شۆڕش حاجی
زیاتر لە مانگێکە بەسەر کوژرانی دڵ بهەژێنیت ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی بەناو ئەخلاقی ڕژیم تێدەپەرێ. ئەو کارەساتە شەپۆلێک لە هاوسۆزی و هاوخەمی سەرانسەری ئێرانی داگرت و زۆری نەخایاند خەڵک ئەو هاوسۆزەیان کردە دەسمایە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێکی بەرفراوان لە سەرانسەری ئێران و لە زۆربەی شارەکان ڕقی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی خەڵک ڕوو بە دەسەڵاتدارە ملهوڕەکاندا تەقەوە و ئەوە بۆ ماوەی مانگێکە جەماوەری ڕاپەڕیوی سەرانسەری ئێران خەویان لەچاوی دەسەڵاتداران زڕاندووە.
ژینا بە مەرگی خۆی شۆڕشێکی بەربڵاوی جەماوەریی هەڵگیرساند کە لەنەوعی خۆیدا لەمێژووی خەباتی چواردەیەی دژی دەسەڵاتی ئاخوندان بێ وێنەیە. ئەو پشتیوانی و هاوسۆزییە گەورەیەی باقی شارەکانی ئێران لەگەڵ کوردستان پێشتر لە هیچ سەردەمێکدا نەبینراوە. جیاواز لە هەژێنەر بوونی ڕووداوی کوشتنی ناجوانمێرانەی ژینا کە بوو بە هۆی هەڵخرانی ویژدانە زیندووەکانی کۆمەڵگا، پرسی ژنانی تێکۆشەر و بەدیاریکراویش بابەتی گەشتی بەناو ئیرشاد و ئەخلاقی کە دەمێک ساڵە کۆمەڵگای وەزاڵەهێناوە و تەعەدا و ستەمی بەکرێگیراوانی ڕژیم لەکاتی گرتن و ڕاوەدوونانی ژنانی کۆمەڵگا و بڵاوبوونەوەی وێنە و فیلمی ئەو جینایەتە بەردەوامانە ڕقێکی کۆن و برینێکی سەرئاوەلەیە و ترس ودڵەراوکێی بەردەوامی نەتەنیا لەناو ژنان بەڵکوو پیاوانی کۆمەڵگاش درووست کردووە کە نەکا ڕۆژێک دایک و خوشک وهاوسەرەکانیان لەلایەن مەئموورانی بێ ئابرووی ئاخوندی بکەونە بەر بێ ڕێزی و تەعەدا و بەدرەوشتیەوە.
لەوانەیە لەسالانی ڕابردوو پرسی حیجابی زۆرەملێ و گەشتی ئیرشاد بە پرسێکی سەرەکی تەماشا نەکرابێ و بەتایبەتی بۆ گەلی کورد بەهۆی گەورەیی ستەمی نەتەوایەتی لە بەشە سیاسی و ئابووریەکەی لە ئەولەویەتدا نەبووبێ، بەلام ڕووداوەکانی یەک مانگی ڕابردوو ئەو ڕاستیەی ئاشکرا کرد کە پرسە هاوبەشەکان یەکجار گرینگن و ئەو خەمانەی لەناو هەموو کۆمەڵگای ئێران بەسەرجەم گەلانیەوە خەمی هاوبەش و وێکچوون داینەمۆی یەکێتی و تەبایی و مۆتەکەی گیانی دەسەلاتدارانن. دەمێک ساڵە هاواری ڕووخانی دەسەلات لەقولایی خاکی ئێران و لەزۆربەی شارەکان دەبیسترێ و بەروونی ئاشکرایە ڕژیمی ئاخوندی هیچ جۆرە مەشروعیەتێکی نەماوە و تەنیا بە واسیتەی فرت و فێل و هێزی زەبر و زەنگ و ترس و تۆقان درێژە بە حوکمی نارەوای ئەدا. بۆیە هەمیشە یەکێک لەخەمە سەرەکییەکانی وەدیهێنانی ئامانجی ڕووخانی دەسەلات درووست کردنی یەکێتی و یەکریزی کۆمەلانی خەڵک بووە. کوژرانی ژینا ئەمینی نوقتە وەرچەرخانێک بوو بۆ شۆڕشی گەلانی ئێران چونکە بوو بە خەمێکی هاوبەش کە هەموو گەلانی ئێران بە فارس و تورک و بەلووچ و عەرەب و تورکمان سەحرا و سەرجەم چین وتووێژە جۆراوجۆرەکان خۆیان تێدا دۆزیەوە و ماوەی مانگێکە کۆشکی دەسەلاتیان وەلەرزە هێناوە.
ئەوەش نابێ لەبیر بکەین کە ئەو ڕاپەڕینەی ئێستا تەنیا تایبەت نییە بە یەک چین ویەک پرسی دیاریکراو . لەلێدوانەکانی بەرپرسانی ڕژیم ئەبینین بە ئەنقەست هەوڵ ئەدرێ ویست وداواکاری سەرەکی خەڵک بەلاڕێدا ببات و بە بێ ڕێزی بە ژنان و داواکارییەکانیان هەوڵی لەخشتە بردنی ویستی سەرەکی خەڵک کە نەمانی دەسەڵاتە ئەدەن. درووستە مردنی ژینا و پرسی حیجابی زۆرە ملی چەخماخەی ئەو ڕاپەڕینە بوو بەلام نابێ لەبیری کەین ئەوانەی لەسەر شەقامن ئەو کەسانەن کە ماوەی 43ساڵە لە هەموو ڕەهەندە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان دەچەوسێندرێنەوە و هەموو جارێ بە ستەمێکی نوێ ئازاری برینی قەتماغەنەبەستوویان سەرهەڵدەداتەوە.
بێگومان ڕاپەڕینی یەک مانگی ڕابردوو و درێژەدان بەو خرۆشانە جەماوەریە دەسکەوتێکی گەورەیە لە مێژووی خەباتی چوار دەیەی دژی دەسەڵاتدارانی ئاخوندی و قۆناغێکی نوێیە کە درەنگ یان زوو کۆشکی ستەمی ئاخوندانی تێدا دەڕمێ و ئەو هاوپشتی و هاوئاهەنگییەی گەلانی ئێران بەستێنی پێکەوەژیانێکی سەردەمیانە و پڕ لەتەبایی لەرۆژانی دوای نەمانی ئاخوندان درووست ئەکا.