خەبات مێدیا: رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 25ی مەی 2022 بەرانبەر بە 4ی جۆزەردانی 1401 تەرمی مامۆستا شێخ رەئوف حوسەینی لە ووڵاتی سوئێد گەرێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە گۆرستانی واژەی کوردستانی عێراق بە خاک سپێردرا.
لەسەر وەسیەتی خوالێ خۆشبێت مامۆستا شێخ رەئوف حوسەینی کە داوای کردبوو لە تەنیشت گۆری پیرۆزی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی رێبەری نەتەوەی گەکەلەکەمان بنێژرێ، بە ئامادەبوونی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و دادە خەجیج هاوسەری مامۆستا،ئەندامانی خانەوادەی مامۆستا شێخ ڕەئوف و ژمارەیەک لە خزمان و دۆستانی خانەوادەی گەورەی حوسەینیەکان، رێورەسمی تەڵقین و ئەسپەردەکردنی بە خاکی گۆرستانی واژە بەرێوە چوو.
لە پاش رێورەسمی تەڵقین کە لە لایەن دکتۆر موحەممەد پێنجوێنی بەرێوە چوو، رێزدار کاک بابەشێخ سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستان وەک گەورەو نوێنەری سەرجەم بنەماڵە چەند وتەێکی پێش کەش بە ئامادە بووان کرد. بەرێز کاک بابەشیخ لە قسەکانی دا وتی: شارباژێر و سلێمانی مەڵبەندی کوردایەتی و مەردایەتی و تێکۆشەرانی قارەمانپەروەرەو ئێمە لێرە خۆمان بە میوان نازانین و خۆمان بە هاوبەش دەزانین، چونکە هەر لەم گۆرستانە قەبری باب وباپیرانمانی لێیە و سەربەرزین بەوەی کە لە نیشتمانی خۆمان دەژین و کەس و کارمان لێرە ئەنێژین . مامۆستا شیخ رەئوف وەسیەتی کرد کە گۆرەکەی بهیندرێتەوە گۆرستانی واژە و ببێتە میوانی مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی چونکە هەم فەقێی بوو و هەمیش سالانێک لە ریزی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران نزیک و هاوباوەر و هاورێبازی بوو و تا دوانەفەس لەگەڵ رێبازەکەی مایەوە. مامۆستا شیخ رەئوف و هەموو هاوچارەنووسەکانی بۆ یەک ئامانجی پیرۆز و بەرز ئاوارە بووین و ریگەی دەربەدەری مان هەڵبژاد، ئەویش بۆ ئامانجی رزگاری نیشتمان. کەسێکی وەک مامۆستا شیخ رەئوف دەیتوانی لەوپەری ئیمکانات دا ژیان بکات بەڵام ئامادە نەبوو سەر بۆ ستەم و دیکتاتۆری دانەوێنی و بۆیە رێگەی خەبات و شۆرش و رێگەی پیرۆزی سازمانی خەبات ی کوردستانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی گەل و نیشتمانەکەی ئازاد بێ. کاتێکیش لە کوردستانی گەرمێن میوان بوو مال و جێگەی ژیانی لە خزمەت هاوەلاتیان و خزمانی بوو و بۆیە گرینگە بەشداریمان کردووە و بێگومان بەشێکی زۆری ئێوەی بەرێز کە لە ژیانی مامۆستا ئاگادارن، دەزانن کە ناوبراو کەسایەتیەکی چەندە بەرزی هەیە و چەندە خزمەتی نیشتمانی کردووە. بەرێز کاک بابەشێخ حوسەینی لە کۆتایی قسەکانی دا ووتی: بە نۆبەی خوم لە لایەن هەموو کەس و کار و بە نوێنەرایەتی خانەوادەی مامۆستا شێخ ڕەئوف سپاسی هەموو ئێوەی بەرێز و خزمانی واژە ئەکەم کە عەزیەتان کێشاوە و گەورەیتان نواند و جارێکی تر خزمایەتی و کەسایەتی خۆتان سەلماندەوە.
لەدوای کۆتایی هاتنی رێورەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی مامۆستا شیخ رەئوفی حسێنی دوانیوەری هەمان رۆژ لە مزگەوتی حاجی جەلای ئاسنگەر لە شاری سلێمانی رێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ داندرا و رێزدار کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کوڕانی مامۆستا شێخ رەئوف پێشوازییان لە خەڵک کرد.