خەباتمێدیا: ڕۆژی سێشەممە ۲۲ی خەرمانان "مەهسا ئەمینی" ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز کاتێک لە گەڵ خانەوادەکەی لە "دەروازەی خێرای حەقانی تاران" خەریکی گەشت بوونە لە لایەن هێزەکانی "گەشتی ئیرشادەوە"ی رژیمەوە بیانووی پێ گیراوەو دەستبەسەر کراوە.
بە پێی هەواڵەکان کاتێک کیارەشی برای مەهسا بەرەنگاری هێزەکانی گەشتی ئیرشاد دەبێتەوە و دیفاع لە خوشکەکەی دەکات، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم کەوتنە توندوتیژی و زەبروزەنگ لەگەڵیان.
هاوکات، هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕژیمی ئاخوندی، مەهسا ئەمینیان بردووتە بنکەی هێزی “ئاسایشی ئەخلاق” بەڵام بە وتەی کیارەشی ئەمینی چەند خولەکێک دواتر لە ناو بنکەکەوە هاوار وقیژەی خۆشکەکەی بیستراوە و بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئاخوندیش بە گازی فرمێسکڕێژ وباتووم بنەماڵە نیگەرانەکەیان بڵاوە پێ کردووە.
دوو کاتژمێر دوای دەستگیر کردنەکە دوکتورەکان ڕایانگەیاندوە کە مەهسا تووشی سەکتەی دڵ و مێشک بووە لە ئێستادا تەندروستی ناجێگیرە و ئاگای لە خۆی نەماوەو هیوای زیندووبوونی کەمە.