چاوپێکەوتن لەگەڵ (بابەشێخ حوسەینی) سکرتێری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سازدان و ئامادەکردنی :ژیلوان عەبدوڵڵا
پێشەکی
سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران، یەکێک بوو لەو پارت و جەرەیانە سیاسیانەی کە لە ساڵی 1980 دروستبوو، دەتوانرێ هەم لەخانەی پارتێکی نەتەوەیی هەمیش لە خانەی پارتێکی ئیسلامی هەژماربکرێ، چونکە هەروەک لە مێژووەکەیدا دەبینین ئەو کەسانەی کە پێکهێنەر و دامەزرێنەری بوون پاشخانێکی فکری ئیسلامی سوننی مەزەهەبییان هەبوو، هەروەتر کەسانێکی نەتەوەیی بوون و پاشخانێکی سیاسیان هەبوو، هەندێکیان پێشتر لەسەر سیاسەت و کوردایەتی زیندانی کرابوون .
دامەزرێنەرانی سازمانی خەبات پێشتر لە چوارچێوەی دەفتەری ( شێخ عیزەدینی حسێنی ) دا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان لە ڕووداوەکاندا بینی بوو، نەخش و شوێن پەنجەیان بە ڕووداوەکانەوە دیار بوو، هەرچەندە دەیانویست لەو چوارچێوەیەدا خۆیان ڕێکبخەن و ببنە پارتێکی سیاسی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەفتەر نەبووە حزب و شێخ عیزەدینیش ئەوەی ڕەتکردەوە کە دەفتەر هێزی چەکداری هەبێ، ئەو مامۆستا ئاینیانەی چوار دەوری خۆیان لە نێو سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێراندا ڕێکخست .
خەبات بەو ماوەیەو تا ساڵی 1987 ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بینی و بووە یەکێک لە پارتە سیاسیە ئۆپزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو ماوەیەو بە قەبارەی خۆی و بەبیرو بۆچونێکی ئیسلامی و کوردانە ئاڵای خەباتی لە ژێر دروشمە قورئانیەکەی ( وجاهدوا فی اللە حق جهادە) هەڵکرد، لە ڕووی سەربازیەوە بەوپەڕی باوەڕ بەخۆبوون و پرسی کورد وەک پرسێکی ڕەوا تێکۆشاوەو لەم بارەیەشەوە ژمارەیەکی زۆری شەهیدو بریندار هەیە.
سازمانی خەبات لە ساڵی 1987 دوچاری لێکترازان بۆوەو دەستەیەکی لێ جودا بوونەوەو ئەو بەشەی لەگەڵ مامۆستا خدری عەباسی، کەیەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سازمان، دواتر ناوی خۆیان گۆڕی بە (خەباتی شۆڕشگێڕ)، ئەو بەشەشی کە لەگەڵ مامۆستا شێخ جەلالی حوسێنی مانەوە، بەهەمان ناو درێژەیان بەکارو چالاکی سیاسی و ڕاگەیاندنی خۆیاندا، تاوەکو دوای ڕاپەڕین، دواتر وەک هەموو پارتە سیاسیەکانی تری ڕۆژهەڵات هاتنە نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان و لە نزیک گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی بنکەو بارەگایان دانا، لە دوای ساڵی 2000یشەوە بنکەی سەرەکی و بارەگای سەرکردایەتیان گواستەوە بۆ سنوری هەولێر و لە ناحیەی ڕزگاری ( تۆپزاوە ) جێگیربوون، لە ساڵی 2004یشەوە پەیڕەو پڕۆگرام و ناوی خۆیان گۆڕی بە ( سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ) و ( بابەشێخ حوسێنی ) بوو بە سکرتێری پارتەکەو تاوەکو هەنوکەش هەر سکرتێرە.
بۆ شارەزابوون لە مێژووی بنەماڵەی مامۆستا شێخ جەلال و ڕۆڵی سیاسییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و لە نێو سازمان بە تایبەتی و ئەو ڕووداوە سیاسیانەی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانی ساڵی 1979 کە لە ڕۆژهەڵات ڕوویانداوە و نەخش و کاریگەری مامۆستا شێخ جەلالیان بەسەرەوەبووەو تاوەکو جیابونەوەی خەباتی شۆڕشگێڕ و دواتریش هاتنە باشوری کوردستان و پەیوەندییەکانی سازمان و هەموو ئەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەی پەیوەست بەم پارتەوە ڕوویانداوە، بە پێویستمان زانی لە ڕێگەی گێڕانەوەی مێژووی زارەکی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی مێژووی لەگەڵ کەسایەتی سەرەکی و کوڕی مامۆستا شێخ جەلال(یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی سازمانی خەبات) و سکرتێری ئێستای سازمان، شەن و کەوێکی ئەو مێژووە بکەین، چونکە پێمانوایە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و تۆمارکردنیان لە زاری کاراکتەرە سەرەکیەکانی نێو ڕووداوەکان، بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیش بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆڵیارانەوە لە داهاتوودا....
ژیلوان هەڵەدنی
هەولێر- تۆپزاوا -کانونی دووەمی 2017
بابەشێخ حوسەینی: کوڕی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و لە ساڵی 1965 لە شاری بانە لە دایکبووە، هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە بەشداری لە ڕاپەرینە جەماوەرییەکان دژ بە ڕژیمی پاشایەتی کردووە و پاشان پەیوەندی بە سازمانی خەباتەوە کردووە، لە سەرەتادا لە نێو ئەم سازمانە پێشمەرگەیەکی ئاسایی بووەو لە پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەی تەشکیلاتی بڕیوەو لە بەشێکی بەرچاوی جەبهەکاندا فەرماندەری هێزی پێشمەرگەی سازمان بووە، تا لە ساڵی 1984 زایینی لە کۆنفڕانسێکی سازمانی خەبات بە ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومسیونی سیاسی نیزامی( پێشمەرگە ) هەڵبژێردراوە، دوای ئەوەی لە کۆنگرەی سێدا لە2004، ناوبراو بە سکرتێری گشتی سازمانی خەبات هەڵبژێردراوە، لە ژیانی سیاسیی و چەکداریدا (6) جار بریندار بووەو چەندین جاریش لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، ناوبراو تا ئێستا سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە.
پ/ سەرەتا با بزانین ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئێوە کێیە؟ و مامۆستا مەلا شێخ جەلال کوڕی کێیە؟ کەی لە دایکبووە؟
بابەشێخ: ڕەچەڵەک و بنەماڵەی ئێمە لە سەیدەکانی واژەین، لە ئەسڵدا دەگەڕێیەنەوە بۆ سەیدەکانی بەرزنجە، بەڵام خۆت ئەزانی ئەوە لق و پۆپی لێ بۆتەوە، دوای دابەشبوون و زیادبوون، ئێمە لەو بەشەی سەیدەکانی واژەین کە لە کوردستانی ئێران و عێراق بوونیان هەیە، و دیارە ئەوکات بەو شێوەیە نەبووە، ئیرتبات و پەیوەندییەکی تۆکمەو تێکەڵی زیاتر لە نێوان ئەو دوو بەشەی کوردستان هەبووە، لە هاتوچۆو هەتا لە ژن و ژنخوازی، کەسێک کە هاتوچۆی کردووە وتویەتی ئەچم بۆ کوردستانی گەرمێن، یان دەچم بۆ خوارێ، یان ئەوەی کە هاتووە وتویەتی ئەچم بۆ بەشی سەرێ، بۆ نمونە شتی ئا لەو چوارچێوەیەدا، کەس و کار و تایفەی ئێمە، ماڵی چەند خاڵوانێکم، ماڵی چەند باپیرێکم لە باشوری کوردستانن، لە باپیرە گەورەکانم لە واژەی شارباژێڕ، هەتا لە زێڕینۆکی لای کارێزە هەیە، بە مەجموع هەر لەسەردەمی بابان و عوسمانییەوە باپیرە شێخ مەولانم کە باپیری باوکمە لادێیەکی لە کن بازیانکڕیوەو هی تایفەی ئێمە بووە، تاپۆی عوسمانیشمان هەیە، ئێستا بەدەست خەڵکەوەیە، مەبەستم ئەوەیە کە شتەکە بەو نەوعە بووە، کوردستان ئەو وەختە یەک چوارچێوە بووە، حساب لەسەر ئەوە نەبووە لەم خەتەی سنوور بپەڕێتەوە یان نەپەڕێتەوە، بنەماڵەی ئێمە، هەر لە کۆنەوە بنەماڵەیەکی ئاینی بوون ، ئەوەندەی کەمن لەو گێڕانەوە و باسانی کە جەنابی باوکم باسی کردووە،. باپیرم ( قازی مەلا شێخ ساڵحی بانە) ماوەیەک قازی بووە، دوایی شێخێکی ناودار و هاوڕێیەکی خۆی بە سەردان ڕووی لە بانە کردووە پێی وتووە تۆ کەسێکی زۆر باشی، لە قەزاوەتیشدا جاری وایە شتی هەق و ناهەق دێنەگۆڕێ، لەبەر ئەوەی تۆ کەسێکی زۆر زۆر پاک و گەورەی بە قسەی من دەکەی دەست لە قەزاوەت هەڵگرە، ماوەی قەزاوەتەکەی کە ئێستا بە دەقیقی نازانم بەڵام ڕوونە کە زۆر نەبووە، کەمتر لە دوو ساڵ بووە و لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بووە، ئیتر دەستی لە قازیەتی کێشاوەتەوە، باپیرم زۆری پێخۆش بووە مناڵەکانی بخوێنن، هەر لەبەر ئەوە زۆری هەوڵ لەگەڵ داون . هەر لە سەرەتاوە دەرسی بە مامۆستا شێخ عیزەدینی مامم و مامە محی الدین کە ئەمری خوای کردووە ووتوە، دیارە مامێکی تریشم لەو بەینەدا ( مامە سماییل) ئەو زوو مردووە، و پورەکانیشم، وەک پورە زەکیە و مام عەزیزیشم کە شکور لە ژیاندا ماون و مامم لە کوردستانی عێراقە، و لە براو خوشکەکانی جەنابی باوکم هەر ئەو دووە ماون، باوکم لە مەدرەسەی دینی دەستی کردووە بە خوێندن، ئەو دەرسە سەرەتاییانەی وەک ئەحمەدی و سەرف و نەحو و عەقیدەی شێخ سەمیعی واژەیی و ئەو شتانەی کە سەرەتاییو ئاسان بوون، دوایش چووە بۆ فەقێیایەتی دێهات و گوندەکانی کوردستانی ئێران و عێراق گەڕاوە و لێی خوێندوون، خانەوادەێکی چالاکبوون، لە بواری نەتەوایەتی و هەم لە بواری کۆمەڵایەتی.
پ/لە بواری نەتەوایەتی باوکت بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی ( ژ.ک.)، ئەوە چۆن بووە؟ تۆ زانیاریت هەیە لەسەری ؟
بابەشێخ : ئینجا من باسی ئەوەت بۆ بکەم کە چۆن باوکیشم و مامیشم چەندەیان دەور دیوە، ئینجا دێمەسەر کۆمەڵەی ژ.ک.، لە تەمەنێکی زۆر کەمدا هاتوونە مەیدانی خوێندن، باوکم نزیک بە 14 ساڵ بووە کە باپیرم عەمری خوای کردووە، کە ئەوەش بەرەوڕووی دۆخێکی دژوار و نەدارییەکی زۆری کردوونەوە، بەتایبەت ئەوکاتە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانی بووە، بەڵام هەر درێژەیان داوە بەخوێندن، تەبعەن هەر ئەوان نەدار نەبوون بەڵکوو خەڵکی تریش نەداربون، بەڵام ئەوان بە فەقێیەتی و ئاوارەیی لەو مزگەوت و لەو حوجرە ژیاون و بە سەربەرزی و ڕوسورانە توانیویانە خوێندن تەواو بکەن. باوکم وەک زانایەکی دینی توانیویەتی لە باری دینییەوە و لە بواری ئەدەبیاتی کوردییەوە دەوری بەرچاو و بەکەڵک بگێڕێ، بە ئیعترافی ئەو خەڵکانەی کە لە لایان خوێندوە، وە ئەو هەڵسوکەوتانەی کە خەڵکیش لەگەڵی کردووە، لەودوو سێ مانگەی پێشوودا یەکێک لەو مامۆستایانەی کە پێشتر لە سازمان لەگەڵمانا بوو، ئەیوت نەمان دەتوانی کچەکانمان بنێرین بۆ خوێندن، دەیان وت چۆن دەبێ کچ بنێرین بۆ خوێندن، بەڵام مامۆستا شێخ جەلال پەیامی داو وتویەتی چۆن کچان نەخوێنن، فەرمویەتی نابێ رێگە لە کچان بگرن بۆ خۆێندن. مامۆستا لەگەڵ ئەوەی کەسێکی زۆر موتەعەهد بووە لە بواری دینیەکەی، بەڵام قەناعەتی زۆری بەوە هەبوو، کە دەبێ لایەنی ڕۆشنبیری، زانیاریی، خوێندن و مەدرەسە بۆ هەموان بێ، و دژایەتی ئەو فکرە دواکەوتووانەی کردووە کە ووتراوە کچان نەچن بۆ مەدرسە و نابێ کچ بخوێنێ و ئەمە دەرسی شەیتانە .
بە شێوەیەک کە لە ناخیاندا چەکەرەی کردووە، خزمەتی ئەو خەڵکە بکەن کە لە نیشتمانیان تێبکۆشن، خزمەتی ئەو خەڵکە بکەن کە بۆ دین تێبکۆشن، نمونەیەکی زۆر دەگمەن لەسەر خانەوادەی ئێمە، وەک ئاشکرایە لە شاری بانەو زۆربەی شارەکانی کوردستان هێندێک کەس دژایەتی یەهودییەکانیان کردووە، ئەو گەڕەکەی ئێمەی لێ بوین ناوی گەڕەکی جولەکان بووە، باپیرەم بەتەواوی مەعنا دیفاعی لێکردوون، بەوەش باوکم بە تەمەنی مناڵی دیفاعی لێکردوون و نەیان هێشتوە زوڵمیان لێبکرێ، ئەو هەڵوێستەی باپیرم و خانەوادەی ئێمە لەگەڵ جووەکان بە ڕادەیێک بووە کە تەنانەت ئافرەتەکانیان لەبەر خاتری باپیرم کە مامۆستایێکی ئایینی بووە لەچکەیان لەسەر کردووە. وەک بیستوومە باپیرم ڕێگەی نەداوە کەس کێشە بۆ جووەکان دروست بکا و هەموو کات مەراسیمە دینی و تەقالیدییانەی خۆیان بە ئازادانە لە شاری بانە لەو سەردەمەدا بەڕێوەبردووە.
ئەو فەرهەنگە لەناو خانەوادەی ئێمەدا پەیڕەو کراوە، سەرەڕای لەبەرچاو گرتنی باوەڕە ئاینییەکان، لە هەمانکاتدا وایکردووە کە مامۆستایەکی ئاینی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی پرەنسیپی دینیش بن، بە لەبەرچاوگرتنی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو عادات و تەقالیدانەو ڕێزگرتن لە ئەدیان و بیروباوەڕی دیکەش بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی زانراوە، مامۆستا شێخ جەلال ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پێکەوە ژیان لەو ناوچانەی کوردستاندا کە کاریگەری لەسەریان هەبووە، بۆ نمونە کابرای چەپ و کۆمۆنیست توانیویەتی بێتە حوجرەو مەدرەسەی جەنابی مامۆستا شێخ جەلال کە جێگای خوێندنی عیلم و زانستی دینی بووە. جەنابیان لە سەردەمی شادا هاوکاری کەسە چەپەکانی کردوەو لە حوجرەکەی خۆی شاردوونییەوە. لە لایێکی دیکەوە خەڵک زۆر کێشەی شەرعی و دینی هەبووە، کە مامۆستایانی وەک دەوترێت لێیان عاسی بووەو نەیانتوانیوە حەلی بکەن، براوەتە خزمەت مامۆستا شێخ جەلال و مامۆستا شێخ عیزەدین و ئەوان حەلیان کردوون. وەختێکیش جوڵانەوەی کورد و خەباتی کورد هاتۆتە مەیدان ئەوان هەمیشە پێشەنگ بوون، جەنابی مامۆستا شێخ جەلال لە تەمەنی لاوێتیەوە بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک.) لە شاری مهاباد ئەو وەختەی کە لەوێ خوێندویەتی، دیارە مامۆستا شێخ عیزەدەین تەئسیری هەبووە لە سەری کە بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک.)، خوالێخوشبوو مامۆستا ( مەلاعەبدوڵڵای حەسار) کە بەرپرسی کۆمەڵەی ژ.ک. بووە و لە دوای دامەزرانی سازمان، بوو بە ئەندامی سازمانی خەبات، لەکاتێکدا کە مامۆستا شێخ جەلال تەمەنی حەڤدە ساڵان بووە کە مەلا عەبدوڵڵا سوێندی بە جەنابی مامۆستا شێخ جەلال خواردوە بۆ ئەندامەتی لە کۆمەڵەی ژ.ک. دا.
مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای حەسار پیاوێکی موحتەرەم و بەشەخسیەت بوو. لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستانیدا مامۆستا شێخ جەلال بە شیعرەکانی کە لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوبوونەوە خزمەتی بە کۆمار و پرسە نەتەوەییەکە کردووە، و یەکێکە لە کۆنترین ئەو شاعیرانەی کە لە هەڵبەستێکیدا کە لە رۆژنامەی کوردستان لەوکاتەدا لە مهاباد بڵاوکراوەتەوە ناوی پێشمەرگەی هێناوە . هەرچەندە هەندێک لە ئەندامانی حزبی دیموکرات دەڵێن مامۆستا شێخ جەلال ئەندامی حزب بووە، بەڵام بە هیچ نەوعێک ئەندامەتی ئەو حزبەی نەکردووە، بەدوو دەلیل ئەویش ئەوەی کە بەرێزیان پێی وابووە کۆمەڵەی ( ژ.ک. ) تەشکیلاتێکی نەتەوەیی، کە هەموو بیرو باوەڕ و بۆچوونەکانی لەخۆ گرتووەو هەروەها گشتگیرتر و بەربڵاوتر بووە، خەڵکێکی زۆری لەگەڵ بووەو مامۆستا باوەڕی وابوو کە ژ.ک. یان هەڵوەشاندەو حزبی دیموکرات یان بە فکرێکی جیاو هیمەتی دەرەکی دروستیان کرد، ئەو کارەشی بە زیانی گەورە بە جوڵانەوەی کورد داناوە، دروستکردنی حیزبی دیموکراتی هاوشێوەی فیرقەی دیموکراتیکی ئازەربایجان کە بۆ پیشەوەری ئەوان دروستکرابوو، بەخواستی شۆڕەوی و لە باکۆ بڕیاری لەسەر درابوو، لەبەرئەوە ئەندامەتی حدکای نەکردووە .
پرسیار/ یانی ئەندامی حزبی دیموکرات نەبووە ؟
بابا شێخ :نەخێر بەهیچ نەوعێک .
پرسیار:دوای ئەوەی کە کۆماری کوردستان تێک دەچێ و زۆرینەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حدکا ڕوودەکەنە باشوری کوردستان، لەو ماوەیەدا باوکت لە کوێ بووە ؟ ئیشی چی بووە؟
باباشێخ : جەنابی باوکم هەمیشە کەسێکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕ بووە، ساواک حیسابی زۆری بۆ کردووە و ترسی لێی هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە بیگرێ لەبەر ئاستی خۆشەویستی جەنابیان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لە شاری بانەدا، هەروەها باش ئەو ڕاستییەیان زانیوە کە جەنابی مامۆستا چەندەی شاو ڕژیمەکەی ناخۆش دەوێ بۆیە لێی ترساون کە هەمیشە ببێتە کۆسپێک بۆ دەسەڵات لە بانە و دەوروبەری، پیاوانی دەوڵەتی شا لە بانە لە بۆنەو جێژنەکاندا سەردانیان کردووە بەڵکوو لە لایەک بە سەردانکردنی هەوڵ بدەن لە ڕادەی ڕق و توڕەیی مامۆستا شێخ جەلال لە دەسەڵات و لە لایەکی دیکە ڕێژەی ئەو خۆشەویستییەی جەماوەر و پشتیوانی جەماوەر لە بەڕێزیان کەم کەنەوە . وەک ئاشکرایە مامۆستا نەک تەنیا لە ناوچەی بانە، بەڵکو لە هەموو شوێنەکانی کوردستان خاوەن جەماوەر و پێگەی کۆمەڵایەتی بووە.کە هاتۆتە بانەو بۆتە مامۆستا و پێش نۆێژ، کاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەی درێژە پێداوە. ئەو فەقێیانەی کە لە حوجرەکانی دیکە بەهۆی کاری سیاسی وەرنەگیراون، جەنابی مامۆستا فەرمویەتی وەرن بۆ حوجرە من مەترسن، و هەموو ئەو فەقێیانەشی لە حوجرەی مامۆستا بوون، تێکۆشەر و سیاسی بوون زۆریشی ڕۆیشتونەتە دەر و لەو سەردەمەدا بوونە پێشمەرگە بۆ نمونە، مەلا ڕەحیمی وێردی، مەلا جەلالی پیرانشار. مامۆستا لەگەڵ ئەوەی لەوسەردەمەدا بەڕەسمی ئەندامەتی هیچ جەرەیانێکی سیاسی نەکردوە، بەڵام بەواقیع ڕێبەرایەتی جوڵانەوەی نهێنی سیاسی لە بەرامبەر ڕژێمی شاداکردووە. کاتێک شا هاتە شاری بانە هەموو مامۆستاکانی ئەو دەڤەرەیان دەعوەتکرد بۆ پێشوازی شاە، جوێ لە جەنابی مامۆستا سەید جەلال.
پ: ئەوە ساڵی چەند بوو؟
بابەشێخ :هاتنی شا بۆ بانە ساڵی1355 ی کۆچی خۆری بوو، دوو ساڵ پێش ئینقلاب بوو، مامۆستایان دەعوەت نەکرد. بە دوژمنی شایان دەناسی بەو شێوەیە مامۆستا بەردەوام بوو.
پ: مامۆستا ڕۆڵی چی بوو لە جوڵانەوەی1967-1968، ئەو کاتەی کۆمەڵێک لە ڕێبەران و کادرانی حدکا ئەچنەوە بۆ دەست پێکردنی شۆڕش؟
بابەشێخ :مامۆستاشێخ جەلال ڕاستەوخۆ بەشداری نەکرد، بەڵام مامۆستا مەلا ڕەحیمی وێردی، مامۆستا مەلا قادری وێردی فەقێی ئەو بوون، دیداریان کاتی دەستپێکردنی ئەو جوڵانەوەیە دیداریان لەگەڵکردووە، جەنابی باوکم شیعریشی هەیە بەسەریاندا، بە مەلا ڕەحیمی فەرمووە بەو شێوەیە زۆر خراپە، کە بە ئاشکرا دیێ، تەنانەت جارێک شەهید مەلا ڕەحیم داوای دیداری مامۆستا دەکات نایبینێ، چونکە گلەیی لە کەمتەرخەمییەکی بووە .باوکم پێی ڕادەگەێنێ بە کەمتەرخەمی و بێخەمی هاتوچۆ دەکەی باش نییە، خەڵک ئەگەر باوەڕیشت پێنەکا لەبەر کەمتەرخەمییەکەتە، ژمارەیەک پ٠Žییان وابێ لەگەڵ ساواکەو و یا دەگیرێ و توش کێشە دەبن، ئەو دوو لایەنە هەردوکیان خراپە، بەڵام ڕێنماییەکانی باوکم پشت گوێ دەخا. سەرەڕای گلەییەکانیش جەنابی مامۆستا شێخ جەلال بەو جۆرەش ئاگای لێی بووە و بەردەوام پەیوەندی پێوەی بووەو زۆری خۆش ویستووە.
پ: من مەبەستم ئەوەبوو زۆربەی ئەو کەسانە تەلەبە، فەقێی مامۆستا بوون ؟
بابەشێخ :نەک زۆربەیان، بەڵام ئەو چەند تەلەبەو فەقێیە ئی مامۆستا بوون.
پ: مەلا ئاوارەش؟
بابەشێخ : مەلا ئاوارە فەقێی نەبوە وەک ئاگادار بم، بەڵام پێوەندی لەگەڵی هەبووە، بەتایبەتی مەلا ڕەحیم، مەلا قادر پەیوەندی زۆریان هەبوو.
پ: دوای ئەوە باوکت لە کوێ مەلا بووە؟
کاک بابەشێخ :باوکم کە هەر ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە ڕاست هاتۆتەوە بۆ ئەو مزگەوتەی کە باپیرم لێ مەلا بووە، لە بانە لەوێ مەلایەتی کردوووە تا کاتی ئینقلاب بووە، دوایش بەجێیان هێشتووە.
پ: ساڵی 1979 لەسەرو بەندی شۆڕشی 1979ی گەلانی ئێران ڕۆڵی مامۆستا شێخ جەلال چی بووە؟ چۆن توانی هاوکاری جەماوەر بێ لەسەرخستنی شۆڕش، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بانەو دەوروبەری ؟
کاک بابەشێخ : شاری بانە لە یەکەم شارەکانی کوردستان بوو، کە خۆپیشاندانی دژی ڕژێمی شا تێدا کرا، ئەویش دوو جەوان کە لە 17 خاکەلێوەی 1357 ئەکەونە بەر تراکتۆر هەردوکیان ناویان ناسر بوو، بەهۆی کەمتەرخەمی ئورگانەکانی ڕژیمەوە گیانیان لە دەست دا، ئەو ڕوداوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ تەقینەوەی ڕقی جەماوەر و دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە بانە، شەوی ئەو ڕووداوە باوکم قسەی بۆ خەڵک کرد، وەزعێکی سەیرو دەگمەن بوو، چونکە لە کاتێکدا حکومەت دەسەڵاتی هەبوو لە شارەکانی کوردستان، تەنیا لە تەورێز و تاران و چەند شاری دیکە خۆپیشاندان لە ئارادا بوو.
لەو کاتەدا مامۆستا شێخ جەلال دژی حکومەت و ڕژێمی شا سوخەنڕانی کردو باسی کوژرانی ئەو دوو کەسە بێ تاوانەی کرد، و ئەو ڕوداوەی کردە بیانوو بۆ هێرش کردنە سەر حکومەتی شاە، هەر ئەو شەوە بووبە خۆپیشاندان و لاوان چوونە سەر ماڵی بەرپرسی ساواک و بەرپرسانی دیکەی حکومەت. ترس لەوە هەبوو کە گرتن ودەستبەسەرکران ڕووبدات، بەیانییەکەی دیسان خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە، درێژەی کێشا. باوکم وەک یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو جوڵانەوەیە نەک تەنیا لە شاری بانە ڕێبەرایەتی ڕاپەڕینی کرد، بەڵکوو لە زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان، هەر کاتێک خۆپیشاندان بکرایە بەپێی هەل و بۆکران بەشداریی کاریگەریی هەبوو، لە شارەکانی سەردەشت، بۆکان، سەقز، سنە، کامیاران، جوانڕۆ و دیواندەرە، بەبەردەوامی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداریی کرد. بە تایبەت لە دوای شەهیدبوونیی خەڵک بە دەست هێزەکانی ڕژیمی شا. دوو لاو لە شاری سەقز شەهید بوون، مامۆستا شێخ جەلال لەسەر گۆڕستان و لە کاتی بە خاکسپاردنیان قسەی بۆخەڵک کرد و لە قسەکانیدا بە توندی هێرشی کردە سەر ڕژێمی شا، لەو کاتەدا هەموو کەس غیرەتی نەدەکرد جنێو بەڕژێمی شاە بدات، تەنانەت ژمارەیەک باسیان لە ئیسڵاحاتی قانونی ئەساسی دەکرد. نەیان دەوت دەبێ شا بڕوخێ و بڕوا. جەنابی باوکم لە سەر گۆڕستانی سەقز بەشای ووت شای لووت کەڵەشاخ با بڕوا دەست هەڵگرێ. چەند کەس لەوانەی سیاسیش بوون ترسابوون و چەند کەس لەوانەی لە قەراغەوی جەماوەرەکە بوون ڕۆیشتن، ئەوانە بەحساب قاچاغ بوون و لە دەرەوەی ئێران و بە دیاری کراوی لە عێراقدا پێشمەرگە بوون دەترسان، چونکە لە سەرەتادا ژمارەیەک کە باسی ئیسڵاحاتیان دەکرد نەک ڕووخانی ڕژێمی شا، کاک ناسری ڕەزازی کە باس لەوە دەکا کام هونەرمەند یەکەمجار لە کوردستانی ئێراندا سرودی نەتەوایەتی ووتوە، بەڵگە بەوە دێنێتەوە، یەکەمین کەس کە سرودی نەتەوەیی خوێندەوە لە کوردستانی ئێراندا، ئەڵێ من بووم، دەڵێ بەو نیشانەی مامۆستا شێخ جەلال لە مەیدانی ئیقبال سوخەنڕانی دەکرد، کاک ناسر دەڵێ لە دوای سوخەنڕانیەکەی مامۆستا من سرودی شۆرشگێڕانەم خوێند. بەڵێ مامۆستا شێخ جەلال بە ئیعترافی زۆرکەس، نەک تەنیا لە شاری بانە، بەڵکو لە هەموو شارەکانی کوردستان نەخشی ڕێبەڕو پێشەنگی جەماوەری هەبووە.
پ:باس لەوە دەکەن لە دوای ئینقلاب لە شاری بانە کۆمیتەیەکی ئینقلابی دروست دەکرێ ، مامۆستا سەرپەرشتی کردووە، ئەوە چۆن پێکهات ؟
بابەشێخ : لە پێشدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەتدا دەبێ بلێم کە مامۆستا، کەسێکی جیددی بووەو بە جیددی کارەکانی کردووە، هەر وەک نمونەی ئەو کۆمیتەی بانە کەباسی دەکەی. کومیتەی بانە نمونەیەکی گرینگ بوو لە حوکمەت و بەڕێوەبەریی، حوکمەتدارێکی پاک و بێگەرد و بە بەرنامە، لەو ماوەیەی ئەو کۆمیتەی کاروباری شار و ناوچەکانی دەورووبەری بانەی بەڕێوەدەبرد کە نزیکەی دووساڵی خایاند، تەنیا یەک جار دزی کراوە، دزییەکەی لە پادگانی بانە کرا. لە ماوەی کاری ئەو کۆمیتە، کەمترین خیلاف و بێ قانونی کراوە، بۆ نمونە قانونی ڕانندەگی جێبەجێکراوەو بە شێوەیەکی زۆر زۆر مونەزەم. زۆر جار جەنابی باوکم، نیوەشەو هەستاوە بەسەر ئەو کۆمیتەو مەفرەزانەدا گەڕاوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خەڵک. دیارە کۆمیتەی بانە لە لایەن مامۆستاوە دامەزرا، بە هاوبەشی و بەشداری چەندین کەسی زۆر موحتەڕەم و بەڕێز، کە ژمارەیەکیان لە دامەزرانی سازمانی خەبات لەگەڵ بوون، لە کەسە دیارەکان میرزا عەبدوڵڵای نەعلبەندی بوو، کەسێکی خاوەن ئینساف و بە ئەخلاق و دەست پاک لە هەموو ڕوویەکەوە بوو، دەورێکی زۆر باشی بوو و هاوکاری باوکم بوو.
میرزا عەبدوڵڵای نەعلبەندی کە تا ئەو ساڵانەی دواییش لەگەڵ سازمانی خەبات بوو لە ڕانیە، دوایی ناچار بوو ڕۆیشتەوە بۆ ئێران، چونکە تەمەنی زۆر بوو، ماڵ و منداڵەکەشی هەموو لە ئێران بوون، لەم ئاخیرانەدا لە مهاباد کۆچی دوایکرد. دیارە کەسانی دیکەش هەبوون، وەک عەبدوڵا ئیقدامی، ڕەشیدخان، ئەوەی بەبیرم دێ چوار یا پێنج کەس بوون و هەروەها چەند کەسی دیکەش هاوکاربوون بۆ نمونە شەهید مامۆستا سەید خەلیلی شەریفیان ئەوانە هاوکاریی مامۆستا بوون لە بەڕێوەبردنی کۆمیتەی بانە، کە شێوەی حکومەت و نمونەیەکی زۆر چاکی بەڕێوەبەریی بوو.
پ: ئەی مامۆستا شێخ جەلال چ پەیوەندییەکی لەگەڵ کاک ئەحمەدی موفتی زادە هەبووە لە کوردستان ؟ وەک کەسایەتیەکی سوننی لە ناوچەکانی سنەو مەریوان نفوزی خۆی هەبووە ؟ ئایا هیچ پەیوەندیەک هەبووە؟
بابەشێخ :هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ کاک ئەحمەد پەیوەندی و دۆستایەتی باشی هەبووە، ئەو پێوەندی و دۆستایەتیە هەر لە دەورانی حکومەتی شاوە گەرم و گوڕ بوو. کە بەرخوردی توند بەرامبەر کاک ئەحمەد کراوە، مامۆستا شێخ جەلال پێی ناخۆش بوو، ئەمن بۆخۆم شەخسەن زۆر لە ماڵی کاک ئەحمەد بووم، جاری وابووە بە حەفتە یان دوو حەفتە ماومەوە، زۆر ڕێز و ئیحترامم بۆی هەبوو، زۆریشی من خۆش دەویست، جارێک منی نارد بۆ لای دوکتورێکی تایبەتی چاو کە دۆستی خۆی بوو لە کرماشان. بەداخەوە نەوعی بەرخوردی لایەنە چەپەکان لەگەڵ خودی کاک ئەحمەد، یان نەوعی لێکدانەوەی هەندێک لەو کەسانە لە دەوری کاک ئەحمەد بوون بوونە هۆی ئەوە کاک ئەحمەد دوور بکەوێتەوە لە کۆی جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان بەرانبەر ڕژیمی ئێران و بە داخەوە کاک ئەحمەد کەوتە داوی ڕژیمی ئێران و بەڵێنە درۆینەکانی ئەو ڕژیمە و لە ئاکامیشدا بەهۆی شکەنجەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئاخوندەکان گیانی سپارد و شەهید بوو .
پ: هۆکار چی بوو لەگەڵ مامۆستا شێخ جەلالدا هەماهەنگیان نەکرد لە دروستکردنی سازماندا؟
بابەشێخ : هەلومەرجەکە لەوە تێ پەڕی بوو تا کاک ئەحمەد لەگەڵ جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری خەڵکی کوردستان بکەوێ. کاک ئەحمەد پێی وانەبوو جوڵانەوەی چەکداریی لە بەرامبەر ڕژێم کارێکی دروستە، بە تایبەت کە لەجوڵانەوەدا هێزی چەپی زۆر دەبیندرا، بوونی هێزی چەپی ڕادیکاڵ لەو سەردەمەدا بۆ کاک ئەحمەد بەربەست بوون، دیارە ئەوە لێکدانەوەی خۆمە. کاک ئەحمەد پێی وابوو ئەو جوڵانەوەیە زیاتر چەپەکان دەوریان هەیەو ئەو جێگەی نابێتەوە، لە لایێکی دیکەوە پێ وابوو خومەینی درۆ ناکا لە بەڵێنیەکانی بە کورد، بەڵام دەرکەوت بۆچوونەکەی وا دەرنەچوو و خومەینی هەم درۆی کردو هەم جینایەتی خوڵقاند، لە ئاکامدا بە داخەوە بەشێوەیەکی زۆر ناجوامێرانە کاک ئەحمەد گیراو شکەنجەی زۆر دراو دەگوترێ دەرمانداویان کرد کە ئەو سەممەی لە ماوەی زینداندا دایانێ، بووە هۆی لە ناوچوون و کۆچی دوایی .
پ: مامۆستا دەوری چی بوو لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی کاتی دوای شۆڕشی گەلان، لە کاتی حکومەتی بازرگان و ئەوانە؟
بابەشێخ : دەوری مامۆستا شێخ جەلال زیاتر لە سنووری کوردستاندابوو. بۆ نمونە پارێزگاریکردن لە ئوستانی کوردستان و شاری سنەو تەنانەت ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاریی کردن لە ئیبراهیم یونسی ئوستاندارەکەی لەسەر داوای ئییبراهیم خان، و هەروەها ئیدارەی شاری بانە و ڕێنوینی کردنی شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوو. ئەو هێزی پێشمەرگەیەی لە ژێر دەستی مامۆستا شێخ جەلال دا بوون، پارێزگاری شۆێنە حەساسەکانی شاری سنەی کرد، ناوەندی ئوستانی کوردستان بە دەست هێزی پێشمەرگەی ژێر فەرماندەیی مامۆستا بوو بۆ نمونە مەقەڕی ئوستانداری، ڕادیۆ و تەلەویزیۆن، بیمارستان و بنکەی پۆلیس. ناوی ژمارەیەک لە سەرپەلەکان ( مام ڕەحمان کەریمی باوکی شەهید ئەبوبەکری کەریمی، علی حاجی عەتتار بوو، کوێخا شەریفی میراوا، کۆێخا کەریمی بڵەسەن و قاراغای سیاومە) هتد ....
پ: دوای ئەوەی دانوستان لە نێوان حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەیئەی نوێنەرایەتی کورد دەست پێدەکات، مامۆستا شێخ جەلال ڕۆڵی چی بوو لە دانوستانەکاندا لە کاتی گەڵاڵەی 8 ماددەی ؟
بابەشێخ :مامۆستا یەکێک بوو لەئەندامانی ڕاوێژکاری گەڵاڵەی هەشت ماددەیی، بەبیرم دێ کە لە مهاباد لە ماڵی ( میرزا ڕەحیم خەڕازی ) کۆبوونەوەی هەیئەتی نۆێنەرایەتی کورد و نۆێنەرانی حکومەتی ئێران بوو، جەنابی مامۆستا شێخ جەلال بەشداری کۆبوونەوەکە بوو. جەنابی مامۆستا بە هەموو شێوەیەک موخالفی مادەی 8 بوو کە باس لە دەرکردنی کوردانی عیر٠Žاق و بە تایبەت بارزانییەکان دەکات، و هەمیشە ماددەی 8 پێ خراپ و نابەجێ بوو، بەهیچ شێوەیەک مەوافقی نەبوو.
پ: هەندێک پێیانوایە ( دکتۆر قاسملو ) هەندێکی تر دەڵێن( شێخ عیزەدین) هەندێکی تر دەڵین ( فوئادی مستەفا سوڵتانی و سەڵاحەددینی موهتەدی )، تۆ چۆن دەیبینی ؟
بابەشێخ :من پێم وایە ئەو کەسانەی کە ئەو گەڵاڵەیان داڕشتووە، یان کە هەموو مادەکانیان داڕشتوە بێبەش نین لەوکارە خراپ و نادروستە، ڕاستە بە زۆرینە دەنگیان داوە و کەمینە نەیتوانیوە کاریگەری هەبێ، بەڵام بێگومان دکتۆر قاسملو، کاک فوئاد ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە داڕشتنی ئەو گەڵاڵەو ماددەی 8 .
پ: قەت باوکت بۆی باس نەکردووی کە کێ ڕۆڵی هەبووە؟
بابەشێخ :بەڵێ، هەتا وتووێژیشی هەیە لەسەر ئەوە کە ئەم موخالفی ئەوەبوو، بەڵام ئەو دوانە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لەگەڵ کاک سەڵاحی موهتەدی، بەڕاستی ئەو سێ کەسە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە داڕشتنی ئەو گەڵاڵەیە کە پێی دەڵین گەڵالەی (هەشت ماددەیی)، چونکە ئەوکاتە بەنەوعی بیرکردنەوەی ئەوان کە لە کوردستانی باشور بوون، هەڵوێستی پارتی دیموکراتیان لە باری سیاسەت بە نزیک لە ئەمریکا دەزانی کە ئەوان پێیان دەوت ئیمپریالیمزمی جیهانی و هەموو هەوڵیان بۆ لە ناوبردنی بلوکی ٠ۆژئاوا و بلوکی سەرمایەداری بوو. ئەوان پێشتریش لە کوردستانی عێراق بوون و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول، کێشەی کۆنیان لەگەڵ پارتی دیموکرات هەبوو.
ئەوکات عەبدوڵائیسحاقی ( ئەحمەد تۆفیق ) سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانێ بوو و لە مەلا مستەفای بارزانی نزیک بووە، دکتۆر قاسملو لە مەلا مستەفا دوور بووە، وە پێی وابووە مەلامستەفا زیانی بە حیزبی دیموکرات گەیاندووە گۆیا بەشێک لە هۆکان بۆ دژایەتی کردنی پارتی، پشتیوانی کردنی پارتی بووە لە ئەحمەد تۆفیق. بەداخەوە ئەو جۆرە بیرکردنەوە باڵی کێشا بەسەر ڕەوتی ڕوداوەکانی سەرەتای جوڵانەوەی خەڵکی کوردستان وکاریگەری خستە سەرهەڵۆێست و سیاسەتەکان لەو سەردەمەدا.
پ: دواتر هەندێک ڕووداو ڕوودەدات لەناو کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، وەک ڕووداوی سنەی خوێناوی ( لە ساڵی 1358 ه. ش) ئەوە چۆن بوو، مامۆستا ڕۆڵی چی بوو؟
بابەشێخ: ئەو کاتەی کە ئەو شەڕە دەستی پێکرد حکومەت بیانوی دەستکەوت بە مەبەستی هێرشکردنە سەر شاری سنە، خەڵکیش خۆراگری کرد، دوای ئەوەبوو تاڵەقانی هات بۆ سنە ڕێککەوتنێک کرا لەسەر ئەوەی کە ئاگربڕ ئەنجام بدرێ پ: ئەوە دەکەمە پرسیارێک، ئایا پەیوەندی مامۆستا و خاڵخاڵی چی بووە؟ کەی بوو؟ نامەیەکی بۆنوسیوە؟
بابەشێخ : ئەو کاتەی لە شار دەرچووین ڕوومان کردە شاخ و سەرەتای دەستپێکی خەباتی شۆڕشگێڕانە، خەڵخاڵی دوونامەی بۆ جەنابیان نوسی کە ئامادەیە کوردستان بداتە دەست مامۆستا ، کە ئاگربڕی کاتی بوو درێژخایەن نەبوو، باوکیشم لەو کۆبوونەوانە ئامادەیی هەبوو، هیچ پێی خۆش نەبوو ئەو شەڕە، دیارە بەرنامەی ڕژێم ئەوەبوو کە مافەکانی گەلی کورد نەدا، سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەش دەستیکرد بە هێرش بۆ سەر کوردستان، پێشمەرگەی موسوڵمانی کوردیان دروستکرد بە مەبەستی ناکۆکی دروست کردن و ئاژاوە نانەوە لە شارەکانی کوردستان.
پ :دوای ئەوە کۆمەڵێک ڕووداوی تر ڕوودەدات مەسەلەن کۆچی مەریوان، هەر لەو سەروبەندەدا کۆمەڵێک شەڕ ڕوودەدات مامۆستا ڕۆڵی چی بوو؟
بابەشێخ : کۆچی مەریوان ئەوە شتێکی تایبەت بوو بە شاری مەریوان، بە جۆرێک هاودەنگی بوو لەگەڵ خەڵکی مەریوان، ئەو جۆرە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئەوە شتێکی تایبەت بوو بە شاری مەریوان و ئەوەندەی ئاگادار بم مامۆستا دەوری ئەوتۆی نەبوو.
پ: لە ڕیفراندۆمی دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی مامۆستا شێخ جەلال ڕۆڵی چی بوو؟
بابەشێخ :لە ڕیفراندۆمدا زۆرینەی کورد بە یەک دەنگ باوەڕی بەوەبوو، کە بە هیچ شێوەیەک دەنگ نەدەن و بەشداری ڕیفراندۆم نەکەن، مامۆستا هەمیشە ڕای وابووە کە خەڵک ئازاد بێ لە دەنگدان و هەڵبژاردن. هەر لەبەر ئەو ڕوانگەیەی زۆر بە جیددی دژایەتی شانۆگەری ڕیفراندۆمی کرد.
پ :هەڵویستی مامۆستا لەسەر فتوای جیهادی خومەینی بۆ هێرش بۆ کوردستان چی بوو؟
بابەشێخ :بێگومان هەر ئەوەی کە مانگی هەشتی ساڵی 1979 مامۆستا بەرامبەر ئەو هێرشە وەستا، مامۆستا هێزی سیاسی نیزامی خۆی وەڕێ خست ئامادەی کرد، دیارە ئەوە لە چوارچێوەی دەفتەری ( مامۆستا شێخ عیزەدین) بوو، بەڵام بەشی هەرەزۆری ئەو هێزە لە ژێر دەستی مامۆستا شێخ جەلال بوو. ئەو هێزە بەکردەوەو لە بەرامبەر فەرمانی جیهادی خومەینی وەستاوە، لە 10ی خەزەڵوەری 1358دا گەورەترین هێزی ڕژیمی ئێران لە شاری بانە تەفروتوناکراو زیاتر لە 70ماشێن ( ئۆتۆمبێلی) سەربازی لە ناوبرا و لە دوای ئەو شەڕە خومەینی ناچار بوو بڵێ خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست، ئیعلانی ئاگر بڕی کردو شەڕی لەگەڵ کورد وەستاندو داوای مزاکەرەو وتوووێژی کرد لەگەڵ خەڵکی کوردستان .
پ: بەس پێش ئەوە ئەبینین دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین هەبوو، ئایا ڕۆڵی مامۆستا شێخ جەلال چیبوو لەو دەفتەرە، ئایا کێ مامۆستا شێخ عیزەدینی هاندا ئەو دەفتەرە دروستبکا؟ چونکە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر دروستکردنی ئەو دەفتەرە؟
بابەشێخ :ئەمن پێم وایە خودی دەفتەرەکە شتێکی خراپ نەبوو ئەگەر مەبەستەکە ئەوە نەبووبێ ڕێگە لە دروست کردنی تەشکیلاتێکی سیاسی لە لایەن مامۆستا شێخ عیزەددینەوە بگرن. بە پێویستی نازانم ناوی کەس بێنم کە ڕۆڵیان لە دروستکردنی دەفتەردا هەبوو، بەڵام دەزانم مامۆستا شێخ جەلال یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو دەفتەرە و بەشی سەرەکی باڵی سەربازییەکەی لە ئەستۆ بوو. ئەوکەسانەی لە دەفتەریش بوون، زۆربەیان لە کەسە چەپەکان بوون، کەسانی موسوڵمانیشی تێدا بوو، بەڵام زیاتر لە کەسانی چەپ بوون. پێموایە لە نێوان ئەحزابی سیاسی کورستاندا ئەگەر لەسەر هیچ هاودەنگی نەبووبێ، بەڵام لەسەر یەک بابەت ڕێککەوتن هەبوو کە ئەویش نەهێڵن مامۆستا شێخ عیززەددین ببێتە خاوەنی حزبی سیاسی. ئینجا ئەگەر دروستکردنی دەفتەریش هەر لەسەر ئەو بنەماو ئەساسە بوبێ کە ڕێگری بکات لەسەر دروست کردنی تەشکیلاتی سیاسی لە لایەن مامۆستا شێخ عیزەددین و یا هۆێک بێ بۆ ڕێگە گرتن لە بەشداری بەرێزیان لە لایەنێکی سیاسیدا، ئەمە خۆی قسە هەڵگرە، بەڵام ئەوەی بۆ من ڕوونە، دەفتەری مامۆستا ئەگەر زەمینەی ئەوەی دروستکردایە و ببوایە بە حزبێکی سیاسی زۆر کارێکی گرینگ دەبوو.
پ: باشە بۆچی نەیکرد بەحزب؟ کەچی مامۆستا شێخ جەلال حزب دروست ئەکا لە لای دەفتەرەکەی ئەوەوە؟
بابەشێخ : ئەمن پێم وایە، ئەوانەی نەیانهێشت، مامۆستا شێخ عیزەدین بەشداری لە پێکهێنانی جەرەیانێکی سیاسی بکات کارێکی هەڵەیان کرد. چونکە بوونی هێزێکی سیاسی لە ژێر کاریگەری مامۆستا شێخ عیزەددین حوسەینی خزمەتی دەکرد بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد. کۆمەڵەو دیموکرات ئەگەر لەسەر هەموو شتێک ئیختیلافیان بووەو تەنانەت شەڕی چەکداری لە نێوانیان دروست بوو، بەڵام لەسەر یەک مەوزوع هاوهەڵوێست بوون ئەویش مامۆستا شێخ عیزەدین نەبێتە خاوەنی حزبی سیاسی، بە چەند دەلیل، بەو دەلیلەی کە مامۆستا شێخ عیززەدین ببوایە بە حزبی سیاسی هەم کۆمەڵەو هەم حیزبی دیموکرات لاواز دەبوون، بۆیە ئەوانە لانی کەم لەسەر ئەو بەشە هاو نەزەربوون کە مامۆستا شێخ عیزەدین نەبێتە خاوەنی حزبی سیاسی، کە بەڕاستیش هەم مامۆستا شێخ عیزەددین زیانی سیاسی بەرکەوت و هەم جولانەوەی سیاسی کوردستانیش. کاتێک مامۆستا شێخ جەلال و شەهید مامۆستا عەبدلوڕەحمانی زەبیحی و شەهید حامید بەگی جاف لە هەوڵدا بوون بە پشت بەستن بە مامۆستا شێخ عیزەددین تەشکیلاتێکی سیاسی دامەزرێنن و تەنانەت گەڵاڵەی ئەساسنامەیان داڕشت نزیک لە بیروبۆچوونی وەک کۆمەڵەی ( ژ.ک.) وەک باس دەکرێ تا مامۆستا شێخ عیزەدین مەوافق بوو زۆری پێ باش بووە، بەڵام لە سەروحەددی ڕاگەیاندنیدا نەیانهێشت. بە مامۆستا شێخ عیزەدینیان دەوت تۆ ڕێبەری هەموو کوردی، چ پێویست دەکا حیزبت هەبێ، بەڵام ئەمە فێڵ بوو. مامۆستا شێخ عیزەدین ئەو هەموو زەحمەتەی کێشا لە جوڵانەوەی کوردا، نەیان هێشت یادگاریێکی سیاسی بەرچاوی لە دوا بەجێ بمێنێ. زەحمەتەکانی، تێکۆشانی دەورانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، زەحمەت و ئاوارەیی لە شاخ و سەداقەت و ئەخلاقی جوانی سیاسی و تایبەتمەندی باشی دیکە زۆر بوون بۆ ئەوەی تا مامۆستا شێخ عیزەدین لە سەروی لایەنێکی سیاسیەوە بێ. سەیرەکە لەوەدا بوو ئەوانەی کە ڕێگەیان لەوە گرت مامۆستا شێخ عیزەددین حیزبی سیاسی پیک بێنێ داوایان دەکرد دەفتەری مامۆستا هێزی پێشمەرگەی نەمێنێ و مامۆستا شێخ جەلال ئەو هێزی پێشمەرگەیەی کە گەورەترین فیداکاری و قارەمانیان لە خۆیان نیشانداوە هەڵوەشێنێتەوە.
پ: ئەی لە کاتی شەڕی سێ مانگەدا دانوستان لە بەینی حدکا و خومەینیدا دروست دەبێ، ئایا مامۆستا شێخ جەلال لەو سەروبەندەیا ڕۆڵی چی بوو؟ پرسی پێدەکرا یان ڕۆڵێکی دیاری هەبوو؟
بابەشێخ: تەنیا حدکا خۆی ئەو دانیشتبوو ووتوێژانەی دەکرد، مامۆستا هەمیشە پێیوابوو جمهوری ئیسلامی مافی کورد دابین ناکا. ئەو ڕاستییەی کە ڕژیم مەبەستی لە ووتوێژ تەنیا فێڵ و چاوبەست بوو، لە ئەحزابی کوردستانی ئێران ئاشکرایە. مامۆستا شێخ جەلال لە سەرەتاوە پیێوابوو ڕژیمی ئێران درۆ دەکات هەر بەو مەبەستەش وەڵامی توندی بە داواکەی خەڵخاڵی داویەوە.
پ: ئەوە دەکەمە پرسیارێک، ئایا پەیوەندی مامۆستا و خاڵخاڵی چی بووە؟ کەی بوو؟ نامەیەکی بۆنوسیوە؟
بابەشێخ : ئەو کاتەی لە شار دەرچووین ڕوومان کردە شاخ و سەرەتای دەستپێکی خەباتی شۆڕشگێڕانە، خەڵخاڵی دوونامەی بۆ جەنابیان نوسی کە ئامادەیە کوردستان بداتە دەست مامۆستا شێخ جەلال و مامۆستا شێخ عیزەددین و هەروەها لەگەڵ خومەینی کۆببنەوە.
پ: ئەمە ساڵی 1979 بوو؟
بابەشێخ :بەڵێ، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکان و بە دوای هێرشی یەکەمی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر کوردستان.
مامۆستا جوابی نامەی خاڵخاڵی داوە، کە زۆر جدی و توند بوو، پێ ڕادەگەێنێ دەبێت لە کوردستان بڕواتە دەرەوە، ئەو ڕژێمە دەبێ مافی خەڵک دابین بکات. لە کاتێکیشدا لە قۆناغێکی هەستیاردابووین، وەک دەڵێن ئەستێرەیەکمان بەئاسمانەوە نەبوو. نامەکە لە ڕێگەی (مەلا کەریمی دۆڵەگۆێر) خوا لێیخۆش بێ نێردایەوە بۆ خەڵخاڵی کە هەر ئەویش نامەی خەڵخاڵی هێنابوو بۆ مامۆستا.
پ: هەر لەو سەرو بەندەی دانوستانەکاندا بوو؟
بابەشێخ :لەو سەروبەندەدا هەر ئەو نامەیەی خەڵخاڵی بوو کە وەڵام درایەوە و دوای داگیرکردنی شارەکانی کوردستان ئێمە ئاوارەبووین .
مامۆستا باوەڕی بە ووتوێژ لەگەڵ وتوێژ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی نەبوو، چونکە ئەو حکومەتە هەر لە سەرتاوە دەستی دایە توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان و هەروەها ئامادە نەبوو مافی کورد بدات .
پ: لەساڵی 1980دا کۆمەڵێک شەڕو پێکدادان لە ناوچەکەدا بووە، یانی پێش دامەزراندنی سازمان؟
بابەشێخ :کاتی خۆیلە ناوچەی کەرەفتوی سەقز، شەڕ لە نێوان چەندین ئاغاو جوتیاران ڕوویدا، مامۆستا چوو بۆ کۆتایی هێنانی ئەو شەڕە و هەوڵی ئەوە بوو خوێن نەڕژێ، کاتێک چوونە ئەوناوچەیە، هێزەکانی ڕژێمی ئێران هێرشیان کردنە سەر، لە سەرەتادا مۆتۆڕسیکلێتی پاسدارەکان دەبینن، دواتر هێزی بەدوادا دێت و دەبێتە شەڕ، شەڕێکی زۆر نابەرابەر دروست دەبێ. شەهید کاک عەبدولکەریمی حوسەینی برام، دەورێکی زۆر گەورەی هەبوو لەو شەڕەدا.
مامۆستا هەمیشە دەوری ئاشتی و چاکسازی دەبینی لە نێو کۆمەڵگەدا، دژی ئەوەبوو کە ئەوە ئاغایە ئەوە شێخە ئەوە فەقیرە، هەمیشە ویستویەتی ئاشتی کۆمەڵایەتی، تەبایی لە نێو چین و تووێژەکانی کوردستاندا هەبێ، چوونکە پێی وابوو لە کێشەو ناکۆکی کەس ئیسفادە ناکات.
پ: ئەمەوێ بچینە سەر دروستکردنی سازمان، چۆن مامۆستا شێخ جەلال سازمانی دورستکرد؟ کێ بوون هاوکارەکانی ؟ بۆچی مامۆستا شێخ عیززەدین کە پێشتر بەیەکەوە لە یەک دەفتەردا بوون نەهاتە نێو سازمانەوە؟
بابەشێخ :کاتێک مامۆستا شێخ عیزەدین فەرموی من هێزی سەربازیم نییە، هێزی پێشمەرگەم نییە، ئەو خەڵکانەش کە لە دەوری مامۆستابوون ،کەسانی خاوەن باوەڕو بۆچوونی جیاواز لە حزبی دیموکرات و لە ئەحزابی دیکەو لە کۆمەڵە بوون، ئەوان نەیان دەتوانی کاری سیاسی بکەن، لەگەڵ ئەو دوو جەرەیانە سیاسییە، گەیشتنە سەر ئەو قەناعەتەی کە ئەم تەشکیلاتە نەفەوتێ، شەهید دراوەو لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، تێکۆشان و خەبات کراوەو هێزێکی گەورەی کۆماری ئیسلامی بە دەستی ئەو هێزە پێشمەرگەیە لەناو چووە، خومەینی ناچار کردبوو وتووێژ قبوڵ بکات، کەوایە هەم لەباری فکرییەکەوە هەم لە باری پراکتیک و کارییەوە ناتوانن لەگەڵ جەرەیانێکی دیکەی سیاسی بن، بۆیە گەیشتنە سەر ئەو قەناعەتەی تەشکیلاتێکی سیاسی پێک بێنن. لە دروستکردنی ئەو جەرەیانەی کە پێشتر باسمکرد مامۆستا زەبیحی تیابوو، بەڵام مامۆستا شێخ جەلال بە هاوکاری مامۆستا مەلاکەریم ساردەکۆسانی مامۆستا مەلا خدر و مەلا سەید خەلیل و...هتد سازمانی خەباتیان دروستکرد.
پ: وەک بزانی ناوەکەی چیی بوو؟
بابەشێخ :ناوی ئەو تەشکیلاتەی مامۆستا زەبیحی لە سەرەتای هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی لەگەڵ بوو نازانم، بەڵام دوایی سازمانی خەبات دروستکرا، کەسانێک لە حزبی دیموکرات باسی ئەوەیان دەکرد پەیڕەوپڕۆگرامەکەی لە پەیڕەو پڕۆگرامی حیزبی دیموکڕات کۆپی کراوە. کاک کەریمی حیسامی نامیلکەێکی لەسەر نوسیبوو بە ناوی ( چەند قسەیەک لەگەڵ خەبات ) .
بەڵام ئەمە کاری جەمعی بوو، نەقشی سەرەکی و ئەسڵی لە دامەزراندنی سازمانی خەبات بە واقیع بەپێی شتە مێژوویەکان و ئیعترافی دۆست و ئیعترافی دوژمنیش کە مامۆستا شێخ جەلال لە تەسبیتی سازمانی خەبات دەوری سەرەکی گێڕاوە. ئەوانەشی کە سازمانی خەباتیان بەجێهێشتوە ئەو ڕاستیەیان دووپات کردۆتەوە کە مامۆستا شێخ جەلال یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی جێگیربوونی سازمانی خەبات بووە .
پ: ئەی دوای دروستکردنی سازمانی خەبات پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموکرات چی لێهات ؟
بابەشێخ : لە سەرەتاوە پێوەندیەکانمان باش نەبوو لەگەڵ حیزبی دیموکرات.
پ: هۆکاری چی بوو پەیوەندیەکان باش نەبوون ؟
بابەشێخ : باشتر وایە لە حزبی دیموکرات بپرسرێ، هۆی چییە باشتان نەکردووە، کاتێک شەڕ لە نێوان دوولایەن ڕوو دەدا، دەبێ لە خاوەن هێزی زیاتر بپرسی کە بۆچی شەڕت کرد؟ نابێ لە لایەنی کەم هێزتر پرسیار بکرێ. بەڕاستی ئێمە لە سەرەتای جوڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان هەر هەوڵمان بۆ تەبایی و یەکڕیزی داوە، ئەگەر هێرشمان کرابێتە سەر، دیفاعمان لە خۆمان کردوە. بە بۆچوونی من حزبی دیموکرات دەیویست تەنیا خۆی یەکەم هێزی کوردستان بێ و جەرەیانی سیاسیتر یا بوونیان نەبێ و یا زۆر لاوازو بێ توانا بن. بە داخەوە لە ساڵاننی دەیەی 60ی کۆچی خۆری مەبەستی بوو شەڕی سەرانسەریمان لە دژ ڕابگەیەنێ، ئەمە ئیعترافی یەکێک لە ئەندامانی پێشووی دەفتەری سیاسی خۆیانە. بۆیە بەڕاستی تەنیا بیرکردنەوەی خۆسەپێنی و تاکرەوی و تاک حیزبی وایکرد ئەوشتانە ڕووبدات، لە ئێستادا بەخۆشیەوە هێندێک گۆڕان بەسەر بۆچوونەکانی ڕابردوویان هاتووە.
پ: ئەو پێکدادانە چی بوو کە لە بەینی ئێوەو حدکا ڕوویدا؟
بابەشێخ :پێکدادان و ئاڵۆزیەکان کەم نەبوون .ئینجا کامەیان؟
پ: لە ساڵی 1981دا دا شەڕتان کردووە؟
بابەشێخ :حدکا هێرشی کردە سەر بارەگاکانمان، چەند بارەگای سازمان لە لایەن حزبی دیموکراتەوە گیران، پێشمەرگەی سازمانی خەبات شەهید نەبوو، بەڵام چەند پێشمەرگە برینداربوون، بنکەکانی سازمانی خەبات لە سارتکێی سەردەشت، شقۆیفی سەقز، قاقڵاوای بۆکان، شخەڵ لە سەردەشت، سنگان لە شنۆ دیارە ئەوەندەی لەبیرم بێ، لە لایەن حدکاوە گیراون، چەندین جار کادری هێزی پێشمەرگەمان لە لایەن دیموکراتەوە هێرش کراوەتە سەریان و گیراون و چەک کراون، بێگومان هەمیشە دیفاعمان کردووە، لە هێندێک ناوچە، سازمانی خەبات هێزی بووە خۆراگری زۆر کراوە. ئەوە مێژووەیەکی ناخۆش و تاڵە لە مەودای جوڵانەوەی کوردداو لە پەیوەندی حدکا لەگەڵ سازمانی خەبات .
پ: ئایا شێخ مادحی شێخ عوسمان کە حزبی ڕزگاری دروستکرد لەگەڵ مامۆستا شێخ جەلال پەیوەندیان هەبووە؟
بابەشێخ : جەنابی شێخ عوسمان کەسێکی گەورە بوو، جەنابی باوکم زۆر ڕێزو ئیحترامی بۆی هەبوو.
پ:لەگەڵ کوڕەکەیدا من مەبەستمە ؟
بابەشێخ :جارێک مشکلاتیان هەبوو هاتن، ئەو کات کۆمەڵە هێزی ناردە سەریان و لێیدان، هاتن داوای هاوکاریان کرد بۆ ئەوەی فریای ئەفرادیان بکەوین، ئەگینا ئیرتیباتێکی ئەوتۆ لەگەڵ کوڕەکەیدا نەبووە.
پ: ئەی لەگەڵ کۆمەڵەدا پەیوەندی چۆن بووە؟
بابەشێخ : کۆمەڵە چەند جار کێشەی بۆ دروستکردوین، بەڵام بە ئەندازەی حدکا نەبووە. قسەیەکی خۆشی جەنابی باوکم سەبارەت بە کۆمەڵە. قەرار بوو مامۆستا شێخ جەلال 50 چەک بدات بەکۆمەڵە. هەر لەو سەروبەندەدا کۆمەڵەش چەند کەسی لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات فریوداو بە چەکەکانیانەوە چوونە لای کۆمەڵە، هەرچەند داوای چەکەکانمان کرد نەیانداینەوە. دیارە پێشتر جەنابی مامۆستا بەڵێنی دابوو هاوکاری کۆمەڵە بکات و 50 چەکیان بداتێ، بەڵام دوای ئەو کارەی کۆمەڵە، جەنابی مامۆستا فەرمووی، بڕۆن بە کۆمەڵە بڵێن واز لە شۆڕش بێنن بچن حیساب فێربن، ئەوان گوناحن پێنجیان پێ لە پەنجا زیاترە. بەلێ لە گەڵ کۆمەڵەش کێشە هەبوە، بەڵام کێشەکانی کۆمەڵە لەگەڵ سازمانی خەبات بە ڕێژەی حیزبی دیموکرات نەبووە.
پ: لەگەڵ چەپەکان پەیوەندیتان چۆن بووە؟ بۆ نمونە لەگەڵ حزبی تودە؟
بابەشێخ :لەگەڵ تودە هیچ پەیوەندیمان نەبووە، پێمان وابو وسیاسەتێکی هەڵەیان هەبووە، لەگەڵ چریکی فیداییش لە سەرەتادا پێوەندیمان باش نەبوو، چونکە ئەوان بیرکردنەوەیێکی توندیان هەبوو، تەبلیغاتیان دەکرد کە مامۆستا هاوکاری لەگەڵ حزبی بەعس دەکات، بەڵام لە دوای لێکترازان و ئینشعاب لە ناوچریکەکاندا پێوەندیمان لەگەڵ چەند لایەنی چریکی فیدایی وەک ئەقەلیەت و شوڕای عالی .. هتد باش بوو. بەگشتی لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە دژی ڕژیمی ئێران تێکۆشاون پەیوەندیمان باش بووە، بەڵام بەداخەوە چریکی ئەکسەریەت و حیزبی تودە چونەوە بۆ لای ڕژیم و خیانەتیانکرد.
پ: ئەی لەگەڵ ئەقەلیەت ( چریکی فیدایی ئەقەلیت) پەیوەندیتان هەبوو؟
بابەشێخ :بەڵێ لەگەڵ ئەقەلیەت پەیوەندیمان هەبووەو هەیە ئەوان لە ناوچەدا بوون و بەردەوام بوون لە تێکۆشان بەرانبەر ڕژیم. تەنانەت جارێک حزبی دیموکرات چەکی کردن ئێمە هاوکاریمان کردن و هێزمان لەگەڵ ناردنەوە بۆ ئەوەی توشی کێشە نەبن، چونکە چەک و سیلاحیان بۆ دیفاع لە خۆیان بەرانبەر بە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم پێ نەهێشتبوون.
پ: کاک بابەشێخ ئەمەوێ باسی ئەوە بکەین، کۆمەڵێک ئینشیعاب لە نێو حزبی کوردیدا ڕوودەدات، حزبی ئێوەش بەدەر نییە لەوە، ساڵی 1987 لە24/5/1987، جەماعەتێک جیادەبنەوە، ئایا هۆکاری ئەو جیابونەوەیە چی بوو؟ بەتایبەت باس لەوە دەکرێ مامۆستا مەلا شێخ جەلال ویستویەتی کۆمەڵێک خەڵک بێنێتە سەرکردایەتی، بەڵام جەماعەتی مامۆستا مەلاخدرو ئەوان ڕازی نەبوون، ئایا ڕاستە؟
بابەشێخ :لە سەرەتادا با ئەوە بڵێم کە هیچ جیابونەوەیەک بە قازانج نییە. زیانەکانی جیابونەوەو ئینشیعابات زۆر گەورەترو قورسترن لەوەی کە ئێمە لە ناوخۆدا موشکیلاتێکیشمان هەبێ. مەبەستم ئەوەیە حەوانەوە بەیەکەوە، سەرەڕای ناخۆشیەکان و بەربەستەکان کە هەیەتی، هەزار جار باشترو کەم زیانترە لەوەی کە ئینشیقاقات و ناکۆکی و جیابونەوە ڕووبدات. بەو دەلیلەی لە هەر جیابوونەوەو ناکۆکیێک دوژمن کەڵک دەبینێ. لە لاێکی دیکەوە ئەو دەستەو بەشەی کە جیا دەبنەوە، هەمان موشکیلات کە پێشتر لە سەری جودابوونەوە سەر لە نۆێ لە ناوخۆیاندا سەر هەڵدەداو دووبارە دەبێتەوە. بەگشتی جودابوونەوە بە زیان دەبینم. بەنیسبەت ئەو بەڕێزانەش کە لە سازمانی خەبات جیابونەوەو ڕۆیشتوون، دەڵێم لە هەموو حزبێکدا مشکیلات و کەم و کوڕی هەیەو دەبێ و لە سازمانی خەباتیشدا بوونی هەبوو بە تایبەت کە تەجروبەی پێویست نەبوو بۆ کارکردن. لە لاێکی دیکەوە سازمانی خەبات لە هەلومەرجێکی حەساسدا پێکهات. لە حاڵەتێکی وادا تەبیعیە سازمان موشکیلاتی هەبێ، سروشتیە ناکۆکیش هەبێ. ناتوانم بڵێم ئێمە لە ماوەی کارکردنماندا لەگەڵ ئەو بەڕێزانە هەڵە نەبووە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێستا چ قازانجێک کراوە، کە جیا بونەوە؟ سەبارەت بەو بەشەی پرسیارەکەت، کە مامۆستا کەس بێنێتە سەرکردایەتی سازمانی خەبات، شتێکی وا ئەسڵەن وجودی نییەو نەبووە. ئەو کاتەی ئەوان بە گەرمی دەستیان دایە هەوڵی جودا بوونەوە، ئەمجار ئێمە هەوڵماندا کادر و پێشمەرگەکان لە زیانەکانی ناکۆکی و جودا بوونەوە تێبگەێنین. بە دەلیلی ئەوەی من لەناو جەمعی پێشمەرگەدا بووم، هەستم زیاتر بە وەزعەکە دەکرد، قسەم لەگەڵ زۆر لەوبرادەرانە دەکرد و باسی زیانەکانی ناکۆکی و ئاژاوە لە ڕیزی سازماندا دەکرد. دیارە شەخسیەت و کەسایەتی مامۆستاو گەورەیەکەی دەوری ئەساسی بینی لە پووچەڵ بوونەوەی بەشێکی زۆر لە زیانەکانی جودا بوونەوە. جێگەی داخە بە ڕۆیشتنی ئەو بەڕێزانە سازمان قازانجی نەکرد بە تایبەت کە چەندین کادر و پێشمەرگەی چالاک و دڵسۆزی لێ دوور کەوتەوە. ئێمە کارەکانمان هەمیشە بە شێوەی شورای و مەشورەت کردووە، لە سەروبەندو نزیک لە ڕۆیشتنی ئەو بەڕێزانە، لە کادرە پێشکەوتوەکان و لە کۆی کەسە خاوەن ئەزموونەکان شوڕاێکی کاتی تەشکیل درا بەناوی شواڕی سیاسی سازمانی خەبات بۆ ئیدارەکردنی کاتی تا بەستنی کۆنگرە. ئەویش ئەو شۆڕایە لە سەروبەندی ڕۆیشتنی ئەو بەڕێزانەدابوو. ئەوبەڕێزانە هەر لە سەرەتای دامەزرانی سازمانی خەبات و لە ساڵی شەستەوە( مەبەست شەمسی هیجریە) خەریک بوون و ئەو ڕاستیەش لە وتوێژو و قسەکانیان بیستراوەو بیندراوە. بە گشتی خۆیان قازانجیان نەکرد دەکرا پێکەوە بحەوێینەوەو بە دانیشتن و حەوانەوە کێشەکان حەلبکرێن و نەگاتە ئەو ئەنجامە زیانبارە.
پ: دواتر ئەوان چیان لێهات ؟ کەوتنە کوێ ؟ ناوی خۆیان گۆڕی؟
بابەشێخ :ئەوان بەناوی خەباتی شۆڕشگێڕ( ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕ) بوونی خۆیانت ڕاگەیاند، لە سلێمانی بنکەیەکیان داناو دوایی چوونە قەندیل و لەوێ بنکەیان داناو توانیان کار بکەن و چالاکیی بکەن و، ئێستاش هەن و ماون و سازمانی خەبات ئامادەیە هاوکاریان بکات بۆ ئەوەی زیاتر بێنە مەیدان و چالاکبن.
پ: ئەی دوای ساڵی 1988و 1989 بارودۆخی حزبی ئێوە چیی لێهات ؟
بابەشێخ :دەورانێکی خۆش نەبوو، مونافەسەو گێرەو کێشەو تەئسیراتی ڕۆیشتنی ئەو برادەرانە، وایکرد سازمانی خەبات بە دەورانێکی ناخۆشدا تێپەڕێ، حاڵەتێکی ناخۆش بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات، توانرا بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین، سازمانی خەبات ڕێڕەوی خۆی بڕی، کۆنگرەی دوومی خۆی بەست و دوای کۆنگرەی دووەمیش ئاڵوگۆڕ دروست بوو، مەبەستم ئەوەیە کار و چالاکییەکان زیاتر بوون و بەرپرسیاتییەکە ڕەسمیەتی پێدرا.
پ: لە کاتی ڕاپەڕینەکەی باشوری کوردستان، باس لەوە دەکرێ سازمان بەشداری کردووە؟ ئەوە چۆن بوو؟ لە کاتێکا ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ حزبی بەعس هەبوو، دوایی کە هاتەوە چۆن ئێوەی توشی کێشە نەکرد؟
بابەشێخ : بنکەی سەرکردایەتیمان لە شێبانە نزیکی سەرکەپکان لە دۆڵی ئاکۆیانی ڕانیە بوو ئەو ڕۆژەی ڕاپەڕین دەستی پێکرد ئێمە هاتینە ڕانیە، بنکەی پێوەندیمان لە ڕانیە بوو، کاتێک چووینە سەردانی بنکەی عەلاقاتمان لە ڕانیە، دیتمان لە شار تەقەو ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک و هێزەکانی حکومەتە، چووینە مزگەوتی قوللە لە نزیکی پێوەندی سازمان، مەلا سەید قسەی بۆ خەڵک دەکرد لە مزگەوتەکەو سوپاسی سازمانی خەباتی کرد کە هاوکاری خەڵکی ڕانیەیان کردوە، واتە بەشداریکردنی سازمانی خەبات لە ڕاپەڕین بوو بە ئەمرێکی واقع، دوای ئەوە بیستمان هێز لە شاری ( کۆیە) یەوە دێت بۆ سەرکوتی خەڵک لە ڕانیە، ئێمە پێمان ناخۆش بوو دەمانزانی کە هێز بێ بۆ کوشتاری خەڵکی ڕانیەیە. ئەوەبوو چووین بۆ لای چوارقوڕنە دیمان لە دەوری مەعەسکەری چوارقوڕنە ژمارەیەک هێزی خەڵکیی لێبوو تەقەیان لە مەعەسکەری چوارقوڕنە دەکرد، هیلیکۆپتەرو هێزێکی زۆر دیاربوون بەرەو ڕانیە هێرشیان دەهێنا، بە پێشمەرگەکانم وت هاوەن بهێنن، هاوەنیان هێناو مەعەسکەرەکەی چوارقوڕنەمان هاوەن باران کرد. مەعەسکەری چوار قوڕنە بە فەرماندەیی ئێمە گیرا. بە کورتی تێکەڵ بە ڕاپەڕین بووین.
پ: ئەی کە بەعس گەڕایەوە توش کێشە نەبوون؟
بابەشێخ :بە واقع دەبێ بڵین کە ئووسوڵی سیاسی حکومەتی بەعس و جۆری تەعامولی لە کاری سیاسی زۆر موهیم بوو، گوێیان نەداینێ، دیارە هەر ئەوەندەیان وتبوو کە ئێوە بەشداری ڕاپەڕینتان کردوەو بە جەنابی مامۆستایان وت تۆ لە ڕادوێ دەنگی خەباتی کوردستان وتارت لە دژی حکومەتی عێراق بڵاوکردۆتەوە جەنابی مامۆستاش فەرموو بووی بەڵگە بێنن، بێگومان بەڵگەیان هەبوو، بەڵام موراعاتیان کرد، بەڵام من قاچاغ بووم، نەمتوانی بچمە ئەو شوێن و ناوچانەی حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بە سەریدا هەبوو. حکومەتی عێراق نەیتوانی بێتە ڕانیە، ئەوە باش بوو بۆ ئێمە.
پ: ئەمەوێ بپرسم ڕۆڵی مامۆستا شێخ جەلال چی بوو؟
بابەشێخ : جەنابی مامۆستا لە ڕادوێ دەنگی خەباتی کوردستان وتاری دژی حکومەتی عێراق داو هانی خەڵکی بۆ شۆرش دژ بە حکومەتی بەعس دا.
پ: من ئەمەوێ پێش ئەوەی بچینە سەر ساڵانی نەوەدەکان، ساتەکانی پەیوەندی ئێوەو بەعس بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئەو پەیوەندیە کاریگەری نەبوو لەسەر پەیوەندی ئێوەو حزبەکانی باشور؟
بابەشێخ :پەیوەندییەکانمان بۆ پێش ساڵی 1980 دەگەڕێتەوە. ئەو کات مامۆستا شێخ عیزەدەین داوای لە مامۆستا شێخ جەلال کردبوو پەیوەندی دروست بکا. ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین، واتە پێش دروستبوونی سازمان. حکومەتی عێراق خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانی کە( شێخ محمد) بوو ناردبووی، پەیوەندییەکە لە ڕێگەی ئەو و چەند کەسایەتی کوردی عێراق و لەسەر پێشنهادی حکومەتی عێراق دروستبوو. دیارە پەیوەندی ئێمە لەسەر ئەساس و بنەمای زەربەدان لە کورد یان هێزی پێشمەرگەی هیچ جەرەیانێکی سیاسی نەبووە، ئێمە ئیرتیبات و پەیوەندیمان سیاسی بووە، حکومەتی عێراق و ڕژیمی ئێران کێشەیان هەبوو، لە هەمانکاتدا ڕژیمی ئێران دژایەتی کورد و داوا ڕەواکانی دەکرد. پێوەندی نێوان سازمانی خەبات و حکومەت عێراق لەسەر بنەماو ئوسوڵ بوو، تەنانەت لەسەر داوای حکومەتی عێراق هیچ کردەوەێکمان لە دژی ڕژیمی ئێرانیش نەکردووە. ئێمە لەگەڵ عێراق پەیوەندیەکی سیاسیمان هەبوو. پەیوەندی ئێمە لەسەر بنەمای سیاسی بوو، بە شێوەێک هیچ داوایەک کە بە زیانی پێگەی سیاسی و بنەمای شۆڕشگێڕانەمان بێ قەبووڵ نەکردوە، سیاسەت و پڕنسیپ لە ئوسووڵی پێوەندییەکانمان وایکرد حکومەتی عێراق نەتوانێ داوایەکمان لێ بکات لە دەرەوەی ئوسوڵی پێوەندی سیاسی ئێمە بێ. لەسەر چوارچێوەیەکی سیاسی مەحکەم و دروست پێوەندیمان داڕشتوە. لەگەڵ حکومەتی عێراق پەیوەندیمان هەبوو هاوکات لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی عێراقیشدا پەیوەندیمان هەبووە.
پ: پەیوەندیتان لەگەڵ حزبەکانی باشور چۆن بوو؟
بابەشێخ : پێوەندییەکانمان ئاسایی بوون، ئەو سەردەمەی مامۆستا شێخ جەلال بەرپرسی ئیداری ناوچەی بانە بوو هەروەها لە زۆربەی ناوچەکانی دیکە کوردستان کاریگەریی هەبوو دەورێکی باشی لە ڕێگە گرتن لە کێشەی نیوان حیزبەکانی کوردستانی عێراق هەبوو، بۆ نمونە ناوچەی بانە، یەکێتی و پارتی کێشەیان بوو تەنانەت پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی و پێشمەرگەی پارتی دیموکراتیان چەک کردبوو لە دێی بڵەسەن، مامۆستا فەرموو بووی دەبێ بە زوویی چەکەکانی پێشمەگەکانی پارتی دیموکرات بدەنەوە ئەوانیش دابویاننەوە، بەڵام بۆ ڕێگەگرتن لە ئاڵۆزی و کێشە، ناوچەی بانەی لێ دابەش کردن بۆ ئەوەی تێدا بحەوێنەوە، بۆ نمونە پارتی دیموکرات بەشی پاش ئاربابا بەرەو دۆڵی بۆیەن و لای سەقز، یەکێتیش ناوچەی دەشتەتاڵ بۆ لای سەردەشت، بۆ ڕێگەگرتن لە پێکدادانی نێوانیان. مەلا مستەفای بارزانی کەسایەتییەکی گەورەو بەڕێزبوو جەنابی باوکم شیعری هەیە لەسەر تەعریفی مەلا مستەفا.
پ: ئەی دوای پەیوەندیەکانتان چی لێهات؟
بابەشێخ :لەگەڵ پارتی پەیوەندیمان هەبوو، زۆرجار ئەندام و بەرپرسەکانیان لە ناوچەکانی ژێردەستی سازمانەوە هاتوچۆیان دەکرد بۆ بنکەی خۆیان لە سلێمانی. چەند جار بە هەڵەو لەبەر یەکتر نەناسین تەقە لە نێوانمان ڕوویداوە جارێک پێشمەرگەیێکی پارتی شەهید بووە جارێکیش پێشمەرگەیێکی سازمانی خەبات لە لایەن پێشمەرگەی پارتی شەهید بووە، بەڵام لەگەڵ پارتی دیموکرات هیچ کات شەڕمان نەبووەو پەیوەندیمان باش بووە.
پ: لەگەڵ یەکێتی پەیوەندیتان چۆن بووە؟ باس لەوەدەکرێ لەگەڵ یەکێتی پەیوەندیتان خۆش بووە؟
بابەشێخ : زۆرمان یارمەتی یەکێتی داوە، پەیوەندیمان خۆش بووە، زۆرمان هاوکاری کردن، زۆریان فریا کەوتین، بەڵام بە داخەوە ئەوان پێچەوانەی ئەوە لەگەڵ سازمانی خەبات جوڵانەوە .
پ: لەگەڵ حسکدا پەیوەندیتان چۆن بوو؟
بابەشێخ : کاک محەمەدی حاجی مەحمود چەند جار هاتۆتە ماڵی ئێمە لە شاری بانە. حسک کە لەگەڵ ئێران دۆستایەتی هەیە، ئەگەر پێوەندیەکانیان بە زیانی ئێمەبێ پێی نیگەران ئەبین. دەنا پەیوەندیمان هەیە.
پ: دوای دروستکردنی حکومەتی هەرێم، بارودۆخی سیاسی ئێوە چی لێهات ؟
بابەشێخ : لە سەرەتادا بەرەی کوردستانی بوو، بەرەی کوردستانی لە سەرەتادا زۆریان فشار خستینە سەر. دوایەش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات گۆڕانکاری لە هەلومەرجدا پێکهات و هەوراز و نشێو لە بەردەم هەڵسوڕان و کارکردنمان هاتە ئاراوە.
پ: بەس من ئەمەوێ پرسیارێکیتر لەسەر سازمان بکەم، سەرەتا سازمانی خەباتی ئیسلامی و نەتەوایەتی کوردستانی ئێران بوو، دواتر بوە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە کۆنگرەی دووەمەوە ئەو ناوەتان گۆڕی ؟
بابەشێخ : نا لە کۆنگرەی سێیەم بووە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران. لە سەرەتادا، سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی کوردستانی ئێران بوو، ئەوکاتیش لایەنی نەتەوەییەکەمان دیارو بەرچاو بوو، کارکردنمان لەسەر ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتی بنەڕەتی و سەرەکی بوو. مەوزعی ئیسلامیەکە لەگەڵ ئەوەی خەت و بەرنامەی سازمان بوو لە هەمانکاتیشدا وەلامێک بوو لە بەرانبەر سیاسەت و بەرنامە دژی گەلییەکانی ڕژیمی ئێران، چونکە خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکردبوو هەموو هێزە سیاسییەکانی بە کافرو چەپ و بێ دین حساب دەکرد. سازمانی خەبات لەو هەلومەرجەدا بە هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستا شێخ جەلال و ژمارەیەک کەسایەتی دیاری ئاینی لە کوردستانی ئێران دامەزرا. بێگومان ئەو بۆشاییەی ئەو کات دەبیندرا لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانەوە هەروەها بە کافر ناوبردنی جوڵانەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان وایکردبوو سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی دروست ببێ. دیارە هەموو باوەڕیان بەوە بوو کە خەڵکی کوردستان لە باری نەتەوەیی زوڵمی لێکراوەو دەبێ ڕزگاری بێ، پێکهێنانی سازمانی خەبات بۆ ئەوە نەبوو کە پێمان وابێ ئیسلام نەماوەو ئێمە زیندووی وەکەین، بەڵکو وەک هێزێکی نەتەوایەتی و ئیسلامی دەور و نەقشی لە جوڵانەوەی کورددا هەبێ، ئەوانە لە هۆ سەرەکییەکانی دروستکردنی سازمانی خەبات بە شێوەیەکی گشتین. کارەکانمان لە چوارچێوەی هێزێکی نەتەوایەتیدا بوو. لە سازمانی خەبات زۆربەی پێشمەرگەکان نوێژیان نەکردوەو تەنانەت کەسانی غەیرە موسڵمان و موخالفی ئیسلامیش لە سازمانی خەباتدا کارو چالاکیان کردوە. لە پێش کۆنگرەی سێهەم بە وردی لەسەر ئەو ڕوانگەیە کەوتینە باس و لێکۆڵینەوە لە ناوخۆی سازمان و لە دەرەوەی سازماندا کە پێویستە گۆ٠رانکاری بنەڕەتی لە بەرنامەی سازمان پێکبهێندرێ. لە دوای لێکۆلینەوەو بەراوردێکی زۆر گەیشتینە سەر ئەو باوەڕەی دروست نییە بەناوی ئیسلامەوە کاربکەین. پێمان وابوو حزبێکی سیاسی نەتەوەیی نابێ کەڵک لە فکرێکی تایبەت و لە دین وەرگرێ و دینی ئیسلام بەکار بێنێ بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانی. واقیعییەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئێستا نەوعێک لە تەعریف و پێناسەی ئیسلام، وە گوتاروکرداری ئەحزابی ئیسلامی هەیە، کە نەک بە قازانجی ئیسلام نییە بەڵکوو بە قازانجی کۆمەڵگاش نییە. ئێمە پێمان باش بوو وەک سازمانێکی نەتەوایەتی تێکەڵ ئەو چوار چێوەش نەبین و بە مشاوەرە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی، کەسایەتی ئاینی، لە ناوخۆی کوردستانیشدا( مەبەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) گەیشتینە سەر ئەو قەناعەتەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران واقعیانە و کارامەو، پێویستترە. دیارە بەلەبەر چاوگرتنی ئەوخاڵە کە دەبێ گرینگی و ڕێز بەدینی ئیسلام و دینەکانی دیکە بدرێ، وە لە داهاتوودا، حکومەتی کوردستان هاوکاریی بۆ مامۆستایانی ئاینی، مەدرەسە و کۆلیژە دینییەکان بە شێوەیەکی ڕەسمی مافەکان و پێگەیان لەبەر چاوی بگرێ و ئەو خزمەتگوزاریانەی بۆ مەدرەسەی دینی پێویستە، بۆیان دابین بکات. بەداخەوە لە کوردستاندا مامۆستای ئایینی زیاتر بە هاوکاریی خەڵک دەخۆێنی و دەبێتە مامۆستای ئایینی. لە ئەساسنامەی ئێستاماندا ئەوەمان چەسپاندووە، کەدەبێ حکومەتی داهاتوو لە کوردستاندا هاوکاری مامۆستایانی ئاینی و مەدرەسە دینیەکان بکات. سازمانی خەبات هێزێکی نەتەوەییەو ئەوکەسانەی لە کوردستاندا دەژین، بە ئەفکار و بیروبۆچوونی جیاواز، چ موسوڵمان، چ مەسیحی، چ یەهودی، چ ئەهلی حەق، و هەموو خاوەن باوەڕانی دیکە لە سازمانی خەباتدا دەتوانن ببنەئەندام. هەر دانیشتووێکی کوردستان بە هەر بیروباوەڕێک ئەگەر مافی ئەندامەتی کۆنگرەی سازمانی خەباتی بەدەستهێنا دەتوانێ خۆی بپاڵێوێ بۆ ئەندامی سەرکردایەتی و ڕێبەری سازمانی خەبات، ئەمە ئامانجی ئێستامانە، پێمان وایە ئەم ئامانجەی ئێستامان کامڵترە لەوەی پێشوو.
پ: دوای هاتنتان بۆ کوردستانی باشور پەیوەندیتان لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکانی ئەم دیوو چۆن بووە؟ بزووتنەوە، یەکگرتوو..
بابەشێخ :لەگەڵ بزووتنەوە پەیوەندیمان نەبووە، چونکە بزوتنەوە بەوە تاوانبارە کە شەش حەوت پێشمەرگەو کادری سازمانی خەباتی تەسلیم بە ڕژیمی ئێران کردوە.
پ: ئەوە ساڵی چەند بوو؟ و ئەو کەسانە کێ بوون؟
بابەشێخ: ساڵی 83 بوو ئەو پێشمەرگانە دوای چەندین ساڵ شەهید کران، شەهید غەفور ئەحمەدی، شەهید خەلیل ڕەشاش، شەهید عەبدوڵڵا هەمزە، شەهید تاهیر و شەهید حەسەن سەلیمی، پێنج کەس لە کادیرو پێشمەرگەکانمان لەو ڕووداوە شەهید بوون، و بەڵگەشمان هەبوو لەسەر ئەوەی کە ئەفرادی بزوتنەوە دەوریان هەبوو، کە یەکیان فەرماندەیەکی پێنجوێنی ئەوکاتی بزوتنەوەبوو، دەگوترێ حزبی دەعوە و مەجلیسی ئەعلاش لەگەڵ بوون .لە نێوان سنوری عێراق –ئێران ئەوانی بزوتنەوە بەعەرەبی قسەیان کردبوو، پێشمەرگەکان وایانزانیوە عەسکەری عێراقن..لە دانیشتنێکیشدا لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر ئەوەم باسکرد، پێم ووت ڕوونکردنەوەمان دەوێ، پێم خۆشە تەحقیق بکەین لەو چوارچێوەیەدا. مامۆستا عەلی باپیر ووتی من ئەو کات لە گەڵ نەبووم و ئاگام لێ نییە.
لەگەڵ بزوتنەوە پەیوەندیمان نیە، بەڵام لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی پەیوەندیمان باشە، لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر نامەگۆڕینەوەو پیرۆزبایی مان هەیە، بەشداری پرسەو ماتەمینیەکانی مامۆستا شێخ جەلال و م. شێخ عیزەدینیان کرد.
پ: لە کاتی شەڕی ناوخۆی باشوری کوردستان، سازمان ڕۆڵی چی بوو، بەتایبەت مامۆستا شێخ جەلال؟ لە پەیوەندی نێوان حزبەکانی باشور؟
بابەشێخ :ئێمە زۆرمان هەوڵدا کە شەڕی ناوخۆ دەستی پێکردوە بە زوویی کۆتایی پێ بێ. پێمان وابوو بە ئاسانی دەتواندرێ چارەسەر بکرێ و ئاشتی بەرقەرار بێ. جەنابی مامۆستا زۆری هەوڵدا. لەو چوارچێوەدا سەردانی بەرێز کاک مەسعود بارزانی و مام جەلالیشی کرد، بەڵام بەداخەوە شتەکە لەوەگەورەتر بوو کە بە ئاسانی چارەسەر ببێ. لەوتارەکانیشدا لەباسەکانیشدا ئیشارەی بەو واقعە تاڵە کرد، بەڵام بەداخەوە نە بە قسەی جەنابیان و بە قسەی کەسانی دیکە نەکرا.
پ: زۆرجار باس لەوە دەکرێ لە سەر و بەندی شەڕی ناوخۆو نەوەدەکان کە ئەندامانی کۆمەڵەو دیموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانیەوە تیرۆرکراوان، ئایا سازمانیش کەسی تیرۆرکراوە؟
بابەشێخ :بەهۆی هێرشە ترۆریستییەکانی ڕژیمی ئێران، بەداخەوە زیاتر لە 20 کادرو پێشمەرگەی سازمانی خەبات شەهید و بریندار کراون، هەروەها زۆر بەرنامەی تیرۆرستی لەسەر ئەندامانی سازمانی خەبات پوچەڵکراونەوە. بەگشتی، تا ئێستاش ئەو هەوڵانەی ڕژیمی ئێران بەردەوامن.
پ: ئەی شەخسی خۆت نەکەوتویە بەر هێرشی تیرۆرستی؟ دەوترێت جەنابت پێنج جار هەوڵی تیرۆرکردنت دراوە؟
بابەشێخ :لە ڕاستیدا پێنج جار تەقەم لێکراوە، دەیان جار هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە، جارێک بەدانانی بۆمب لە ماشێنەکەم لە ساڵی 1994 کاتێک چومە ناوماشێنەکە، سلفم لێدا تەقییەوە، دیارە بە ڕەحمی خوا نەجاتم بوو . بەبەردەوامی ڕژیمی ئێران هەوڵی ترۆری داوم، لە ماڵی خۆمان دانیشتوین لە نیوەنیوەشەودا بۆمبیان خستۆتە ناو حەوشەکەمان، ساڵی 2005یش برای شەهێدێکی سازمان بوونێردرابوو بۆ تیرۆرکردنم، و لەم ئاخیرەشدا ناوەندی دژە تیرۆری خۆمان ئەوەیان ئاشکراکردوە کە هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە، و ئێستاش هەر لە هەوڵدان .
پ: لە ساڵانی هەشتاکان پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی وەک باستکرد خۆش بووە، بەڵام لەم دواییەدا پەیوەندیتان باش نەما، و باس لەوە دەکرێ ئێوە بە ناچاری سنوری سلێمانیتان بەجێ هێشتووە؟
بابەشێخ :ئێمە نەبوینە هۆی ئەوە کە پەیوەندییەکانمان لە سەردەمێکدا خۆش نەمێنێ، ئێمە لە کوردستانی عێراق میوانین، هەمیشە میوان حەزدەکات خاوەن ماڵ ڕووی خۆشی بداتێ ( بە پێکەنینەوە)، ئێمە لەوەدا دەخیل نەبوین کە پەیوەندییەکانمان خۆش نەمێنێ، زۆریشمان پێ ناخۆش بوو، چونکە ڕێزمان هەبوو بۆ یەکێتی کە هێزێکی خاوەن مێژووەو هاوکاری و پەیوەندیمان هەبوو، هیوادارین ئەو دەورە هەر نەگەڕێتەوە. حکومەتی ئاخوندەکان فشاری زۆریان هێنا بە داخەوە وایلێهات فشار بخەنە سەر سازمانی خەبات. ئێمە ساڵی 2000 ناچار بووین بنکەو بارەگاکانمان لە ناوچەی سلێمانی بەجێ بێڵین. مەجبوریش بووین بەشێکی بەرچاو لە بەڵگەکانیشمان لەوێ بسوتێنین و لە ناوبەرین. لەوێ ڕۆیشتن و هاتین بۆ ئێرە( مەبەست هەولێرە) خانەوادەکان بەناوی سەیران و ئەوانە هاتبون لە هەولێر نیشتەجێ بوبون، مابونەوەو تازە ڕێگا نەبوو ئاوا ڕزگاریان بوو، بوینە ئەمریی واقع. وەک بیستومانە دوای هاتنمان نۆێنەرانی ڕژیمی ئێران بە کاک مەسعود بارزانی ڕاگەیاندبوو، بۆچی سازمانی خەباتتان ڕێگەداوە لە هەولێر نیشتەجێ بن، ئەوان لە سلێمانی توشی کێشەبوون بۆچی ری٠گەتان داون لە هەولێر بن. زۆر جدی پێی وتبون تەوەقوعی واتان هەیە ئێمە ژن و منداڵ وکوردی ئاوارە دەرکەین؟ وەڵامی ڕەدی دابوونەوە.
پ: ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ کام حزبەدا باشە لە باشوری کوردستان ؟
بابەشێخ :لەگەڵ هەمویان پەیوەندیمان باشە .
پ: ئەمەوێ پرسیاری ئەوە بکەم، لەم دوایەدا کۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت حدکا ئێوە هەڵوێستتان چی بوو لەسەر ئەو جموجۆڵانە؟
بابەشێخ :ئێمە هەر نەوعە جموجۆڵێک لە چوارچێوەی دژایەتی ڕژیمی ئێرانمان پێ باشەو پێشوازی لێ دەکەین، ئێمەش چالاکیمان هەبوو لە ناوچەی بۆکان. لەگەڵ ئەوەشدا بە باشی دەزانین چالاکییەکی ئەحزابی کوردستان لە چوارچێوەی بەتەفاهوم و بەهاوکاری یەکتر بێ. ڕاستە حیزبەکان توانیویانە هیوایەکی باش بن بۆ جەماوەر، بەڵام نەیانتوانیوە وەکو پێویست جوڵانەوەی کوردستان بەرەو سەرکەوتن و گەشەسەندن بەرن، بە باوەڕی من بۆ هەر کردەوەیەک پێویستە هاودەنگی و ڕاوێژمان هەبێ پێکەوەو، بڕیاری جەمعی و دروست بدەین، ئەوکات بێگومان کارەکان باشتر دەچنە پێش.
پ: سەبارەت بەوەی بۆچی تائێستا نەتانتوانیوە بەرەیەکی کوردستانی دابمەزرێنن بۆ کارو چالاکی هاوبەش، لە حاڵێکدا هەموتان ئێستا لە باشوری کوردستانن؟
بابەشێخ :بێگومان زۆریش خراپە نەتواندراوە بەرەی کوردستانی پێک بهێندرێ، دیارە زۆرمان هەوڵداوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ئەنجام . بیرکردنەوەکان جیاوازن و لە ڕاستیشدا لە واقیعییەتی ئەو هەلومەرجەی تیایداین نەگەیشتوین. ئێمە پێمانوایە هەموو حزبەکان بەگشتی لە بەرەی کوردستانیدا بن، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی کە خاوەن مێژوو و پێگەی سیاسی و جەماوەرین و هەروەها مێژوویان هەیە. ئێمە هەر لە سەرەتاوەو لە ساڵی 1980زایینی داوای بەرەی کوردستانی دەکەین. ئێمە سازمانی خەبات پێمانوایە کە دەبێ هاوکاری بکەین و ڕێگا خۆشبکەین بۆ ئەوەی جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا بەرەو پێشبەرین، بەتایبەت ئەو حزبانەی کە دەورو نەخشیان هەیە دەبێ بە جیددی کار بکەین لەو پێناوەدا.
پ: ئەگەر دروست ببێ ئێوە ئامادەن ؟
بابەشێخ :ئێمە دوو خاڵی سەرەکیمان هەیە کە زۆر گرنگە، یەکەم باوەڕمان بەوەیە، کە دەبێ حکومەتی ئێران بڕوخێ، چونکە ڕژێمێکی سەرکوتکەرو دیکتاتۆرە، جمهوری ئیسلامی ئەکوژێ و خەڵک قەتڵو عام ئەکا، چۆن دەبێ هومێدمان بە حکومەتی لەو شێوە بێ. ئەگەر پێمان وابێ ئەو سیستەم و دەسەڵاتە دەگۆڕێ، بیرکردنەوەیەکی زۆر نادروستە، حزبێکی خەباتگێڕ باوەڕی بەئازادی و دیموکراسی هەیە، چۆن بە پێچەوانەی بیروباوەڕو ئامانجەکەی کە ئازادیی و دیموکراسیە کار دەکات و هەنگاو هەڵدەگرێ. تەنانەت ژمارەیەک لە ئاخوندەکانی ناودەسەڵاتیش نەیانتوانیوە لەگەڵ ئەو حکومەتە بحەوێنەوە. مونتەزیزی کە جێگری خومەینی بوو، تەنانەت نەیانهێشت درێژە بە درس ووتن بدات، ئەو ڕژێمە ڕوحم بەکەسەکانی خۆی ناکا، مەعقول نییە ئێمە کە هێزێکی مخالیفی ڕژێمین و چەندین ساڵە خەبات وبەربەرەکانی دەکەین باوەڕمان بەوەبێ دەتواندرێ کاروچالاکی سیاسی بکەین لە ناو ئێران و لە ژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتە. دەڵێن بادونیای دەرەوە، ئەوروپاییەکان وا تێبگەن کە ئێمە ئاشتیخوازین، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، بەو بیانوە باس لەوتووێژ لەگەڵ ڕژێم بکرێ. بە باسی ووتوێژ، دەبینە هۆی ڕەوایدان بەو ڕژێمە، وەکو پەندە کوردیەکە :بەدەستی خۆمان ئاودەکەینە ئاشی دوژمنەوە، ئاشی دوژمن وەکار دەخەین. ئێمە وەک سازمانی خەبات ئەمەخاڵێکمانە کە مەوزعی سیاسەتی بەرەی کوردستانی ئەوەیە لە بەرانبەر ڕژێمدا دەبێ ئامانجی ڕاشکاوبێ، دەبێ ڕوون بێ بەرەی کوردستانی چی دەوێت، شێوەی حکومەتی داهاتوو چۆن بێ؟ ئەم دووخاڵەمان بەلاوە زۆر گرنگە،نابێ هەڵوێست وکارەکامان ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆ، ڕژێمی ئێران کەڵکی لێ وەرگرێ.
پ: ئایا هیچ گفتوگۆو دانیشتنێک هەیە لەم بارەیەوە لەناو حزبەکانی ڕۆژهەڵات؟ ئێوە وەک سازمان ئامادەی دانیشتنن لەم کاتەدا؟
بابەشێخ :ئێمە دانیشتنی بەردەواممان لەگەڵ حزبەکانی تردا هەیە، تا پێش سێ مانگ کۆبونەوەی دەورەیی هەبوو، شەش حزبی سیاسی، سازمانی خەبات وسێ کۆمەڵە و دوو لایەنی دیموکرات. کۆبونەوەی ئەمنیەتیمان هەیە، بۆ تاوتوێ کردن و گەڵاڵەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران، تۆزێک دڵخۆشکەرە، هەرچەند زۆر عەجایەب و بەرچاو نییە، بەڵام لەهیچ باشترە. هیوادارین ئەم کۆبونەوانە بەردەوام بێ، تا جوڵانەوەی کورد لەکوردستانی ئێران لەو حاڵەتەی ئێستادا نەمێنێ. جوڵانەوەی کورد لەکوردستانی ئێران تەنها بەچالاکی سیاسی و سەربازی یەک لایەن و دوولایەن جێ بە جێ نابێ، من پێم وایە ڕێککەوتنی ئەحزاب دەوری هەیە لە کاراکردنی چالاکییەکان، ونیشاندانی بەڕووی دنیای دەرەوەو خەڵکی خۆمان.
ئێمە پڕۆژەیەکی 10 خاڵیمان لە ساڵی 2010 پێشکەش بە لایەنەکانی کوردستانی ئێران کرد. پڕۆژەکەی ئێمە کە دەتواندرێ خاڵی لێی کەمبکرتەوەو پێ زیادبکرێ. داوامان کرد لەسەر ئەو بنەمایە بەرەی کوردستانی دروستبکرێ.
پ: ئایندەی بارودۆخی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات چۆن دەبینی ؟
بابەشێخ :تا ڕژێمی ئێران لە سەرکار بێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لە کوردستان و لە ئێران بە قازانجی خەڵک نابینین. ئەو ڕژێمە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی قۆرخکردووە، بەفشار و کوشتن و بڕین، خەڵکی وەزاڵە هێناوە. ئەو ڕژێمە بەخەرجکردنی پۆلێکی زۆری خەڵک، سەرکوتی جەماوەری پەرەپێدەدا. لە جیات ئەوەی خزمەتی خەڵکی ئێران بکا خزمەت بە ڕێکخراوە ترۆریستییەکان لە ناوچەکەدا دەکات. پێموایە ئەوەی کە لە ناوچەکەدا هاتۆتە پێش، ئاڵوگۆڕ لەسەر جوگرافیای سیاسی نییە، گۆڕان لە هەڵوێستی زلهێزەکان لەسەر مەسەلەی کورد تا جمهوری ئیسلامی بمێنێ زەحمەتە. ڕژێمی ئێران کۆسپێکی زۆر گەورەیە لە جێبەجێکردنی هەر بەرنامەێک کەباسی دەکەن. کە باس لە سەربەخۆی دەکرێ لە کوردستانی باشوور، تا جمهوری ئیسلامی هەبێ مەحاڵە کورد سەربەخۆبێ یا هەر مافێکی زیاتر لە کوردستانی باشور وەربگرێ، بە ئاشکرا دژایەتی کورد دەکەن لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دژایەتی هەر نەوعە ئیدارە و حکومەتێک دەکەن لە کوردستان، تا ئێستا ڕژیمی ئێران نەیوووە (هەرێمی کوردستان)، پیێ دەڵێن،( ئیدارەی مەنتەقەیی کوردستانی عێراق) ، بەحساب پەیوەندیشی لەگەڵیدا هەیە، ناوێکی خوازراوی بۆ دروستدەکەن. هەتا جمهوری ئیسلامی لەسەر کاربێ هیچ ئاڵوگۆڕێ لە مەنتیقە ڕوونادات.
پ: ئەی باشە ئایندەی سیاسی ئەو حزبانەی ڕۆژهەڵات کە زیاتر لە 25ساڵە کەمپ نشینن، بەرەو کوێ ؟
بابەشێخ: هەلومەرجی ئێمە لەو سەردەمەی کە حزبەکانی کوردستانی عێراق لە ئێران نیشتەجێ بوون باشترە. ئێمە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێین هەندێک موشکیلەو کەمووکورتیمان هەیە، نەمانتوانیوە وەکو پێویست چالاک بین، بەڵام وەکو هێزێکی فەعال، هەمیشە لە مەیدانین و مەترەحین، حسابمان بۆکراوە. بەڵام ئەبێ ئەو واقیعەتەش قبوڵ بکەین و لەم حاڵەتەی ئێستادا بین بە قازانج نابێ، دەبێ هەنگاو بەرەو پێش بنێین، دەبێ کارو چالاکی زیاتر بکەین، پێویستە هێزەکانمان یەکبخەینەوە، تەنانەت هێزی فکرکردنەوە، هێزی بڕیاردان، ئەحزابی کوردستانی، دەبێ بەیەکەوە هاوتەریب دانیشن و پێکەوە ڕێبەریەک بۆ جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران پێک بێنین. گەڵاڵەێک و هەندێک خاڵ و تەرحی تازە پێویستن بۆ ئەوەی جوڵانەوەی کورد لەم چەق بەستوییەی دەرباز بکەین و هەوڵ دەدەم لە داهاتودا گەڵاڵەێکی نوێ داڕیژم. موخالیفی ئەوەم بڵێن ئێمە کەمپ نشینین، ئەمە ئەمرێکی واقعەو دەبێ لەگەڵی بچینە پێش. کاری سیاسی و خەباتی شۆڕشگێڕانە هەورازو نشێوی هەیە، جاری وایە ئیمکانات و هەلومەرج لەبارنییە، جاری وایە ئەو ئیمکانات و هەلومەرجە لە ئاستێکی ئەوتۆدانییە کە کارێکی بەرچاو ئەنجام بدرێ. بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە هەیە، حزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکرێ بڵەین باش کاریان کردووە. تۆ سەیری ئەو هەموو فشارە یەک لە دوایەکانە بکە بۆ سەر ئەحزابی کوردستانی ئێران، بە ئاشکرا کوردستانی عێراق ببووە مەیدانی تیرۆری پێشمەرگەو ئەندامەکانی ئەحزابی کوردستانی ئێران، تەنانەت نەدەتواندرا دیفاع لە بارەگاکانی خۆمان بکەین. شەوێک یەکێک لە پێشمەرگەکان کە نیگابان بوو وتی ماشێنێک هاتووە، وتم ئەی بۆ دەنگت نەدا؟ وتی جا چۆنی دەنگ بدەم؟ وتی ئەگەر کابرا ترۆریست بێ بیکوژن کێشەمان تووش دەبێ و ئەگەر من ترۆریستەکە بکوژم ئەکەومە زیندانەوە، ئەڵێن کەسێکی بێتاوانی کوشتووە. لە بەرانبەر جاش و ترۆریستیشدا نەماندەتوانی دیفاع لە خۆشمان بکەین. بۆیە زۆر گرینگە توانیومانە تا ئێستا بەردەوام بین. سازمانی خەبات هەرچی ئیمکاناتمان هەیبوو ناچار بوو بە جێی بێڵێ لە ناوچەی سلێمانی، لەو هەلومەرجە نالەبارەشدا توانیمان خۆمان بگرین و سەرلەنوێ دەست پێبکەینەوە . مانای ئەوەیە بووین و هەین و کارمان کردووەو چالاکین، ڕاستە وەک پێویست نییە، بە ڕادەی چاوەڕوانی خەڵک نییە. بێگومان ئەگەر خەڵک بزانێ چەندە دەردمان هەیە، چەندە موشکیلاتمان هەبوەو هەیە، لەوانەیە زۆر گلەیمان لێ نەکەن.
پ: ئەی بارودۆخی سازمان لە ئێستادا چۆنە؟ وەزعی دارایی و سیاسی؟
بابەشێخ: بێگومان هەر پێکهاتە و سازمانێکی سیاسی کەم و کورتی هەیە، کاتێک کارو چالاکی سیاسی و ئورگانی دەکرێ موشکیلات دێتە پێش. سازمانی خەباتیش بەدوور نییە لە موشکیلات، ئەوە سروشتیە، بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم سازمانی خەبات، بەرەو پێش هەنگاو دەنێ و بەخوێندنەوەی دروست لە ڕابردوو کار دەکاو تێدەکۆشێ. ئەو حەقیقەتە هەم بۆ دۆست و هەم بۆ دوژمنیش دەردەکەوتوە کە سازمانی خەبات، قۆناغێکی باشی بڕیوەو لەگەڵ هەموو ئەو مشکلاتانەی کە هەیە، لە ئێستادا سازمانی خەبات تەشکیلاتێکی دیار لە کوردستانی ئێرانەو خاوەن پێگەی دیارو بەرچاوەو، حسابی لەسەر ئەکرێ. ئێستا هێزی زیاتر بووە، ئیماکاناتی زیاتر بووەو قودرەتێکی سیاسی، تەشکیلاتێکی سیاسی خاوەن نفوز و بە توانایە. پێگەی سازمانی خەبات لە ناو جەماوەرو دۆستان و ئەحزابی سیاسی پارچەکانی کوردستان گەشاوەو بەرچاوە.
پ: باس لەوە دەکرێ، ئێوە لە ڕاگەیاندن لاوازن؟ تا ئێستا کە ناڵی ئاسمانیتان نییە، مەسەلەن ڕۆژنامەتان وەکو پێویست نییە، ڕادیۆتان نییە؟
بابەشێخ :وایە بە داخەوە لەباری ڕاگەیاندن لاوازیمان هەیە، کاری ڕاگەیاندەن لە چوارچێوەی سایت و ئینتەرنێت و بڵاوکراوەدا دەکرێ، باری دارایی و ئیمکانات وەک پێویست نییە، من وەکو پێشتر باسم کرد، ئێمە هەلومەرجێکی سەقامگیر و دامەزراومان نەبووە، تا بتوانین کارو چالاکی ڕاگەیاندنی بەهێز بکەین. لە ئێستادا تەنیا دەتوانین ڕاگەیاندنمان لە چوارچێوەی ئینتەرنێتدا بەهێز بکەین. تێکۆشان ئورگانی کومیتەی ناوەندی مانگی جارێک دەکەوێتە دەستی خەڵک و لە ئینتەرنێتیشدا بڵاو دەبێتەوە .بە گشتی خۆشمان لە٠Ž ڕاگەیاندنی سازمانی خەبات ڕازی نین.
پ: حکومەتی هەرێم هیچ هاوکاری دارایی ئێوەی کردووە؟
بابەشێخ :نەخێر، هاوکاری ئێمەی نەکردووە ( بەپێکەنینەوە)
پ: ئەی چۆن ژیان و گوزەرانی خۆتان ئەڕوا؟
بابەشێخ: زیاتر پشتمان بە هاوکاری ئەندامان و جەماوەری خۆمان بەستوە، هاوکاریمان دەکەن، سازمان بۆخۆشی هەندێک کاری کردووە هەوڵمانداوە لە داهاتوشدا پشت بەخۆمان ببەستین.
پ: بەشدار بوون لە شەڕی داعشدا؟
بابەشێخ: بەڵێ بەشدار بووین، لەبەرەی شەڕ، لەسەنگەرەکانی پێشەوە، پێشمەرگەی سازمانی خەبات برینداربوون.
کاتێ داعش هێرشی کردە سەر کوردستان، یەکەم هێزی سیاسی کوردستانی ئێران کە ڕووبەڕووی داعش وەستایەوە سازمانی خەبات بوو، ئێمە لەبەر ئەوەی کە سنورەکەمان و مقەڕی سەرکردایەتیمان نزیک بوو. هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات دەورێکی زۆر گەورەی هەبوو، بۆ هاندان و گەرم کردنی ئەو پێشمەرگەو دیفاع لەو ناوچانەی کە حزووری هەبوو.
پ: چەک و تەقەمەنی وپێداویستی سەربازیان بۆدابین کردن؟
بابەشێخ :نەخێر، هەمووی هی سازمانی خەبات بوو.
پ: زۆرجار باس لە مەسەلەی دیموکراسیەت و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات لە حزبە کوردییەکان دەکرێ، ئایا ئێوە لە حزبەکەی خۆتان تا چەندێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و پرەنسیپی دیموکراسی ڕەچاودەکەن؟
بابەشێخ :نازانم، ئەوە دەکرێ لە کەسەکانی دیکە بپرسی، هەمولایەنێک خۆی بە سەرچاوەی دیموکراسی دەزانێ. بە بۆچوونی من مەسئولیەت ئەگەر کارێکی قورس و گەورەیە بەڵام ناخۆشە. ئەگەر مەسئولیەت مەنافعی شەخصی تیانەبێ کەس حەزی لێی نییە، لە سازمانی خەباتیشدا هیچ مەنافیعێکی شەخصی نییە، من بۆخۆم نیمە، بۆ نمونە بودجەیەکی تایبەتم نییە، کەس خزمەتم ناکاو بۆ خۆم کاری خۆم دەکەم و خواردن بۆ خۆم دروست دەکەم و چایی بۆ خۆم دروست دەکەم. ئیمتیازاتی تایبەتم نییە، یارمەتی و هاوکاریم وەک ئەوەی گشتیی و پێشمەرگەیە.
پ: زۆرجار گلەی لە حزبە کوردیەکان دەکرێ کە هەتا هەتایە یەک سەرکردە فەرمانڕەوای دەکات؟
بابەشێخ :من ئەوەم پێ خراپە بۆ هەتا هەتایە یەک سەرکردە هەبێ ، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا گۆڕینی سەرکردە شەرت نییە دەزانی بۆچی؟ ! من پێم وایە کێشەی جوڵانەوەی کورد تەنیا لەسەر گۆڕینی سەرکردە نییە، بەباوەڕی من کاتێک منافعێکی شەخصی نییە، ئیتر شەڕ لەسەر چی دەکەی؟ من خۆم بە ماندووتر دەزانم لە خەڵکی تر، جا لەوانەیە خەڵکی تر هەبێ خۆی بەماندووتر بزانێ، کاتێک دەبێ شەڕ لەسەر دەسەڵات و بەرپرساییەتی بکرێ کە ئیمتیازو شتی تایبەتت دەست بکەوێ. من پێش ئەوەی سکرتێی سازمان بم بە ڕەنج و زەحمەتی خۆم و بەردەوامیم لە مەیدانداو ئەرک و پێشمەرگایەتی و دڵسۆزیم بۆ سازمانی خەبات سەلماندوە. بە باوەڕی من مەسئول و بەرپرس لە کارکردندا دەبێ کەسێکی بەئوسوڵ بێ و پرەنسیپەکانی دێمۆکراسی ڕیعایەت بکا. لە ئاڵۆگۆڕکردن و دەستاودەست کردنی بەرپرسایەتی لە گرینگترین و سەرەکیترین بنەماکانی دیموکراسیەو بە تەواوی باوەڕمان پێیەتی. بە نیسبەت سازمانی خەبات هەوڵمانداوە بناماکانی دیموکراسی جێ بە جێ بکەین. بەڕێزت وەکیلی من بە بۆ ئەوەی مەسئولیەتەکەم لە کۆنگرەی داهاتو لە ئەستۆ نەمێنێ یەکێکی دیکە لە بەرپرسان لە ئەستۆی بگرن. من خۆشحاڵ دەبم ئەو بەرپرسایەتییەم لە ئەستۆ نەمێنێ.
پ: ئەگەر سبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بوو، ئامادەن واز لە مەسئولیەت بێنن؟
بابەشێخ: ئەزانی من هیوایەتم ئەوەیە دابنیشم ژیانی ئاسایی بکەم، بخوێنمەوەو،کاری نوسین و کۆمەڵایەتی و خزمەت بە مرۆڤ و کاری ئینسانی بکەم، یەکێ لە هیواکانی من ئەوەیە کاری خزمەتگوزاری بە ئینسان بکەم. دیارە شۆڕش لە پێناو ئازادی گەل و ووڵاتدا زۆر پیرۆز و گەورەیە، بەڵام پێم خۆش بوو، لە ڕێکخراوێکی مرۆڤ دۆستدا خزمەتی ئینسانم بکردایە، بەبێ جیاوازی زمان و دین و بێ جیاوازی ڕەش و سپی و ...هتد
بەڵێ ئەوە یەکێک لە هیواکانمە. ئاخر دەسەڵات چییە...؟ دیارە شۆڕش و خزمەت بە گەل و نیشتمان و خەبات لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندیم زۆر پێ پیرۆزو گەورەیە، بەڵام هیچ کات بەرپرسایەتیم پێ گرینگ نەبوەو نابێ پێم خۆشە لە دوای ڕزگاری ووڵات، کاروکاسبی و، ئاژەڵداری و خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم.
لە کۆتایدا عەزێتمان دایت، زۆر سوپاستەکەین ..
بابەشێخ : سەرچاوان...
کاک بابەشێخ حوسێنی لە تەمەنی لاویدا
محەمەد صادق خاڵخاڵی: ناوی تەواوی ( ئایەتوڵڵا حاجی شێخ محەمەد صادق)ە ناسراوە بە خاڵخاڵی لە ساڵی1926، لە گوندی گیوی خاڵخاڵی لەدایکبووە، پاش ئەوەی بۆ خوێندنی ئاینیی چووەتە قوم، ئاشنایەتی لەگەڵ خومەینی پەیداکردووە، لەسەر دەستی چەند مامۆستایەک خوێندویەتی، سەرەتای کاری سیاسیی بە هاوکاریکردن لەگەڵ فیداییانی ئیسلام لە سەردەمی ڕژێمی شاهەنشاهیی دەستیپێکردووە، لە سەردەمی شادا زیاتر لە جارێک زیندانی کراوە، بۆماوەی 4ساڵ دوورخراوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران کراوەتە بەرپرسی(دادگای شەرعی) پاشان لەسەر ڕاسپاردەی خومەینی چووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ناوی(دادگای شۆڕش) دەستیکردووە بە دادگایکردنی خەڵکی کوردستان.
مام جەلال و مامۆستاشێخ جەلال
کاک بابە شێخ
کاک بابەشێخ بەبرینداری، دوای ئەوەی بۆمبێکی چێندراو بۆ ئوتۆمبێلەکەی دادەنرێ .
کاک بابەشێخ حوسێنی -1361 بانە
مامۆستا شێخ عیززەدین کاک بابەشێخ
مامۆستا شێخ جەلال و هاوسەرەکەی
ڕۆژانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاری سەقز لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران