شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیێکی کەم ئەندامی سازمانی خەبات، لە وڵاتی سوئێد

کۆچی دوایی پێشمەرگەیێکی کەم ئەندامی سازمانی خەبات، لە وڵاتی سوئێد

 


خەبات مێدیا: ڕۆژی دووشەممە ۳۰ مانگی مای ۲۰۲۲ زاینی، کاک ڕەئوف ڕەسوڵی، ناسراو بە ڕەئوفی مامە دێوانەی گوندی شیوەڵە لە ناوچەی بانە، کۆچی دوایی کرد.



کاک ڕەئوف لە دوای دامەزرانی سازمانی خەباتەوە، لە ڕیزەکانی سازمان دا چەکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی بۆ دیفاع لە نەتەوە و نیشتمان لە شان کرد و لە هێزی پێشمەرگە سازماندرا. کاک ڕەئوف لە ڕاپەڕاندی ئەرکی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا کەسێکی دڵسۆز و پێشمەرگەیێکی بەنەزم و بە ورە و نموونەی پارتیزانێکی لێوەشاوە و هاوسەنگەرێکی خەمخۆری هاوباوەڕ و هاوڕێبازانی بوو. لە چەندین شەر و چالاکی پێشمەرگانە لە دژی بەکرێگیراوانی ڕژیم زۆر ئازایانە بەشداری دەکرد. بە داخەوە لە شەڕی بەناوبانگ و حەماسی بەردەسوورانی پشتی زێویەو گشکەسە، دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە سەختی بریندار دەبێ و ئەم برینداریەش بوە هۆی فەلەج بوونی و دوای سێ ساڵ کە لە نەخۆشخانەکانی ئەودەم چارەسەری بۆ نەکرا، سازمانی خەبات لە ساڵی ۱۳٦۳ی کۆچی خۆریدا لەگەڵ هاوڕێکی تر ی کەم ئەندامی سەنگەر، بە مەبەستی چارەسەر، ڕەوانەی وڵاتی سوئێدی کردن. کاک ڕەئوف دوای بەسەر بردنی ماوەیێکی زۆر لە نەحۆشحانەکانی سوئێد لە ژێر چاوەدێری دوکتور دابوو، بەڵام بەداخەوە چارەسەری کەم ئەندام بوون و فەلەجیەکەی نەکراو هەر بە کەمئەندامی لە ژیاندا مایەوەو بە بەردەوامی لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا لە سوئێد لە ژێر چاودێری پزیشکی دابوو.



کاک ڕەئوف سەرەڕای کەمئەندامی نەخۆشی سەختی دیابێت ی هەبوو و بەم هۆیەوە لەم ساڵانەی ئاخری دا چاوێکیشی لە بینانی کەوتبوو. سەرئەنجام دوای نزیک بە سی و نۆ ساڵ نەخۆشی و کەم ئەندامی، دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و لە تاراوگە و لە وڵاتی سوئێد چاوە چاوەڕوانەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ زێد و نیشتمان، لێکنان و ماڵاوایی لە ژیان و کەس و کار و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کردو گەڕایەوە بەر دیوانی پەروەردگای خۆی.



ڕێکخستنەکانی دەرەوەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی زۆر بۆ کۆچی دوایی ئەو هاوسەنگەر و پێشمەرگەیە، سەرەخۆشی لە ئەندامانی بەڕێزی بنەماڵەکەی و تێکرای خزم و کەس و کار و باوباوەڕان دەکات. هیوادارین و لە خوای گەورە داواکارین کە ڕۆحی کاک ڕەئوف بە بەهەشتی بەرین شاد بکاو، سەبووریش ببەخشی بە کەس و کار و نزیکانی.



ڕێکخستنەکانی دەرەوەی



سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران


2 ساڵ و 4 مانگ و 29 ڕۆژ و 18 کاتژمێر و له‌مه‌وپێش‌

کۆچی دوایی پێشمەرگەیێکی کەم ئەندامی سازمانی خەبات، لە وڵاتی سوئێد

کۆچی دوایی پێشمەرگەیێکی کەم ئەندامی سازمانی خەبات، لە وڵاتی سوئێد



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن