رۆژی شەممە ٢ی رەزبەری ١٤٠ ١ هاوڕێ لەگەڵ عەلی بەهرامی بەرپرسی رێکخستنی دەرەوەی سازمان ژمارەیەک لە بەرپرس و ئەندامانی کۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەشداریان کرد لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کە بەبۆنەی پشتگیری کردن لە هاوڵاتیانی راپەڕیوی کوردستان و ئێران لە لایەن سازمانی موجاهیدینی خەڵق لە بەرامبەر کونسولخانەی رژێمی ئاخوندی لە شاری ئۆسڵوی پایتەختی وەڵاتی نۆروێژ رێکخرابوو.
لە بەشێکی بەرنامەکاندا عەلی بەهرامی بەرپرسی رێکخستنی دەرەوەی سازمانی خەبات وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
ناوبراو له قسەکانیدا پشتگیری سازمانی خەباتی بۆ ناڕەزایەتی و راپەڕینەکانی کوردستان و ئێران دووپات کردەوە و زوڵم و زۆری هێزەکانی رژێمی ئاخوندی و کردەوە نا ئینسانیەکانیان دژ بە هاونیشتمانیانی بەشەرەفی کوردستان و ئێران شەرمەزارکرد.
عەلی بەهرامی لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی سەردەمی بەسەر چووە و کاتی ئەوە هاتووە کە حکومەت و دەسەڵاتە نەخوازراوەکەیان یەکجاری کۆبکەنەوە و لەناوبچن.
شایەنی باسە خۆپیشاندەران بە دەنگی دلێر دروشمی شۆڕشگێڕانەی پڕ جۆش و خرۆشیان دژ بە دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی و کردەوەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانیان دژ بە خەڵکی راپەریوی کوردستان و ئێران دەگووتەوە.