عەلی بەهرامی
لە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی، ناڕەوایی و دڕندەیی ئەم کردەوەی هێزەکانی رژیم ئەوندە هەژێنەر بوو کە کاریگەری لەسەر ویژدانی هەموو مرۆڤێکی بە ویژدان بەتایبەت ئێرانیەکان بە هەموو نەتەوەو ، دین و فکر و ئیدیۆلۆژیەکەوە دانا، بە جۆرێک کە هەر لە دوای ئەسپەردە کردنی ئەو شەهیدە بێ تاوانەی کوردستان، لاوانی سەقزی قەڵای مێرخاسان چوونە بەردەم فەرمانداری رژیم و لە ئاکامدا شەڕ و ئاڵۆزی لەو شارە دا دروست بوو.
ڕۆژی دووشەممە 28ی خەرمانانی 1401ی هەتاوی، لە دوای مانگرتنی گشتی لە کوردستان، ئێوارەی هەمان رۆژ لە زۆربەی شارەکان ناڕەزایەتی و راپەڕینی جەماوەری دەستی پێکرد.
شەهیدکرانی ژینا بەو مەزڵومیەتە و رووداو و کاردانەوەکانی شارەکانی کوردستانی ئێران، هەر زوو کاریگەری لەسەر شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران دروست کرد و بینیمان لە باکور بۆ باشوور، رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای ئێران، ژینا بووە هێما و ڕەمزی راپەڕین و جەماوەر لە شارە گەورە و بچووکەکان رژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستان، بەتایبەت شاری سەقز و خانەوادەی ئەمینی دەربڕی.
دەکرێ لە چەند بارەوە تایبەتمەندیە باشەکانی ئەم راپەرینە هەڵسەنگێنین و لە ناڕەزایەتی و راپەرینەکانی پێشووی دیکەی ئێران و کوردستانیان جیا بکەینەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیە بەرچاوەکانی ئەم راپەڕینە ئەو خاڵە بوو کە بە پێچەوانەی پیلانی دژمنکارانەی دەسەڵات لە 44 ساڵی رابردوودا بۆ درز و کەلێن خستنە نێو نەتەوەکانی ئێران و سازکردنی کێشە لە نێوانیاندا، بەڵام وەکوو بینیمان لەم راپەڕینەدا فارس، ئازەری، بەلوچ، عەرەب و هەموو نەتەوەکانی دیکە پشتیوانیان لە کوردستان کرد و تەفرەقەو دابڕان و دووری نەتەوەکان لەم راپەڕینەدا گۆڕا بۆ یەکیەتی، تەبایی و هاوخەباتی ئەو نەتەوانە دژ بە رژیمی دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەری ئاخوندی.
راپەرینی ژینا توانی هەموو نەتەوە، مەزهەب، چین و توێژە جیاجیاکانی ئێران لەسەر یەک ئامانجی هاوبەش کۆبکاتەوە و لە تێکڕای شار و ناوچەیەکی ئێرانەوە بۆ ئەو ئامانجە تێ بکۆشن. ئەویش مەرگ بۆ خامنەیی، نا بۆ رژیمی ئاخوندی و روخانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهە. کە ئەوەش تایبەتمەندیەکی دیکەی ئەم راپەرینانەیە.
خاڵێکی گرینگی دیکە، تاکتیک و هونەرەکانی بەرەورووبوونەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمە لەلایەن خەڵکی تووڕە و بێزار لە دەسەڵاتی ئاخوندی. وەک لەو فیلمانەی دەنێردرێنە دەرەوە دەبینین لاوان چۆن و لە چەندین شار توانیویانە پەلاماری هێزەکانی رژیم بدەن و لە چەندین شار و ناوچەی ئێران زیانی زۆر و کاریگەریان لەو هێزانە داوە. هەر لەو پێوەندیەدا پێویستە ئەوە بوترێ کە هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی 44 ساڵە بە زمانی کوتەک و گۆپاڵ لەگەڵ لاوان و خەڵکی کوردستان و ئێران قسە دەکەن، بەڵام ئێستا هێزەکانی ئەو رژیمەن کەوتوونە بەر هێرش و هەڵمەتی شێرانەی لاوان و لە شارەکاندا مەیدانی شەقی تۆڵە و سزایان بۆ دەگیرێ و تەمبێ دەکرێن.
خاڵێکی گرینگی دیکەی ئەم راپەرینە ئەوەیە کە راپەڕینی ژینا بە پێشەنگایەتی ئافرەتانی بوێری کوردستان و ئێران بە پشتیوانی براو باوکەکانیان دەچێتە پێش و ئەو پێشەنگایەتیەی ئافرەتان و کاریگەریەکانی لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان، ترسی لە دڵی ئاخوندە دڵڕەش و دژە ئافرەت دا دروست کردوە.
لە شۆرشی ژینادا تایبەتمەندیەکی دیکە کە دەکرێ جێی بایەخ و سەرنج بێ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و سلیبریتیەکانی سەر بە دەسەڵاتیش لای جەماوەریان گرتووەو کەوتوونە لۆمەو مەحکوم کردنی دەسەڵات. هەروەها ناکۆکی لە نێو هێزەکانی رژیم یان ئامادەنەبوونی بەشێکی زۆر لەو هێزانە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی جەماوەر لەو دیاردانەن کە پێشتر رووی نەداوە.
ئەوەی ماوە بوترێ ئەوەیە کە شۆرشی ژینا، شۆرشی کۆتایی هێنان بە نیزامی ویلایەتی فەقیه و شۆڕشی هەموو نەتەوەکان بۆ ماف و ئازادیەکانیانە لە ئێران، کۆتایی هێنانە بە جیاکاری و هەڵاواردن، بنبڕکردنی دەسەڵاتی گەندەڵی ئاخوندی و جێگیرکردنی سیستەمێکی دێموکراتیک و پارڵەمانی کە مافی هەموو نەتەوە، دین، مەزهەب و چین و تووێژەکانی ئێران دابین بکات، کۆتایی هێنان بە نادادپەروەری و پێخوست کردنی مافی رەگەزی، کۆتایی هێنان بە پشتیوانی لە ترۆریزم و بەکارهێنانی داهات و سەرمایەی گشتی بۆ بەرنامەی ناوکەیی و چەک و تەقەمەنی و بنبڕ کردنی هەژاری و گێڕانەوەی ئەو سەرمایانەیە بۆ سەر سفرەی خەڵکی کوردستان و ئێران.