هەرچی سەرکوت و دەسبەسەر کردن و کوشتن زۆرتر دەبێ, خەڵکی ماندوو لە زوڵم و ستەم، بە ئیرادەو بەهەڵوێستتر دێنە سەر شەقام و بێزاری خۆیان لەو دەسەڵاتە نەگریسە دەردەبڕن. ڕژیم لە ترسی خۆی و ڕووخانی دەستی داوەته دەسبەسەر کردنی لاوان و تەنانەت میرمنداڵانی شارەکانی کوردستان و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت. شارەکانی مەریوان, بانە, سەقز, سەردەشت و شنۆ بە توندی میلیتاریزە کراوە, بەڵام پیر و لاو و ژن و پیاو خۆیان لە هاتن بۆ سەر شەقامەکان نابوێرن و هەتا بتوانن مەیدان بۆ سەرکوتکەرەکان چۆڵ ناکەن. لە ورمێ کورد و تورک پێکەوە و بە دروشمی بەکگرتووانە و هاوئاهەنگ بەرنگاری هێرشە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەبنەوە. لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لەوانە خەڵکی بەلووچستان چەک بە دەست پشتگیری خۆیان بۆ بنەماڵەی #ژینا_ئەمینی و خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێن ناموسی کورد ناموسی بەلووچە. لە تاران, زۆربەی خیابان و کۆڵانەکان لە کونترۆڵی خەڵکی ڕاپەڕیودایە و حکومەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی بە هیلاکی و ماندوویی ماونەتەوە. هەروەها گروپی هاکێری ئانونیمۆس بە هاک کردنی بانکی سپه و ماڵپەڕی پارلەمانی ئێران تەواوی زانیاری و وێنە و ژمارەی پەیوەندی ئەندامەکانی بڵاو کردەو وە داوای لە خەڵک کرد لەگەڵیان پەیوەندی بگرن و پرسیار بکەن بزانن بۆچی خیانەت بە نەتەوەکانی خۆیان دەکەن. هەروەها بەڵێنی داوە کە تەواوی بەشەکانی رێکخراوی دەنگ و ڕەنگی حکومەتی ئاخوندی بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ هاک بکات و بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیویەک و چۆنیەتی دروست کردنی کۆکتێل مۆلۆتۆڤ و چۆنیەتی بەکارهێنانی, داوای لە خەڵک کردودووە لە شەقامەکان بمێنن و مافی خۆیان بستێنن. ئێرانییەکان و کوردستانییەکانی تاراوگەش لە زۆربەی وڵاتەکان وێڕای پشتگیری, دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و داوایان لەو وڵاتانە کردووە ئەم کردەوە تیرۆریستیانەی حکومەتی ئاخوندی مەحکوم و چارەسەڕێک بۆ ڕزگاری خەڵکانی ئێران بکەن. هەر بۆیە یەکیەتی ئۆروپا ڕایگەیاندووه کە گەمارۆی نوێ بۆ سەر حکومەتی ئێران و بەرپرسانی لە ڕێ دایە. لە ناوخۆی وڵاتیش هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی نۆژین لە سنە, زارا محەممەدی و کۆمەڵێکی دیکە لە زیندانیانی سیاسی لە بندینخانەی ژنانی سنە مانیان لە خواردن گرتووە و داوایان کردووە بەندکراوانی ئەم ڕاپەڕینانە ئازاد بکرێن.