پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران


یادی سەروەری گەل: شەهید محمد ڕەسوڵ فروغی ناسراو بە ( هێرش )



سیامەند



ئەو کەسانەی لە ڕێگەی نیشتمان و بۆ گەیشتن بە ئازادی گیانی خۆیان فیدا دەکەن، ئەو مرۆڤانەی کە لە ڕێگای ئاسایشی خەڵکەکەیان و بۆ لەناوبردنی ستەم و زاڵمان لە ماڵ و ژیان و هەموو ئاواتەکانیان چاوپۆشی دەکەن تاجی سەرن و نیشتمان و جەماوەر پێ‌ یان سەربەرزە. بێگومان جیاوازی نێوان خەباتکاران و ئەوکەسانەی کە تەنیا بیر لە خۆیان و ژیانی خۆیان دەکەنەوە، زۆرە. ئەوەش ژیانێک کە لە ژێردەسەڵاتی زوڵم و بوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر شەرەفی خۆیان و هاونیشتمانانیان هەیە. بێگومان ڕەوا نیە کەسانی خەباتکار و بەشدار، لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، کە لە ڕێگای ئازادی نەتەوەو دیمۆکراسی و مافی ڕەوای خەڵک تێدەکۆشن ،لەگەڵ کەسانی بێ ئیرادە و ترسەنۆک بەراورد بکرێن. ئەوانەی وا هیوایان ئازادی و گەیشتن بە مافەکانیان و ئازادی نەتەوەیانە، لە کوێ و ئەوانەی وا بێ ئیرادە و بێ باوەڕن لە کوێ. سازمانی خەبات پێشەنگی بەشێکی خەڵکی کوردستانە، کە زیاتر لە 40 ساڵە خەباتی بێوچان و پڕ لە شانازی خۆی، دەیان سەربەرزی و داستانی کەم وێنەی لە خەبات لە بەرانبەر ڕژیمی ملهۆڕی ئاخوندی بەدەست هێناوە و گیانی دەیان ڕۆڵەی فیداکار، خۆڕاگر و نیشتمان پەروەری پێشکەشی کورد و کوردستان و جوڵانەوەی ئازادیخوازی دژ بە ڕژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی کردوە. بەڵێ ڕێبوارانی ڕێگەی سەربەرزی و ئازادی لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، وەکو کەسانی بلیمەت و کەسانێک کە بێجگە لە ئازادی و بەختەوەری خەڵک و ڕزگاری و خەبات دژی ڕژیمی سەرکوتگەر و ناڕەوای ئاخوندی، ئامانجێکی دیکەیان نییە.



بەڕاستی ئەم کەسانە دەبێ وەکو گوڵی سەرسەبەد و جێگەی ئۆمیدو هیوای خەڵک چاویان لێ بکرێ.بێگومان بۆ ناسینی کەسایەتی و ژیاننامەی، خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات نوسینی پڕناوەرۆکی پێویستە، کە ئەو قارەمانانە بە گیان فیدایی و بەخشینی ژیانیان ڕاست و دروستی خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردیان بە دوژمن سەلماند. شەهیدان نەک هەر خۆیان ،تەنانەت بنەماڵەشیان، خاوەن بیرو هزری شۆڕشگێرانە بوون و لە کاتی شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان سەبوریان هەبوە و بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیان شانازیان کردوە. ئەم شێوە بیرو بۆچونە مایەی دڵگەرمی و دڵخۆشی بوە و ڕێگەی حەستەمی خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی ئەم شەهیدانە، ئاسانتر و هێز و توانایان بۆ درێژەدان بە خەبات زیاتر کردوە. شەهید کاک محەممەد ڕەسوڵ فروغی ناسراو بە "هێرش"یەکێک لە شەهیدانی بلیمەت و سەربەرزی ڕێگەی ئازادی نیشتمان و گەلی کورد و ڕێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات کە بە خوێنی خۆی ڕەوا بوونی ڕێگەی پڕ لە شانازیمانی سەلماندوە. جارێکی دیکە سازمانی خەبات کە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی و پاک و بە دوور لە بیرو هزری بێگانەیە، خوێنی یەکێک لە ڕۆڵە بەهێز و نەبەزەکانی پێشکەش بە خەباتی دژبە ڕژیمی ئاخوندی کرد.



شەهید محەممەد ڕەسول فروغی کوڕی ماموستا مەلا "ساڵحی فروغی "بەردەڕەشی" لە ساڵی ۱۳٥٥ کۆچی خۆری، لەبنەماڵیەکی نیشتمان پەروەر لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و قۆناغی دواتری لە شاری بانە تەواوکرد. شەهید هێرش پێش پەیوەست بوونی بەڕیزەکانی سازمانی خەبات، وەکو کەسێکی نیشتمان پەروەر لەگەڵ سازمانی خەبات هاوکاری دەکرد و لە هەر کات و شوێنێکدا کارو چالاکیەکانی سازمانی خەباتی ڕادەگەیاند. شەهید هێرش لە ماوەی پێشمەرگایەتی خۆی، وەکو پێشمەرگەیەکی وەفادار و دڵسۆز، ئەرک و چالاکیەکانی خۆی بەباشترین شێوە جێبەجێ دەکرد. کاک هێرش بە دوای کۆتایی هێنان بە دەورەی سیاسی و نیزامی خۆی، لە بەشی ڕادیۆ دەنگی خەباتی کوردستانی ئێران، کارو چالاکی دەکرد. ماوەیەک وەکو کادرێکی دڵسۆز چالاکی دەکرد. شەهید هێرش وەکو کەسایەتێکی، خۆش قسەو دڵسۆز لە لای هاوسەنگەرانی خۆی ئازیزبوو، هەمووان ڕێزیان لێدەگرت. شەهید هێرش نمونەی کەسێکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەێیکی چالاک بوو. بەداخەوە سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ۱٦ی پوشپەڕ هەتاوی، لە کاتی مەئموریەتی تەشکیلاتی لە ناوچەی سەرشیو"ی سەقز شەهید کرا. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە شەهید بوونی کاک هێرش فروغی یەکێک لە کادرە دڵسۆزەکانی و چالاکەکانی خۆی لە دەستدا. هەروەها بە شەهیدبوونی کاک هێرش ئەرکی هاوباوەڕان و هاوسەنگەرانی بۆ بەردەوامی ڕێگەی پیرۆز و خەباتی مافخوازانەی گەل، گرنگتر دەکات. هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهید محەممەد ڕەسوڵ فروغی (هێرش)کادری نمونەو وەفاداری گەلی کوردستان و سازمانی خەبات و هەموو شەهیدانی ڕێگەی پڕ لە شانازی ئازادیخوازی و کوردایەتی بێ‌ پەڵە.


2 ساڵ و 4 مانگ و 14 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 53 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن