داوا لە جەماوەری کوردستان و ئێران دەکەین درێژە بە راپەڕینەکانیان بدەن
هاونیشتمانیانی کوردستان!
جەماوەری ستەملێکراوی ئێران!
هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران!رۆژی چوارشەممە 6ی رەزبەری 1401ی هەتاوی، رژیمی ئاخوندی لە رێگەی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکی بالستیک هێرشی کردەسەر بنکە و بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە لە ئاکامی ئەو هێرشانە ژمارەیەک پێشمەرگە و دانیشتوانی سڤیل شەهید و بریندار بوون. سازمانی خەبات بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و هاوسەنگەری شەهیدانی ئەم پەلامارە نارەوایە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەو سڵامەتی بۆ برینداران دەخوازێ.
رژیمی ئاخوندی لەکاتێدا ئەم هێرشانە ئەنجام دەدا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوخۆی ئێرانیش کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆر و راپەرین و ناڕەزایەتیەکانی گەلانی ئێران بەشێوەیەک بەرفراوان و بەرین بووە کە لە کونترۆڵی هێزە سەرکوتگەرەکان دەرچووەو جەماوەری کوردستان و ئێران لە تێکڕای شار و ناوچەکان، کۆی گشتی دەسەڵاتی ئاخوندی دەکەنە ئامانج و جەماوەر خوازیاری روخان و لەناوچونی ئەو دەسەڵاتەن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە هەر جۆرە هێرشێک بەتایبەت هێرشی درۆن و مووشەکی رژیم بۆ سەر بنکەو بارەگای حیزب و سازمانە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، مەحکوم دەکاو ئەو پەلامار و هێرشانەی رژیم بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێم و عێراق دەزانێ و پێویستە دەوڵەتی عێراق و ووڵاتانی هاوپەیمان هەڵوێستی جیددیان لە بەرامبەر کردەوەکانی رژیمدا هەبێ.
ئەم دۆخ و قۆناغەی هاتۆتەپێش یەکێتی و یەکریزی هەمە لایەنە دەخوازێ. هەر بۆیە سازمانی خەبات داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران دەکا وەک پێویستیەکی حەتمی بە یەکێتی و هاوئاهەنگی زیاتر بەرەوڕووی ئەو پیلانانەی رژیمی دژ بە نەتەوەکەمان و بزوتنەوەی مافخوازانەی لە کوردستانی ئێران بینەوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە داوا لە جەماوەری کوردستان و ئێران دەکا درێژە بە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین و مانگرتن بدەن و لە بەرانبەر ستەم و بێدادی دەسەڵاتی ئاخوندی مقاومەت بکەن.
سازمانی خەبات سپاس و پیزانینی هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و بە تایبەت بەشی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە پەیوەند بەو تاوانەی ڕژیم هەڵوێستی دۆستانەو جیددیان گرت.
مەرگ و نەمان بۆ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
7 ی ڕەزبەری 1401 کۆچی خۆری