خەبات مێدیا: کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بەتەقەی ڕاستەخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای ترۆریستی پاسدران لە سنووری سەرتەزێنی بانە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاو کراونەتەوە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممە 5ی گلاوێژی 1401، هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی سپای ترۆریستی پاسداران، لە بنکەی سنووری سەرتەزێنی سەر بە شاری بانە تەقەیان لە 3کۆڵبەر کردووە کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی شێرکۆ چاوشینی تەمەن 32ساڵان، باوکی دوومنداڵ و خەڵکی ورچکی سەر بەشاری سەردەشت دەکوژرێت و دوو کۆڵبەری دیکەش بە بەسەختی بریندار دەکرێن.
جێی ئاماژەیە کە درەنگانێ شەوی چوارشەممە خەڵکی شاری بانە بۆ بەخاک سپاردنی شێرکۆ کە بە دەستی هێزە سەرکوتکەر و تاوانکارەکانی خامنەیی کوژرا، بێ هیچ ترس و سڵ کردنەوەیەک بەشداریان لە ناشتنی تەرمی شێرکۆ چاوشینی دا کرد.
شایەنی باسە، کە هێز سەرکوتکەرەکان لە ترسی سەر هەڵدانی ناڕەزایەتی خەڵک، هێزێکی زۆری سپای ترۆریستی پاسداران بە جلی مەدەنی لە مەراسمی ناشتنی کوژراوەکە حازر بوون.