سەروەری گەل: شەهید ئەحمەدی فاتمی
نوسینی: مامۆستا پەژار
یادی سەروەران یادی شەهیدانە و هەموو دەمانە، یادی شادی وخەمانە.
لە شادیدا جێیان دیارە، بۆ خۆیان دەستیان لە ژیان بەردا، کە ژیانی سەربەرزانە بۆ گەل پێک بهێنن. چەکی شەرەفیان هەڵگرت کە شەرەفی گەل بپارێزن. ئەو شەهیدانە کە ژیانی کەم ماوەی خەباتیان پێ بە بایەختر بوو لە ژیانی درێژی ژێر دەستی و کۆیلەیەتی، دەستیان لە تەمەنی درێژی کۆیلەیەتی بۆ هەتا هەتایە بەردا. ئەو سەروەرانەی کە سەریان بەردە بازی رێگای ئازادییە و لافاوی خوێنیان، ڕوخێنەری کۆشکی بێدادیە، لە خۆ دەبوورن و لە مافی گەل نابوورن. دڵیان گەورەیە، هێندەی بەرزایی کوردستان هیوایان بەرزە. هەر کام لەوانە بە لەش ئادەمیزادێکن، بەڵام بە هیواو ئامانج گەلێکن. بەڵێ ئەوانەی بۆ قازانجی گەل و دژایەتی ستەمگەران دێنە مەیدانی خەباتەوە، دەکەونە ڕێی هات و نەهاتەوە. دەبنە خەباتگێڕ و پێشمەرگەو مەرگی خۆیان پێش مەرگی خەڵک دەخەن، لە ڕێی ئازادی و بەختەوەری گەلی کورددا سەری خۆیان دادەنێن. ئەوانە یادیان زیندووە لە دڵاندا و لە بیر ناچن. کتێبی یادی سەروەران بە نۆرەی خۆی ئەرکی یادیان لەسەر شان دادەنێ، کە دڵی زۆرتر بە یادی وان ئاوەدانتر دەکاتەوە، تا برا و خوشکانی کورد سەروەرەکانی خۆیان بناسن و بزانن چەندەن ئەو شێرە کچ وکوڕانەی کوردستان کە خۆیان فیدای کوردستان کردوەو بزانن کام ئاوەدانی زیاتر ئاوەدانە بە گیانی شەهیدانی سوور خەڵات. کام دێ و کام شار ڕۆڵەی زیاتریان پێشکەش کردووە بە کۆڕی شەهیدانی خەبات. کام دێ هەیە هێندەی ( دێی ساوان ) سەربەرزی ناو ئاوەدانیانی کوردستان بێت و هێندەی شەهید ناردبێتە ناو کۆڕی شەهیدانی خەباتەوە. کام دێ هەیە هێندەی نۆرە هەبێت لە گۆشەی یادی سەروەرانی سازمانی خەباتدا و هێندەی ناوبانگ هەبی و ناوکردبێ بە شەهیدەوە. بەڵێ ئەمڕۆش نۆرەی سەروەرێک لە سەروەرەکانی (ساوانە). شەهید ئەحمەد فاتمی ناسراو بە ئەحمەد ساوانی، کوڕی عەبدوڵایە خەڵکی دێی(ساوان ) لە بنەماڵەیەکی جوتێر لە دایک بوو. تا پۆلی یەکی ڕاهنمایی لە قوتابخانەی ساوان خوێند، پاشان لە بەهاری ساڵی 1362 دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کورستانی ئێرانەوە. لاوێکی ژیر و لە سەرەخۆ و بە باوەڕ بوو. دوای ڕاهێنان و بارهاتن بە ئەرکی پێشمەرگایەتی شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی لە بەرنامەکانی جەنگی پارتیزانیدا لە خۆی بردوو بەشدار بوو. لە ناو هاوەڵاندا، بە لاوێکی ژیر و بە باوەڕ دەناسرا. لە سەرەتای لاوییەوە ئارامی و لە سەرەخۆیی پیاوێکی گەڕاوە و خاوەن ئیحترام بوو لە ناو هەڤاڵان، زۆر جێی هیوا و هومێد بوو بۆ هەڵگرتنی ئەرکی زیاتر لە شۆڕشی ڕەوای گەلەکەماندا. بە داخی گرانەوە لە ڕۆژی 12/گەلاوێژی/1363 دا لە دێی ( کەپرەسەن)، لە ناوچەی پاش ( ئاربابا)ی بانە، بە گوللـەی تفەنگی پێشمەرگەیەک کە بە دەستیەوە دەرچوو برینێکی کاری هەڵگرت و لە کاتی ڕاگوێزتنیدا پێشمەرگەو هێزی هاوڕێ کەوتنە بەر گەمارۆی دوژمنی داگیرکەر و وەک ئاوی باران گوللەی تۆپ و خومپارە بە سەریاندا باری. شەهید ئەحمەد وەک پێشمەرگەیەکی ساغ ورەی بەرز بوو، دوای ڕزگار بوون لە هێرشی دڕندانەی دوژمن لە کاتێکدا کە بزەی شادمانی شەهادەت و سەڵامەت بوونی هەڤاڵانی لە سەر لێو بوو، گیانی پڕ لە ئیمانی خۆی بۆ کۆڕی شەهیدانی سازمانی خەبات، لە دێی (سیسارگ لە ناوچەی سوورکێو)، چۆوە باوەشی نیشتمانی خۆشەویستەوە.
هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی کوردستان و شەهید ئەحمەد ساوانی