەوری دەسەڵاتی ئاخوندی، هەر جارەو شاهیدی سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ ئەبین کە ئاخوندەکان لە چارەسەر کردنی دۆش دائەمێنن و ئاکامەکەشی بەرەوسەر چوونی فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵکی هەژار و خوولانەوە لەناو بازنەی تەنگەبەری مەینەتی دەستکردی دەسەلاتدارانی دیکتاتۆرە.
لەماوەی دوو حەوتووی رابردوو دەوڵەتی رەئیسی هەواڵی ئازاد کردنی نرخی ئارد و بەرەوسەر چوونی نرخی پێداویستە خۆراکیەکانی وەک بەرهەمە شیرییەکان، رۆن، مریشک وهیلکەی راگەیاند و لە ئاکامی ئەو راچڵەکاندنە ئابووریە نازانستی و بێ بیرکردنەوەیە خەڵکی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ئێران ڕژانە سەر شەقام و دەستیان دایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندی .
بەڵام هۆکاری ئەو گرانی و شێواندنی بازاڕە لە لایەن ئاخوندانەوە بۆ چی ئەگەڕێتەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە ئەبێ بە شیکردنەوەی رەهەندی دۆخی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و پاشان ناوخۆیی دەسەڵات پێ بگەیین و ئەو دۆخەی ئێستای دەسەڵات و خەڵکی ئێران لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی چەند دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتداریەتی ئاخوندانی تارانە.
چیرۆکەکە بەمجۆرەیە کە لە ئاکامی هەڵسەنگاندنی بووجە ساڵی 1401 دەرکەوتووە کە 450 هەزار میلیارد کەسری بووجە بوونی هەیە و ئەو کەسری بووجەیە چارەسەر نەکرێ قەیرانەکان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر پەرە ئەستێنن. تەحریمەکانی نیونەتەوەیی هەر وەک خوی بەردەوامن و دانووستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام لەسەر بابەتی لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ترۆری ئەمریکا وەستاوە و ئەوەی کە باسی لێوە ئەکرێ ئەگەری زۆرە وتووێژە سەرەتاییەکان بۆ جارێکی تر شکست بهێنێ و ڕوون و ئاشکرایە بوونی سپای پاسداران لە ناو لیستی ترۆر بۆ دەسەلات بە مانای بەستنی شادەماری هاتووچۆی خوێنە بۆ جەستەی نەخۆشی دیکتاتوریەتی ئاخوندی و زۆر جار لە لایەن بەرزترین لێپرسراوانی رژیم گرینگی و بایەخی مانۆر و پەرەدانی نفووزی رژیم لە ئاستی جیهان و ناوچەکە وەبیر هێندراوەتەوە و بۆیە هەر گۆرانکاریی و قەرەبووی کەسری بووجەیێک نابێ لەسەر حیسابی پشتیوانی لە گرووپە ترۆریستیەکانی ناوچەکە بێ. ئەوەی کە باسی لێوە ئەکرێ تەنانەت رژیم لە دابینکردنی بووجە بۆ تاقمە ترۆریستیەکانی پشتیوانی وەک حیزبولای لوبنان تووشی کێشە بووە و داوای زیادکردنی بووجە لە لایەن حیزبوللاوە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستیە. لە لایێکی ترەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی لوبنان گروپی ترۆریستی حیزبوڵلا گەورەترین شکستی خوارد و زۆرینەی پەرلەمانی لەدەس دا و لە بەشی باشووری ئەو وڵاتە کە بە پێی نەریت هەمیشە دەنگی زۆری هیناوە ڕێژەی دەنگەکانی بۆکەمترین دەنگ دابەزی. لە لایێکی ترەوە ئیسرائیل لە چوارچێوەی سیاسەتی نزیک بوونەوە لە وەڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان خەریکی دەرفەت دروست کردنە و بەردەوام خەریکی دیپلۆماسی و بەرنامە ڕێژی بۆ کەمکردنەوەی ئوتۆریتەی رژیم لە هێندیک وەڵاتی وەک عێراقە کە نفووزێکی زۆری هەیە. لە وەڵاتی سوریاش لە پاش سەرقاڵ بوونی روسیە بە شەری ئوکراین بە پێچەوانەی بیرکردنەوەکان کە ئەوترا رژیمی ئاخوندی ئەو بۆشاییە پر ئەکاتەوە بە عەمەلی لە لایەن ئیسرائیل و هێرشە بەردەوامەکانی لەدژی هێزەکانی رژیم ئەو خەونە بۆتە بلقی سەرئاو . هەموو ئەو کەشە رژیمی هێناوەتە سەر ئەو باوەرەی ئەگەر تێچوویەکی زیاتر لە ئاستی ترۆریسمی نیونەتەوەیی بە کار نەهینێ رۆژ لەدوای رۆژ پێگەکانی لەدەس ئەدا و بۆیە بژاردەی قەرەبووی کەسرییەکان لەسەر حیسابی سیاسەتی ترۆریسمی ناوچەیی بە تەواوی پووچەل وتەنانەت پێویستی بە قەرەبوو و تەرخان کردنی پارەیێکی زیاتر بۆ ئەو بەشەیە.
گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بەردەوامە و دەسەڵات دەیهەوێ هەموو هەوڵێکی خوی بدا بۆ ئەوەی لانی کەم مەیدانی ناوچەیی و پشتیوانی لە گرووپە ترۆریستیەکانی لێ نەستێندرێتەوە و لە ئاستی ناوخۆیی کەسری بووجە هەیە. لە حاڵەتێکی وا ئاسانترین بژاردە دەسدرێژی بۆ داهات و ژیان و بژیوی خەڵکە و لەئاکامی ئەو بیرکردنەوەیە پیلانی نەشتەرگەری ئابووری لە لایەن دەوڵەتی رئیسی جەلاد دەستی پێکردووە.
ئەوەی کە تا ئێستا ئەبیندرێ و زۆرێک لە ئابووری ناسانی تەنانەت نزیک لە دەسەڵات باسی لێوە ئەکەن ئەو پرۆژەیە ئەبێتە هۆی کێشەی زیاتر بۆ دەسەلات و لابردنی ئەرزی تەرجیحی و سووبسید لەسەر شت ومەک و پاشان لە رێگەی پێدانی پوولی مانگانە لە ژێر ناوی یارانە بە بێ بوونی بەستێنی لەبار و پشتیوانەی پێویستی ئابووری تەنیا پووڵ و نەقدینەگی لە کۆمەڵگا دروست دەکات و ئەوەش هەڵاوسان پەرە پێ ئەدا. دەسەڵات ئەیهەوێ کەل و پەل و پێداویستیەکان بە نرخی ئیستانداردی دولاری جیهانی بێ، بەلام حەق دەست و مەعاشی خەڵک بە نرخی بێ بەهای تمەنی ئاخوندی بێ.
بێگومان لە رەوشێکی وا دا ناهاوسنگیەکی زۆر دروست دەبێ و ئاکامەکانی خراپتر بوونی رەوشی ئابووری کۆمەڵگا و تێکچوونی ژیانی خەڵکە. دەوڵەت بە درۆی خوی ئەیهەوێ پێش بە قاچاخی کەل و پەل و شت و مەک بگرێ و ئەو پارەیەی قەرارە لەچوارچێوەی سووبسید بدرێ راستەوخۆ ئەخریتە حیسابی خەڵک .بەلام ئەو وتەیە لەکاتێکدایە کە سپای پاسداران و بەشێکی زۆر لە ئاغازادەکان و کەسانی ناوبازنەی دەسەلات لە پشتی ئەو رەوشە نەبوونایە و لەراستیشدا بتواندرابا پێش بەو رەوتە بگیردرێ. کورتکردنەوەی دەستی سپای پاسداران لەو بەستێنە واتای بەرزبوونەوەی ئەگەرەکانی کوودتا و هەڵگەرانەوەی ئەو هێزەیە کە تاکە پشتیوان بۆ مانەوە و بەردەوامی حوکمی نامەشروعی دەسەڵاتی ئاخوندییە. بۆیە سپای ترۆریستی پاسداران و خودییەکانی دەسەلات بەردەوام ئەبن لەسەر تاڵان و برۆی خویان و تەنیا بەرزبوونەوەی چەندین بەرانبەری فشارەکان بۆ سەر خەڵک وەدی دێ.
ئەوەی کە ئەبیندرێ خۆشبەختانە کۆمەڵگا لەسەر بابەتەکان هەڵویست ئەگرێ و لە ئێستاش دا چاوەکان لەسەر جوولەی دەسەلاتە و ئەو خرۆشان و نارەزایەتیە جەماوەرییانە هەر وا بە سانایی کپ نابن و کۆمەڵگا وا بەرەو یەکدەست بوونەوە و ساغبوونەوەی تەوتەواو لەسەر ئەو حەقیقەتە ئەچێ، کە هەتا ئەو دەسەلاتە لەسەر کار بمێنێ هیچ هیواێک بۆ باشتر کردنی دۆخی ژیانی هاوەڵاتیان بوونی نییە و تاکە چارەسەر نەمان و لاچوونی ئاخوندان لەسەر حوکم و هاتنە سەر کاری دەسەلاتێکی دیموکراتیک و خەڵکیە.