رۆژی شەممە 14ی خەزەڵوەری 1401، هێزە کوردستانیەکانی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک لایەنی ئازادیخوازی دیکەی ئێرانی لە شاری ئوسلۆی پێتەختی نۆروێژ کۆبوونەوەیەکی جەماوەریان بە مەبەستی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ راپەرینەکانی کوردستان و ئێران بەرێوەبرد.
ئەو کۆبوونەوەیە کە لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وەڵاتی نۆروێژ بەرێوەچوو، بە سەدان کەس لە کوردان و ئازادیخوازانی ئێرانی نیشتەجێ لە وەڵاتی نۆروێژ بەشداریان تێدا کرد و بەدانی دروشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی کوردی، فارسی و نۆروێژی داوای دەرکردنی سەفارەتی رژیمی ئاخوندی لەو وەڵاتە و هەڵوێستی جیددی حکومەتی نۆروێژ دژ بە هەڵسوکەوتی دڕندانە و سەرکوتگەرانەی رژیم لە راست راپەرینەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەدا چەندین پەخشان و سرود و کۆپلەی موزیک و پەیام لەلایەن بەرێوەبەرانەوە پێشکەش کران و پەیامی کۆبوونەوەکە لەلایەن خاتوو کەزیە یوسفی بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا.