خەباتمیدیا: ڕۆژی شەممە ۱۴ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی هەتاوی گۆڤاری ئیشپیگلی ئاڵمانی نووسی: ئاڵمان و هەشت وڵاتی دیکەی ئۆروپایی گەمارۆی زیاتر دەخەنە سەر چەند دامەزراوە و کەسی پلەداری ڕژیم کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو هەیە.
حەوتوونامەی ئێشپیگلی ئاڵمان بە بڵاوکردنی ئەم هەواڵە لە زاری چەند سەرچاوەیەک کە ناویانی نەهێنا, نووسی: پەکەیجی گەمارۆەکان بریتیە لە ۳۱ خاڵ, ڕۆژی چوارشەممە لە بنکەی یەکیەتی ئۆروپا لە بروکسێل خرایە بەرباس و بەرپرس و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی حکومەتی ئاخوندی دەکاتە ئامانج.
ئەم گەمارۆیانە بە مەبەستی راگرتن و بلۆکەکردنی دارایی و سەرمایەی ئەو دامەزراوانە و هەروەها رێگری کردن لە سەردانی ئەو پلەدارانە بۆ وڵاتانی ئوروپایی دەکا کە وێدەچێ لە دانوستانی داهاتووی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی یەکیەتی ئۆروپا لە ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ پەسەند بکرێت.
شایانی باسە خانمی ئالنا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئاڵمان رۆژی هەینی ١٣ی خەزەڵوەر لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی ٧ رایگەیاند: رژیمی ئێران روخساری راستیی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە نیشانداوەو ئەوەیش کاردانەوەی خۆی هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: کەسێک هەتا سەرە مەرگ لە هاوڵاتیانی خۆی بدا، بەندیان بکات، وەک چەکێک لە دەستدرێژی جەستەیی کەڵک وەرگرێ روخساری راستی خۆی نیشان داوە.
وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هەروەها گوتی: کادانەوە بەو هەڵسوکەوتی (رژیم) ئێران دەبێ، نە تەنیا لەبەر ترس و تۆقاندنێک لە ناوخۆ وەرێی خستووە، بەڵکوو لە دەرەوەیش بەهۆی ناردنی چەک بۆ روسیە.