خەبات مێدیا: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 18ی جۆزەردان، شۆرای دەسەڵاتدارانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکەیی بە دەنگی زۆرینە، بڕیارنامەیەکیان لە دژی ئێران پەسەند کرد، کە لە ناوەڕۆکی ئەم بڕیاڕنامەیەدا، ڕەخنە لە هاوکاری نەکردنی ڕژیمی ئێران لەگەڵ ئەم دامەزراوە، گیراوە.
ڕژیم تاوانبارە بەوەی کە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی دۆزرانەوەی ئۆرانیۆم لە سێ شوێنی ناوکەیی کە پێشتر ڕاینەگەیاندووە، نەداوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، 30 وڵات بەم بڕیارنامە دەنگی ئەرێنیان داوە و هەروەها چین و ڕووسیا دەنگی نەرێنی و وڵاتانی هێند، پاکستان و لیبی بێ لایەن بوون.
هاوکات عەرەبستان ڕایگەیاند: ڕژیمی ئاخوندی لە هێمنی و سەبووری وڵاتانی ئەندام لە بەرجام بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامی ناوکەیی خۆی کەڵکی نابەجێ وەردەگرێ و داوای لە ڕژیم کرد بەخێرایی هەموو بابەتەکان چارەسەر بکات.
هەروەها لەم بڕیارنامەیەدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە وڵام نەدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن ڕژیمی ئێران، داوا کراوە تا بەبێ بەفێڕۆدانی کات لەگەڵ ئاژانس هاوکاری بکات.
پشکێنەرانی ئاژانس، تائێستە سێ شوێنی گوماناویان لە ئێران دەستنیشان کردووە کە یەک لەوانەی لە شاری مەریوان و یەکێکی دێکە لە تورقوزئاباد لە دەوروبەری شاری تاران و ئەوەی دیکە لە شاری وەرامینە.
شایانی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو ڕژیم لەگەڵ ئاژانس ڕێکەوتبوو تا لە کاتێکی سێ مانگەی دیاریکراو وڵامی پرسیارەکانی ئاژانس بداتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکەیی باس لە پێشێلکردنی بەڵێنەکان لەلایەن ڕژیمی ئێران کراوە.