خەبات مێدیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۱ی خەرمانی ۱۴۰۱ کۆچی خۆری, لە بنکەی ناوەندی سازمان، ڕێوڕەسمی ٥ی خەرمانان ۴۲هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوون و بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر و پێشمەرگە و دۆستانی سازمانی خەبات، بەڕێوە چوو.
سەرەتای بەرنامەکان سرودی “کوردم ئەمن” و دەقەیەک بێ دەنگی وەک وەفایەک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سوور خەڵاتی ڕێگای ئازادی و بە تایبەت شەهیدانی سازمانی خەبات، دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکان پەیامی کۆمیتەی ناوەندی لە لایەن کاک شۆڕش حاجی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پێشکەش کرا.
پاش پەیامی کومیتەی ناوەندی پەیامی، هاوبەشی ڕێکخراوەکانی لاوان و ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران لە لایەن کاک کەریم بابەکری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لە درێژەدا پارچە شیعرێکی نەمر مامۆستا سەیید جەلالی حوسەینی ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات بە ناوی “گوڵی پێنج پەڕ”, لە لایەن خاتوو موژدە سەیفپەنایی پێشکەش کرا وە هەروەها پەیامی بنەماڵەی شەهیدان یەکێکی دیکە بوو لە بڕگەکانی رێورەسمەکە کە لە لایەن بەڕێز ماردین زاهدی پێشکەش کرا.
پەیامی پیرۆزبایی سازمانی دۆست و هاوپەیمان سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران بە شێوەی ڤیدیویی لە لایەن کاک سەیفەدینەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکان پەیامی تەشکیلاتی ناوخۆی وڵات و کۆمەڵێک چالاکی تەشکیلاتی ناوخۆیی پێشکەش کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە وێڕای پەزیرایی لە میوانان لە لایەن کۆڕی هونەری و هونەرمەند کاک عەباس پەرێشان گۆرانییەک پێشکەش کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ناوی ئەو پارت و لایەنانەی بەبۆنەی ۴۲هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سازمان پەیام و بروسکەی پیرۆزباییان ناردبوو خوێندرایەوە.
کۆتا بڕگەی رێورەسمەکە بریتی بوو لە شایی و هەڵپەڕکێ و چەند گۆرانییەک لە لایەن هونەرمەندان کاک مێهریار کۆماسی و کاک نیهاد هەرکی و کۆڕی هونەری سازمان.