ماردین زاهدی
حکومتی ئاخوندی ئێران وەک هەر حکومەتێکی دیکتاتۆر و تۆتاڵیتری دیکە, هەر لە سەرەتای گەیشتنی بە دەسەڵات, هەوڵی لەناوبردنی جیابیرەکان و سەپاندنی بیرۆکەی چەقبەستووی مەزهەبی خۆی بە سەر خەڵکانی ئێران داوە. هەر بەو بۆنەشەوە سەرکوت و کوشتن و بەندکرانی کردە بەردی بناغەی کارەکانی و چەندین لاپەڕەی ڕەشی کۆمەڵکووژی وەک فەرمانی ناڕەوای جیهاد دژ بە کوردستان و قەتڵی عامی بەندکراوە سیاسییەکان لە ساڵی ۶·ی هەتاوی هەیە. ئەو دەسەڵاتە هەر لە رۆژانی سەرەتاوە هێزی پۆڵایینی پێشمەرگەی لە بەرامبەر خۆی بینی کە هەتا ئیستاش نەیتوانیوە ئەو هێزە هەڵقوڵاوەی دڵی خەڵکی کوردستان، کە تەنیا ئامانجی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ئازادییە، بسڕێتەوە. ئەو رژیمە بۆ لە مەیدان بەدەرکردنی پێشمەرگەی کوردستان و سڕینەوەیان بە خەرج کردنی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ پرۆپاگاندە و هەوڵ بۆ ناشیرین کردنی کەسایەتی و ناوی پێشمەرگە, شکستی هێنا.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کوردستانی ئێران پاش چەندین ساڵ و مانگ بەرگری لە هێرشەکانی حکومەت بۆ سەر کوردستان وەکوو داستانی جەنگی ۲۴ ڕۆژەی شاری سنە، بەرگری پێشمەرگە لە شاری سەقز، جەنگی کەموێنەی پێشمەرگە لە ١٠ ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ کە ئەوانە و دەیان نمونەی دیکە لە قارەمانەتیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە تیایاندا شکستی گەورەیان تووشی هێزەکانی رژیمی ئاخوندی کرد. بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی و سێڤیل لەلایەن فرۆکە و هێلی کۆپتەرەکانی رژیمەوە نەبنە قوربانی و زیانی زورتریان پێ نەگا، شارەکانیان چۆڵ کرد بۆ درێژەدانی خەبات پشتیان بە شارە سەرکەشەکانی کوردستان بەست. خۆراگری و بەرخۆدانی پێشمەرگەی کوردستان لە خاک و خەڵکەکەی، بەهۆی ناهاوسەنگی لە هێز و زۆر خاڵی لاوازی دیکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بە ناچار پەڕیوەی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانی ئێران بوو و لە بەری کوردستانی عێراق بنکە و بارەگایان دامەزراند. لە دوای پەڕینەوەی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەری عێراق، کەم نەبوون ئەو تەنگ و چەڵەمە و گیروگرفتانەی هاتنە سەر رێگایان. بۆ وێنە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە دەیان هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە هەتا بتوانێ پارێزگاری لە مانەوە و درێژە بە خەباتە شۆرشگێڕانەی خۆی دژ بە رژیمی ئاخوندی بدات. ئەم سازمانە لە کۆچ و کۆچبارەوە بگرە هەتا مەترسی ترۆری سەرکردایەتی و ئەندامەکانی لە هەرێمی کوردستان، فشارە سیاسی و پەراوێزخستنەکان لەژێر فشاری رژیمی ئاخوندان و سانسۆڕ کردنە بە ئانقەستەکان لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێم، مەترسی تەقینەوەو مووشەکباران و زۆر گرفتی دیکەدا هێناویەتی و سەربەرزانە لە مەیدانی خەبات بەبێ هیچ پەڵە و هەڵەیەکی سیاسی درێژە بە کار و تێکۆشانی دەدات.
لە دوای ئەوەی شۆرشی ژینا لە کوردستان و ئێران دەستی پێ کرد و تێکڕای حیزب و سازمانە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران بانگەوازی مانگرتن و ڕاپەرینیان داو نەتەوەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران هەموو یەک دەنگ پێشوازیان لێ کرد و ڕاپەڕینەکان هەموو کون و قوژبنێکی ئێرانی گرتەوە و دۆخەکەیان لە رژیم بەرتەسک کرد، ئەو دەسەڵاتە بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری سەرشێتانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی خەڵکی ئێران و جگە لە مووشەکباران و هەڕەشەی هێز لەو حیزب و سازمانانە، هەوڵی دا لە رێگەی فشار خستنەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران زیاتر سنووردار بکرێ. بەڵام ئەو دەسەڵاتە بێ خەبەر لەوەی هەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانی لە حکومەتی عێراق بەتایبەت بەرێز دکتور فواد حوسێن وەزیری دەرەوە پیلانەکانیان پووچەڵ دەکەنەوە. لەو چوارچێوەدا هەڵوێستەکانی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی کوردستان لە کۆبوونەوەی پاسدار ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی رژیم، شکۆی هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کوردی پاراست و وەڵامی داواکارییەکەی ئەو حکومەتە تیروریستە لەدەمدانێکی تەواو و بەجێ بوو بۆ دەسەڵاتی ئاخوندان.
ئەم هەڵویستانەی بەرێزان فواد حوسێن و رێبەر ئەحمەد لەلای کورد لە کوردستانی ئێران و بزوتنەوە ڕەواکەیەوە بەرز دەنرخێندرێ و نوێنەرانی نەتەوەی کورد هەر ئەو جۆرە هەڵوێستانەیان لێ چاوەڕێ دەکرێ.