گرووپی هاککەری "بلاک ریوارد" ڕۆژێک دوای وادەی داواکەیان بۆ ئازادکردنی گیراوانی ئەم دواییە، "٥٠ گیگابایت" لە بەڵگەنامەکانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رژیمی ئێرانی بڵاوکردەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٩ی رەزبەر ئەم گرووپە هاککەرانە ئیمەیڵێکیان بۆ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رژیمی ئێران نارد بەرپرسانی ئەو ناوەندەی رژیمیان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە ئازاد نەکەن لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ئەو زانیاریانەی کەوتۆتە دەستیان بڵاو دەکەنەوە. لە دوای کۆتایی ئەو وادەی بۆ سەرانی رژیمیان دانابوو، 324 فایلیان بە هاشتاگی "مەهسا ئەمینی" و دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک دایبگرن.
هەفتەی ڕابردووش ڕێکخراوی بلاک ریوارد ڕایگەیاند کە ئیمەیڵی بەڕێوەبەران و کارمەندانی کەناڵی هەواڵی "پرێس تیڤی" کە سەر بە رێکخراوی "دەنگ و رەنگی ڕژیمی ئێرانن، هاک کردووە و زانیارییە کەسییەکانیان دەستکەوتووە.
ئەو گروپە هاکەرە ئێرانییە بۆ سەرجەم کارمەندانی پرێس تیڤی نوسیوە: "لەم رۆژانەدا خۆتان بە چ نرخێک دەفرۆشن؟" ئایا بە هەمان ڕێژەی پێشوو لەگەڵت ئەژمار دەکەن؟ بترسە لە سبەی، پێش ئەوەی درەنگ بێت!" پاشان ئیمەیڵی کارمەندان و بەڕێوەبەرانی پرێس تیڤی بڵاوکردەوە.
ئەم گرووپە هاکەرە کە بە وتەی خۆی "بەشێکە لە کۆمەڵگەی هاکەرەکانی ئێران" و کاردەکات "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی تاوانکاری ئاخوندی و لەناوبردنی"، کە داوای لە پەیامنێرانی پرێس تیڤی کردووە "دەنگی خەڵک بن".
پێشتریش بلاک ریوارد ئیمەیڵی کارمەندانی زانکۆی ئەلزەهرا و ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری هاک کرد و داوای لێکردن لەگەڵ راپەرینەکان بن.
هەروەها کۆمپانیای بلاک ریوارد لەگەڵ گروپی هاکەرەکانی تاپەندگان بە هاککردنی سیستەمی کورتەنامە توانیان کورتە نامە بۆ ملیۆنان کەس بنێرن و داوای بەشداریان لە مانگرتن و راپەرینەکان لێ کردبوون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیپلۆماسی گشتی و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی رژیمی ئێران رایگەیاندوە کە ئەو ناوەڕۆکە لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە دزەکردنە ناو سێرڤەری پۆستی ئەلیکترۆنی بەشێک لە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی پشت راست کردەوە.