خەباتمێدیا: شەوی شەممە ڕێکەوتی ۲۳ی ڕەزبەری ۱۴۰۱ هەتاوی هاوکات لەگەڵ راپەرینەکان لە زۆر ناوچە و گەڕەکی شاری تاران، دەنگی تەقە، زەنگی مەترسی و ئاگر و دووکەڵ لە زیندانی ئێڤین وەکوو هەواڵێکی بە پەلە و خێرا، سەرنجی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی راکێشا.
خەڵکی شاری تاران بەتایبەت کەس و کاری بەندکراوان بەپەلە هەوڵیاندا خۆ بگەیەننە نزیک زیندانەکە بە مەبەستی بە دەمەوەچوونی بەندکراوان و رزگارکردنیان بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێ کرا.
شاهیدان باس لەوە دەکەن کە چەند درۆنێکیان بینیوە کە لە سەری ئەو بەندینخانە دەسوڕانەتەوە و پاش ئەوەش هیلیکۆپتەرێک لە ناو زیندانەکە نیشتۆتەوە.
بەپێی هەواڵەکان دەنگی تەقە هەتا درەنگانی شەو لە ناو ئەو گرتووخانەدا درێژەی هەبووەو هاوکات دەنگ و هاواری خەڵکیش بیستراوە و ئەوەش زۆرتر خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ کردوە.
هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە خەڵک لە چوار دەوری ئەو زیندانە کۆبوونەوەو ئامادە نین چۆڵی کەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەتا دێ هێزی سەرکوت و تەنانەت هێزی تایبەتی "نوپو"ش بۆ سەرکوتی زۆرتر دەڕواتە ناو زیندانی ئەوینەوە. دوای چەند سەعات لەو هەواڵە بیندراوە کە کۆمەڵێک لە زیندانییەکان به ئۆتۆمبیلی تایبەت گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و دەنگی تەقە و ئاگریش دامرکاوە.
شایانی باسە لەگەڵ ئەو ئاگرکەوتنەوە کە بە سناریوەک بۆ بەلاڕێبردنی ڕاپەڕینەکان لە ئێران دەبیندرێ، لە دەرەوەی وڵات زۆر رێکخراوی نێونەتەوەیی و لایەنی دیکە داوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو روداوەی ئەوین دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۴ی ڕەزبەر ڕاگەیاندنەکانی رژیمی ئاخوندی هەواڵی گیان لە دەست دانی ۴ کەس و هەروەها برینداری ۶۱ کەس دا و هۆکاری ئاگرتیبەردانی بە هەوڵی بەندکراوان بۆ هەڵاتن ناو بردوە.