چوار مامۆستای دەست بەسەر کراو و خەڵکی شاری دیواندەرە، بە نێوەکانی ئومێد شا محەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەروێز ئەحسەنی و کاوە محەممەد زادە سەرەڕای تێپەڕ بوونی دوو مانگ لە گیران هەتا ئێستاش هەر لە بەندیخانەی ناوەندی ئیتلاعاتی شاری سنەدان.
بە وتە سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لە بنەماڵەی ئەم چەند مامۆستایە، ئەوان لە دوو مانگی پێش ئێستا لە مافی دەست پێ ڕاگەیشتن بە پارێز و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێ بەش کرابوون.
جێی باسە کە ئەم چەند مامۆستایە لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەکانی ڕژیم، بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم تۆمەتبار کرابوون. هەروەها دادگای بەناو ئینقلابی ڕژیم لە شاری سنە بۆ ئازادی ئەم چەند مامۆستایە بڕیاری دانانی بارمتەی 500ملیۆن تمەنی دەرکردووە، بەڵام سەرەڕای دانانی ئەم بارمتەیە لەلایەن بنەماڵەی ئەم چەند مامۆستا گیراوە، دادگای ئەم شارە خۆی بە دوور گرتووە لە بڕیاری نامەی ئازادی ئەم چەند مامۆستایە.
شایەنی باسە کە ڕۆژی چوار شەممە 25ی جۆزەردان پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سینفی مامۆستایانی کوردستان، لەقی دیواندەرە بە نێوەکانی ئومێد شا محەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەروێز ئەحسەنی و کاوە محەممەد زادە، بێ هیچ بەرگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەست بەسەر کران.
بەپێی گوتەی بنەماڵەی ئەم چەند مامۆستایە، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چەند مامۆستایە و لەگەڵ گیران و لێدان دەستیان کردووە بە گەڕانی ماڵەکانیان و تەنانەت سووکایەتیشیان بە هاوسەری دوو کەس لەو مامۆستایانە کردووە.