خەبات مێدیا: بەردەوامی ناڕەزایەتی کاسبکاران و چین و توێژەکان لە شارەکانی ئێران.
ڕۆژێک دوای ناڕەزایەتی کاسبکاران لە چەند ناوچەیەکی تاران و هەروەها ئەراک، کاسبکارانی شاری کازروونیش لە پارێزگای فارس و هەروەها کاسبکارانی شەقامی لالەزاری تارانیش پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتیانە.
هاوکات ناڕەزایەتی خانەنشینان لە شارە جیاجیا کان دەستی پێکرد.
بەپێی ڕاپۆرت و وێنە بڵاو کراوەکان، گرووپێک لە کاسبکاران لە ناوچەی لالەزاری تاران ڕۆژی دووشەممە 23ی جۆزەردان، لەگەڵ داخستنی دووکانەکانیان ڕژانە سەر سەر شەقامەکان و داوایان لە کاسبکارانی دیکەش کرد دووکانیان دابخەن و ناڕەزایەتی خۆیان دژ بەو دۆخە دەربڕن.
هەروەها ئەو ویدیۆ و ڕاپۆرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەکان بڵاو کراونەتەوە نیشان دەدەن، گرووپێک لە کاسبکاران لە شاری کازروون لە پارێزگای فارس، ڕۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ داخستنی دووکانەکانیان دەستیان دایە مانگرتن و هاتنە ناو گۆڕەپانی بازاڕی ئەو شارە و دروشمی مەرگ و نەمانیان دژ بە دەسەڵاتداران وتەوە.
جێی ئاماژەیە وێنە بڵاوکراوەکانی ناڕەزایەتیەکانی چین و توێژەکانی خەڵکی کازروون باس لەوە دەکەن کە هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ نەهێشتنی ڕۆژانەی مانگرتنی کاسبکارانی ئەم شارە، هەڕەشەیان لە کاسبکاران کردووە و پێیان وتوون ئەگەر نەچنەوە ماڵەکانتان ڕوو بەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
یەکێک لە هۆکانی مانگرتنی خەڵک، بەرزبوونەوەی ماڵیاتە بەڵام ئەم مانگرتنانە لە زنجیرە ناڕەزایەتیە گشتیەکان لە ئێران لە چەند حەفتەی ڕابردوو دەستی پێکردووە و لەگەڵ دروشمگەلێک دژ بە دەسەڵاتداران بەردەوام بووە.
هەروەها ڕۆژی یەک شەممە کاسبکارانی ئەراک و کاسبکارانی سێڕای ئەمین حزووری تاران دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی و لە ڕاگەیاندنەکانیش داوایان لە کاسبکارانی شارەکانی دیکەش کرد بێنە سەر شەقامەکان و دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی.
هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی کاسبکاران لە ڕۆژی دووشەممە، خانەنشینانیش لە شاری دوو روود لە پارێزگای لوڕستان بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و ڕەئیسیان وتەوە.
هەروەها لە ئەهوازیش گرووپێک لە خانەنشینان لە ناڕەزایەتی بە کەم بوونی مووچەکانیان لە بەر پارێزگای خووزستان کۆ بوونەوە.
لە بەندەر عەباسیش گرووپێک لە خانە نشینانی ناڕازی بە کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگای ئەو شارە، درووشمگەلێکی ڕووخێنەریان دژ بە دەسەڵات دارانی ڕژیم وەتەوە.
لە هەندێک لە شارەکانی دیکەی ئێران ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی چین و توێژەکان دژ بە گرانی و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات، خراپ بوونی دۆخی ژیان دەستی پێکردووە.