بەرێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە ئوسلۆ بۆ پشتیوانی لە راپەرینەکانی کوردستان و ئێران
رۆژی شەممە 30ی رەزبەری 1401، کۆبوونەوەیەکی بەرینی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە راپەرینەکان لە کوردستان و ئێران دژ بە رژیمی ئاخوندی بەرێوەچوو.
لەو کۆبوونەوە جەماوەریەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردان و ئێرانیانی ئازادیخوازی نیشتەجێی نۆروێژ تێیدا بەشدار بوون، لە سەنتەری شاری ئوسلۆ بەشداربووان کۆبوونەوەو دواتر بە وتنەوەی دروشم بەرەو وەزارەتی دەرەوەی ئەو وەڵاتە رۆیشتن و لەو رێپێوانەدا بە زمانەکانی نۆروێژی، کوردی و فارسی چەندین دروشم بۆ پشتیوانی لە راپەرینەکان و دژ بە رژیمی ئاخوندی دەوترایەوە و لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەیش چەندین پەیام لەلایەن بەرێوەبەران و کەسایەتیە نۆروێژیەکانەوە پێشکەش کرا.
دروشمەکانی ژن، ژیان، ئازادی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر و هەروەها داوای کاردانەوەو پشتیوانی نۆروێژ لە راپەرینەکان، لە لایەن بەشداربووانەوە دەوتراوە.
شایانی باسە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و ئەندامانی کومیتەی نۆروێژی سازمانی خەبات بەشداریان لەو کۆبوونەوە جەماوەریەدا کرد.