رۆژی شەممە 25ی پووشپەڕی 1401ی هەتاوی، لە دوای راگەیاندنی حوکمی هەتاهەتایی بەسەر حەمیدی نووری مۆرەی تاوانکاری رژیم لە ساڵی 1367، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لەلایەن دەفتەری شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە شاری ستهۆکۆڵمی سوئێد رێکخرا.
لەم کۆبوونەوە جەماوەریەدا خانمی مریەمی رەجەوی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی شۆرای ملی مقاومەتی ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە پارڵمانتار و کەسایەتی سیاسی ئوروپایی، بەرپرسانی شۆرای ملی مقاومەت، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون و پەیامیان پێشکەش کرد.
پەیامی رێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەبات لەلایەن کاک رێبواری حوسەینی ئەندامی رێبەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا و لەو پەیامەدا کاک رێبوار وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی حوکمی هەتاهەتایی حەمیدی نووری لەلایەن دادگای ستهۆکۆڵم، باسی چەندین روداو و پێشهاتی دیکەی تایبەت بە ئێران و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران کرد.
شایانی گوتنە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و کادر و ئەندامانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە وەڵاتانی سکاندیناوی بەشداریان لەو گردبوونەوە جەماوەریەدا کرد.
لە دوای نزیک بە سێ ساڵ گرتن و دادگایی حەمیدی نووری دادیاری رژیم لە گرتووخانەی گەوهەردەشت و هاوکاری هەیئەتی مەرگ بۆ ئێعدامەکانی هاوینی 67، لەلایەن دادگای ستهۆکۆڵمەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئەو تاوانبارە دیاری کرا.