پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی سازمانی خەبات بە بۆنەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان

راگەیەندراوی سازمانی خەبات بە بۆنەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان

 

 


خەڵکی ماف ویست و خۆراگری کوردستان!



هێز و لایەنە تێکۆشەرەکانی کوردستان!



کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!



خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان و ئێران!



لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری، خومەینی رێبەری رژیمی ئاخوندی فتوایەکی نارەوای دژ بە خەڵکی کوردستان راگەیاند و فەرمانی بە تێکڕای هێزەچەکدارەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر کوردستان.



خومەینی بەو فەرمانەی، هەوڵیدا ویستی نارەوا و چەوتی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێ و جارێکی دیکە کورد و تێکڕای کوردستانیان تووشی چارەنووسێکی حەستەم و دژوار بکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە کورد لە راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی پاشایەتی چالاکانە بەشداری کرد و لەڕوخانی ڕژیمی شادا دەوری کاریگەری گێڕا. خەڵکی کوردستان هومێده‌‌‌وار بوون بە ڕوخانی ڕژیمی حەمەڕەزاشا بە ماف و ئازادیەکانی خۆیان و داهاتوویەکی گەش و دوور لە چەوسانەوەو سەرکوت دەگەن، بەڵام لە دوای سەرکەوتنی شۆرش و هەڵاتنی شای گۆربەگۆر، هێشتا ئاهەنگی سەرکەوتن لە کوردستان لە گەرمەی خۆیدا بوو کە بە پێچەوانەی خەون و ئاواتەکان، بەداخەوە گەلی کورد تووشی هەڕەشەی دەسەڵاتی ئاخوندان بوویەوەو کوردستان کەوتە بەر هێرشی هەمەچەشنەی هێزی پاسدارو هێزە سەربازیەکانی دیکەی دەسەڵاتی ئاخوندی.



فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا بوو کە کوردستانیان و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی و لەسەروویانەوە مامۆستا شێخ عزەدین رێبەری هەیئەتی دانووستانکار هەموو هەوڵێکیان دا بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ خومەینی بە چارەسەرێکی گونجاو بگەن و کورد بە مافە بنچینەییەکانی خۆی شاد بێ‌، به‌‌‌ڵام خومه‌‌‌ینی و دارو ده‌‌‌سته‌‌‌که‌‌‌ی به‌‌‌ هێرشی ناڕه‌‌‌وا و داگیرکاری و ماڵوێرانی وه‌‌‌ڵامی ئاشتیخوازانه‌‌‌ی گه‌‌‌لی کوردیان دایه‌‌‌وه‌‌‌ و گه‌‌‌لی کورد بۆ جارێکی دیکه‌‌‌ش له‌‌‌ ماف و ئازادیه‌‌‌کانی بێ به‌‌‌ش کرا.



سەپاندنی شەڕ لەلایەن خومەینی و هاوباوەڕەکانیەوە کوردستانیانی ناچار کرد خۆراگری و مقاومەت هەڵبژێرن و لە زێد و خاکی خۆیان پارێزگاری بکەن. بەڵام نارەوایی فتواکەی خومەینی و هێرشی پاسدار و بەکرێگیراوانی ئەو دەسەڵاتە بۆ سەر کورد و خولقاندنی تاوان و جینایەتی کەم وێنەی وەکوو جینۆساید و کوشتاری بە کۆمەڵ لە قارنە، قەڵاتان، سارۆقامیش، وسووکەند و... تیرباران و ئیعدامی بە کۆمەڵی خەڵکی بێ تاوان و سڤیل لە سنە، سەقز، پاوە، مەهاباد و زۆر شار و ناوچەی کوردستان. سەپاندنی ئابڵوقەی هەمە لایەنە لەسەر گەلی کورد و زۆر تاوانی قێزەونی نامرۆڤانەی دیکە، بوونە هۆی ئەوەی کورد و کوردستانیان بە گشتی زیانی زۆری رۆحی، گیانی و مادی یان لێ‌ بکەوێ‌. فەرمانی نادروستی خومەینی ئەگەر چی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا درا، بەڵام ئاسەواری زیانباری بەسەر کوردستانەوە ماوەو سیاسەتی ئەو دەسەڵاتە لە راست کوردستان و دانیشتوانەکەی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووەو بگرە ساڵ لە دوای ساڵ پیلانگێریەکانی ئاخوندان دژ بە کوردستانی ئێران لە بار و رەهەندی جۆراوجۆردا بەرێوەدەچێ.



هەر وەکوو وترا رژیمی ئاخوندی بۆ بە چۆکداهێنانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە هەموو توانا و کەرەستەیەک کەڵکی وەرگرتووە، بەڵام نەتەوەی کورد و بزوتنەوە رەواکەی، ٢٨ی گەلاوێژیان کردە رۆژی خۆراگری نەتەوەیی دژ بە زوڵم و زۆرداری و خەباتی نەتەوەیی و دیموکراسیخوازیی کورد بەو فەرمانەی خومەینی چووە قۆناغێکی تازە و دیفاع لە نیشتمان بووە بڕیاری هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد کە گرەوی مانەوەی کورد و پاراستنی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی داگیرکاریی دژمنانی، بردەوە.



لە یادی ٢٨ی گەلاوێژدا ئەگەر سەرنجێکی دۆخی کوردستان و ئێران بدەین دەبینین کە رژیمە خوێنڕێژەکەی خومەینی بە هۆی سیاسەتی هەڵە و چەوتی و بەرێوەبەریی ناکارامە و گەندەڵی ئیداری و بە فیرۆدانی داهات و سەرمایەی گشتی، تەرخان کردنی سەرمایەی گشتی بۆ پشتیوانی لە ترۆریزم، کاری ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردان لە وەڵاتان، هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانی چەکی ناوکەیی، پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی، فرۆکەی بێ فرۆکەوان و دامەزرانی ئورگانی جیاجیای سەرکوتگەرانە و دژە خەڵکی، لە راست ویست و داواکانی خەڵکی کوردستان و ئێران بێ توانا و دۆش داماوە و هاوکات دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری خولقاندووەو ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران تووشی دۆخێکی قورس و حەستەم بۆتەوە. لەوەها کاتێکدا کە رژیم هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەو پەنا بۆ هەر ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پر لە تاوانکاری خۆی دەدا، کۆمەڵانی خەڵک بە رووبەرووبوونەوە و نارەزایەتی بەرین و راپەرینی جیددی جەماوەریی لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا خۆڕاگری دەکەن. هەروەها لە بەرووی دەرەوەشدا ئەو دەسەڵاتە لە باری سیاسی و دیپلۆماسیەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە تەریک و گۆشەگیر کراوە، بەتایبەت لە دوای ئەوەی لە دادگای بلژیک و ستکهۆڵم لەسەر کردەوەی ترۆریستی و کوشتارەکانی ساڵی ١٣٦٧ مەحکوم و مۆرەکانی سزای درێژماوەیان بەسەردا سەپا و لە وتووێژەکان و بەتایبەت لە پێوەند بە بەرنامەی ناوکەیی تووشی شکست بووە و قەیران و داروخانی ئابووری و سیاسی لە ناوخۆ، بوونە هۆی ئەوەی ئەو دەسەڵاتە لە هەموو بارێکەوە بە بنبەست بگا و لە لێواری داروخان و لەبەر یەک هەڵوەشانەوەدا بێ‌. لە بەرامبەردا بزوتنەوەی کوردایه‌‌‌تی لە کوردستانی ئێران لە تێکڕای شار و ناوچە و گوند و ماڵ و هزری تاکی کوردستانی زیاتر گەشەی کردوە و رۆژ بە رۆژ کوردپەروەران لەناوخۆی کوردستان چالاکانە لە بەرامبەر سیاسەت و بەرنامە دژمنکاریەکانی رژیمی ئاخوندیدا دەوەستنەوە و کەم رۆژ هەیە سەرکەوتنێک تۆمار نەکەن و شکستی گەورە بە سیاسەتەکانی رژیم لە کوردستان نەدەن.



کوردستانیان لە ئێستادا کە یادی ٢٨ی گەلاوێژ دەکەنەوە، پرسی نەتەوەیی کورد و سازمانی خەبات و بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە لە هەموو کات زیاتر لە گەشە و پێشکەوتن و بەرینبوونەوەدایە، بەڵام لەبەرامبەردا ئەو دەسەڵاتەی بووە هۆی ئەوەی لە ٤٤ ساڵی رابردوودا کورد تووشی دەیان دەرد و رەنج و میحنەت و کێشە بێتەوە، لە دۆخێکی خراپ و داروخانێکی کەموێنە و خاوەن قەوارەیەکی لەبەریەک هەڵوەشاو لەرزۆکە و روخان و لە ناوچوونی لە ئان و ساتدایە.



لە ٢٨ی گەلاوێژدا نەتەوەکەمان و بزوتنەوەکەی و سازمانی خەبات بە بڕیار و جیددی ترە لە مقاومەت و خۆڕاگری لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئاخوندی و تا روخانی یەکجاری و کۆتایی هەموو چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی و هێنانەدیی دێمۆکراسی و ئازادی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێ.



بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ جارێکی دیکە هەزاران نەفرین بۆ خومەینی و هاوباوەرەکانی و هاوکات سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو شەهیدانە دەنێرین کە بە خوێنی خۆیان سەنەدی حەقانیەتی بزوتنەوەی مافخوازانەی کوردیان مۆر کرد و بوونە سەرمەشق و چۆڵەچرای رێی رزگاری کوردستان.



بروخێ رژیمی ئاخوندی ئێران



سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی کورد



 



سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران



کومیتەی ناوەندی



٢٨ی گەلاوێژ ١٤٠ ١ کۆچی خۆری


2 ساڵ و 3 مانگ و 2 ڕۆژ و 1 کاتژمێر و 33 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

راگەیەندراوی سازمانی خەبات بە بۆنەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان

راگەیەندراوی سازمانی خەبات بە بۆنەی فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن