یادی سەروەری گەل شەهید لەتیفی ئیسماعیلی
ڕۆژەکانی دوای گەلاوێژ بوو ، گەلاوێژ کەوتبوو، تازە سەر قافلەی کاروانی شەختەی تەزوو هێنەر دەیویست کە ئەوا ڕۆژی کارەو شەونخون، خۆ بخاتە باوەشی کۆڕپە هەژارەکانەوە و جێ و بانە گەرمەکەی هاوینیان لێ سارد بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەش کوندە پەپوی مەینەت و ماتەم تازە نیازی ئەوە بوو لەناو دڵی دایکی شەهیدێکی دیکەی ئەم کوردستانە بە خوێن ڕەنگاوە هێلانە بکاتەوە. ڕۆژەکانی ئاخرو ئۆخری گەلاوێژ لە هەواڵدەری مەرگی شۆڕە لاوێک، شەهید بوونی قارەمانێک، فیدابوونی فیداکارێک بوون و یەک لە دوای یەک تێ دەپەڕین و تا دەڕۆین تەمێکی تاریک و توندتریان لە ئاسمانی گوندە خنجیلانەکەی (میرەوسوو) بەجێهێشت. ڕۆژی 30/5/1363 برا پێشمەرگەکانی بە ئیمان و باوەڕ بە رێبازی ڕەسەن و ئامانجی پیرۆزیان کە ڕزگاری گەلی کوردە، ئەو پێشمەرگانە کە پێشمەرگە فیداکارەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوون بریاڕیاندابوو، بە داگیرکەران بسەلمێنن کە بست بە بستی خاکی ئەم کوردستانە بە هەڵمەت و خوێن لە ژێر چەکمەی سەربازانی پارێزەری ستەم و بێدادی دەردێنن و بەهەست ونیستی خۆیان دەیپارێزن، ئەو ڕۆژەی کە گوللە دادێ دەپرسێ و سەنگەر جێگەی داد و هاوار بوو، دوژمنانی کورد بە هیچ زمانێک لە سکاڵای گەلی کورد تێنەدەگەیشتن، بە نیازی تەزاندنی داگیرکەران لەسەر ڕێی بەکرێگیراوانی مۆڵگەی(مازوانبەن) کە مینیان داناو سەنگەریان گرت. لە سەعات 8ی بەیانی دا شەڕ دەست پێکرا، پاش 2 ساعەت شەڕی قارەمانانە لە دژی داگیرکەرانی کوردستان، شەهید لەتیف ئیسماعیلی بە گوللەی دوژمنان پێکرا، بە داخێکی زۆر گرانەوە دوای 4 ساعەت دڵی پڕ لە هەستی کورد خۆشەویستی لە کارکەوت و ماڵئاوایی لەگەل و نیشتمان کرد و ئەرکی خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد. شەهید لەتیف لەساڵی 1322 لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە گوندی میرەوسوو لە ناوچەی بانە لە دایک بوو، هەر وەک هەموو کوردێکی دیکەی کوردستانی زنجیرەی ستەمەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەزهەبی دەست و پێی بەست بوو، شەهید لەتیف لاوێکی پاک داوێن و هێمن و ئازاو لەسەرەخۆ بوو. بە شەهید بوونی زامێکی قوڵی خستە ناو دڵی هاوسەنگەرانیەوە.
ڕێگەی پڕ ڕێبوار بێ ویاد وناوی بەرز.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهید لە تیف و تێکڕای شەهیدانی سازمانی خەبات و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی