دوای ئەوەی ڕیشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕژیمی ئێرانی بە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرانسە جەختی لە بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران لە جیهاندا کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە ئیمانوئیل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاندوە.
ناوبراو کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەپێوەند بە گۆڕانی کەشوهەوا سەردانی میسری کردوە وتی: دەبێت شێوەی مامەڵەکردنمان لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە جیهاندا بگۆڕین.
ماکرۆن لە شەرم شێخی میسر جەختی لەوە کردەوە: پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکخراو هاوکاری بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران.
سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێ گەرەنتی ئەوە بکرێت کە خەڵکی ئێران بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی کە لە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران سەپێنراون، زیان نابینن.
پێشتریش، ڕیشی سۆناک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلعەرەبیە تەئکیدی لەسەر پێویستی ڕاوێژکردن لەگەڵ شەریکەکانی بەریتانیا لە پێوەند بە ڕژیمی ئێران کردەوە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە ڕژیم پێشتر دەقی پێشنیارکراوی ڕێککەوتنی زیندووکردنەوەی جەکپۆئای قبووڵ نەکردبوو، وتی:هەلومەرجەکە بە سەرکوتکردنی ئەو ناڕازییانەوە ئاڵۆزتر بووە کە لە ناوەڕاستی مانگی خەرمانان و دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد.
پێشتر بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، بەهۆی "چەند دەیەیەک هەڕەشەی دەستگیرکردن و توندوتیژی" دژی ژنانی ئێرانی "بۆ کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگ و ڕەفتارەکانیان لە دەرەوەی ماڵەوە" سزای بەسەر ناوەندی گەشتی ئیرشادیان سەپاندووە. هەروەها پێنج فەرماندەی پۆلیس و بەسیج بە لیستی سزاکانی بەریتانیا زیادکراون.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، حکومەتی ئاڵمان، ڕایگەیاند کە یەکیەتی ئەورووپا لەبارەی خستنەڕووی پاکێجی نوێی گەمارۆکانی سەر سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئاخوندی بڕیار دەدات.
ڕاوێژکاری ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە 16ی خەزەڵوەر لە تویتێکدا ڕایگەیاند: سزاکانی یەکێتی ئورووپا بەرینن و بیر لە ڕێوشوێنی زیاتر دەکەینەوە.
تا ئێستا یەکیەتی ئورووپا سزای مافی مرۆڤی بەسەر ڕژیمدا سەپاندووە، هەروەها سزاکانیش بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕژیم و بەکارهێنانیان لەلایەن ڕووسیە دژ بە ئۆکراین.
ئەگەری هەیە گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانییش بگرێەوە. هاوکات ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمان ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە و یەکێتیی ئورووپا بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن سوپای پاسداران بخەنە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.