شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ڕاگەێندراوی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستان

ڕاگەێندراوی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستان
کومیته‌ی ناوه‌ندی

 هاونیشتمانیانی ستەملێکراوی کوردستان و ئێران!

کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

هێز و لایەنە تێکۆشەرەکانی کوردستان و ئێران!

لە یادی ٤٢ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی گەرم بە هاونیشتمانیانی کوردستان لە پاریزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کەس و کاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، کادرو پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و تێکڕای خەباتکارانی کوردستان و شۆڕشگێران لە سەرانسەری ئێران پێشکەش دەکەین. دامەزرانی سازمانی خەبات لە پێنجی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ کۆچی خۆری بەرامبەر بە ٢٧ی ئاگۆستی ١٩٨٠ ی زایینی، سەرتای هاتنە مەیدانی هێزێکی سیاسی شۆڕشگێر بوو کە بنەماو ئەساڵەت و بنەڕەتی، سەرچاوە گرتوو و هەڵقوڵاو لەگەڵ ویستی جەماوەری کوردو تێکڕای دانیشتوانی کوردستان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و چینایەتیەکانیەوە بوو.

سازمانی خەبات لە ناو خۆی کوردستان و بە دەستی نیشتمان خۆشەویستانی کوردستان و بە هەوڵو ماندووبوونی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی و چەند مامۆستای ئایینی و هاوبیرەکانی و بە دوور لە ویست و حەزی بێگانەو تەواو خۆماڵیانەو کوردانە لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش و بەرخودان و لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان، دامەزرا. ئەگەر چاو بە مێژووی ٤٢ ساڵ تەمەنی پڕ لە تێکۆشانی سازمانی خەبات بگێڕ٠ین، دەردەکەوێ‌ سازمانی خەبات، تەشکیلاتێکی سیاسی سەردەمیانەو نیشتمانی و نەتەوەییەو هەر چۆن بە ویستی خەڵکی کوردستان و دوور لە باگراوەندی بێگانەو لە سەر خاکی نیشتمانی ئازیز دامەزرا، بەو شێویەش قۆناغەکانی تێکۆشانی چەندین سەروەری مێژوویی و چەندین کەوتن و هەستانەوەی هەبووەو لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان درێژەی بە رێگەکەی داوە. قۆناغی سەرەتا، ئەو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی سەرەتای پێکهاتنی، بریتی بوون لە روبەڕو بوونەوە لەگەڵ سەخت ترین و قورسترین بەربەرستەکان. تێکۆشەرانی ڕیزەکانی سازمان لە لایەک لە بەرانبەر هێرشی هیزی بەکرێگیراو پاسداران و خۆفرۆشان خۆڕاگریان دەکرد، لە لایەکی دیکە لە بەرامبەر ناحەزان و نەویستان و چەند هێزی سیاسی کوردستانی کە هەوڵیان بۆ لە نابردن و لە مەیدان بەدەرکردنی سازمانی خەبات دەداو تەنانەت هێرشیان دەکردە سەر بنکەو بارەگای سازمانی خەبات لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ڕێگر بوون لە کارو چالاکی کادرو پێشمەرگەو هەڵسوڕانی ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات،پارێزگاریان لە ڕێبازو سازمانە خۆشەویستەکەیان دەکرد. ئەو کۆسپ و تەگەرانە لە ڕۆژ و مانگەکانی بەرێ ڕا، بە داخەوە کاریگەری زیانباریان کردە سەر ڕەوتی کارو تێکۆشان و بەرەوپێشچوونی سازمانی خەبات و زیانیشی بۆ جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە دواوە بوو.

خۆڕاگری و نەبەزی تێکۆشەرانی سازمانی خەبات لە مێژوودا بەرز دەنرخێندرێ‌ چونکە زۆر لایەنی دیکە لەو سەردەمەدا لە کوردستان و ئێراندا چالاکیان هەبوو کە کێشەو کەندو کۆسپی کەمتریشیان دەهاتە رێ، بەڵام نەیانتوانی مقاومەت بکەن،ئەو لایەنانە یان لە مەیدانی شۆڕش نەماون یان بە ڕادەیەکەکی زۆر کزو لاواز بوون. هەر بۆیە بە حەق دەبێ‌ ئەو قۆناغ و ڕۆژانەی سەرەتاو ئەو کۆسپ و بەربەرستانەی هاتنە ڕێگەی سازمانی خەبات و تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی وە توانیان بە سەریاندا زال بن، پڕ بایەخ و مێژوویین و ئەساڵەت و ڕیشەدار بوونی سازمانی خەبات، رێبەریی و ئەو تێکۆشەرانەی کە مەیدانیان بەرنەداو خۆیان بە دەستەوە نەدا دەسەلمێنێ‌. بێگومان ئەو کۆسپ و تەگەرانەی ڕژیمی ئاخوندی لە ڕێگەی بەکرێگیراوان و مۆرە بەزیوەکانی هەر لە سەرتای پێکهاتنی سازمان دەیخەستە سەر ڕێگەی کارو چالاکیەکان، گەلێک زۆر بوون و ئەو قۆناغانەو زاڵبوون بە سەر بەکرێگیراون و تەزیو بەزیوەکان و گیا کەڵەکانی ناو شۆڕش، ئەگەر چی زیانی زۆر بوو بەڵام سەرکەوتن و لادانی خەوش و خاشاکی ناو شۆڕش بووە یەکێکی دیکە لە سەروەریەکانی سازمانی خەبات. بارهێنان و بەرەوسەربردنی زانیاری و نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوەی مانگنامەی تێکۆشان و دامەزرانی ڕادوێ‌ دەنگی خەباتی کوردستان لە هەلومەرجێکی حەستەمداو، پەرەپێدان بە هوشیاری سیاسی و تەشکیلاتی، هاوکات لەگەڵ گرینگی دانی زیاتر بە خەباتی پێشمەرگانە و چەکداری لە بەرانبەر هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی، یەکێکە لە قوناغەکانی گەشەی کاری هوشیاری، رامیاری و ڕاگەیاندن و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگەیی لە سازمانی خەبات دا.

بێگومان ٤٢ ساڵ تەمەنی سازمانی خەبات پڕە لە بیرەوەری حەماسەو نشێو و سەرکەوتن، بەڵام ئەوەی ڕوونە، هیچ کات و هیچ هەلومەرجێکی حەستەمدا سازمانی خەبات دەستبەرداری سیاسەتی ئوسوڵی، واقعبینانە و دلسۆزی بۆ نیشتمان و نەتەوەو ئامانجە بەرزەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازی و ئازادیخوازی نەبووە. سازمانی خەبات خاوەن بەرنامەی پەسەندی سیاسی و سەردەمیانەیەو لە هەموو قۆناغەکاندا توانیویە لە گەڵ پاراستنی بنەما نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەنگاو بەرەو پێش هەڵگرێ‌. گۆڕانکاری لە خەت و بەرنامەوپڕۆگرامی سازمانی خەبات لە کۆنگرەی سێهەم لە ساڵی ٢٠ ٠ ٤ی زایینی یەکێکە لە قۆناغە گرینگەکان لە مێژووی پڕ لە سەروەری سازمانی خەبات کە بێگومان بە ڕێنوێنی و چاودێری جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی سەرکەوتوانە تۆمار کراو دەرکەوت کە ئەم تەشکیلاتە ڕەسەن و خەباتکارە لە گەڵ هەلومەرج و قۆناغەکاندا بە قازانجی کوردستانیان و خەباتی ئازادیخوازی هەنگاو هەڵدەگرێ‌ و لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی درێژە بە شۆڕش دەدا.

هاونیشتمانیان ستەملێکراوی کوردستان و ئێران!

ئاشکرایە ستەم وسەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی، لە کوردستان و ئێراندا زیاتر لە ڕابردوو قورس و ئازارهێنەر بوەو جەماوەر ئێران لەگەڵ ژیانی سەخت و برسیەتی و گرانی و بێکاری و دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتی بەروەڕوون و بەداخەوە ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان وەک پێویست لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی نەتەوەکانی ئێران، بەهائیەکان، کەمایەتیە مەزهەبیەکان، ئافرەتان، منداڵان و تێکرای چین و تۆێژەکانی دیکەی ئێران هەڵوێست ناگرن و ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی پەرە بە ترۆریستپەروەری و دیاردەی ترۆریستی لە ناوچەی خۆرهەڵات و لە جیهان دەدا و بە ئاشکرا هەرەشەی ئەنجامدانی کردەوەی ترۆریستی لە بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا و کەسایەتیە ڕۆشنبیرەکان و کۆڕو کۆمەڵەکان دەکا. بە شێوەیەک هەوڵە ترۆریستیەکانی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئاخوندی لە زۆر وەڵاتی جیهان بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە، چونکە حکومەت و دەسەڵاتەکان لە حاست ئەو گشتە پێشێلکردنانەی قانوون و رێسا نیودەوڵەتیەکان و شکاندنی سەروەری وەڵاتەکانیان بێدەنگن. ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان بە ئیمتیازدان بە ڕژیمی ئاخوندی و چاوبەستن لە حاست ئەو گشتە سەرەڕۆییانە بە هومێدن ئەو ڕژیمە دەست لە هەوڵەکانی بۆ دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی هەڵگرێ‌. بە داخەوە ئەمریکاو ئوروپاییەکان بۆ ڕازی کردنی دەسەڵاتدارانی ڕژیم لە زۆر بنەماو قانونەکان چاو دەپۆشن، کە ئەو بێدەنگیەی کۆمەڵگەی جیهانی بۆتە هۆی پێداگری ڕژیم لە پیلانگێڕی و ئاژاوە گێڕی زیاتر.

هێزو لایەنە تێکۆشەرەکانی کوردستان و ئێران!

لە کاتێکدا کە یادی ٤٢ ساڵ سەروەری و تێکۆشانی سازمانی خەبات بەرز ڕادەگرین، سازمانی خەبات لە پێناو هێنانەدیی ماف و ویستە نەتەوەییەکان و ئازادی و دێمۆکراسی و هێنانەدیی ئامانجی شەهیدە سەربەرزەکانی ڕێگەی ئازادی بەردەوامە لە کارو چالاکی شۆڕشگێڕانە. سازمانی خەبات لە گەڵ باوەڕ بوون بە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری گەلی کوردو ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی جارێکی دیکە پێداگری لە سەر ئەو بنەما پەسەندو دروستە دەکاتەوە کە ووتوێژ لەگەڵ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندان ڕەد دەکاتەوەو هەروەها هەوڵەکانی کوری شای دیکتاتۆر بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران مەحکوم دەکاو بە زیانی داواکاری و ویستەکانی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ئێران دەزانێ‌. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خەڵکی ئێران و بەردەوامی راپەرین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و قەیرانەکانی نێو دەسەڵات و فەساد و گەندەلی سیستماتیک لەو رژیمەدا و بێ بەرنامەیی و بێ تواناییان لە چارەسەری قەیران و دیاردە ئیداریی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، هێماکان ئەوەمان نیشان دەدەن کە ئاڵووگۆڕی بنەڕەتی لە ئێران و روخانی دەسەڵاتی ئاخوندی لە هەر کاتێکی دیکە زیاترە. لەو رووەوە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران پێویستە لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی مێژوویی خۆیان بکەن لە راست خەڵک و داهاتووی کوردستان و ئێران. لەو بارەوە سازمانی خەبات پێی وایە حیزب و سازمانە کوردستانیەکان پێویستە بۆ دڵنیایی زیاتر لە بەدیی هێنانی ماف و ئازادیەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران و پاراستنی دەستکەوتەکان، یەکیەتی و تەبایی بکەینە بەردی بناغەی کار و تێکۆشانی بزوتنەوەی کوردستان. هەروەها لە پێناو لێک تێگەیشتنی زیاتر و سەقامگیری و کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکرات و ئازاد، نزیکی و دۆستایەتی بزوتنەوەی کوردستان و بزوتنەوەی شۆرشگێڕانە و ئازادیخواز لە ئێران بێتە ئاراوەو لە سایەی ئەو دۆستایەتی و رێکەوتن و تەوافوقاتە، گەلی کورد و گەلانی ئێران بە مافە نەتەوەییەکان، ئازادی، دادپەروەری و سەقامگیری شاد بن.

پیرۆز بێ‌ یادی ٤٢ ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەبات بڕوخێ‌ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی

٣ی خەرمانانی ١٤٠ ١ کۆچی خۆری


2 ساڵ و 2 مانگ و 28 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 14 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕاگەێندراوی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستان

ڕاگەێندراوی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٤٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن