رۆژی هەینی 20ی خەزەڵوەری 1401، لە 57ەمین رۆژی شۆرشی ژینادا، مانگرتن و راپەرینەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو و بەرین بەرێوەچوو.
لە دوای نوێژی هەینی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لەوانە زاهیدان، سەراوان، راسک، ئێرانشار و چابەهار راپەرین دەستی پێ کرد و راپەریوان بەلوچ بە دروشمەکانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ بەسیجی و مەرگ بۆ سپایی دەوتەوە. بەپێی سەرچاوەکان هێزە جینایەتکارەکانی رژیم لە شارەکانی زاهیدان، سەراوان، چابەهار و ئێرانشار و راسک بەرەوڕووی راپەریوان بوونەوەو دەستڕێژی راستەوخۆیان لێ کردن و هەتا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ ئامارێک لەبارەی قوربانیانەوە لەبەر دەستدا نیە.
لە نوێژی هەینی ئەورۆی زاهیدان کە مەولەوی عەبدولحەمید ئیمام و پێشنوێژی ئەو شارە لە وتاری هەینی خۆیدا هێرشی کردە سەر نوێنەرانی مەجلیسی رژیم و وتی: ئێوە دەبێ هەوڵ بدەن قسەی ئەو خەڵکە بگاتە جێ و ئێوە دەبێ دیفاعیان لێ بکەن بۆ ئەوەی بە گولەی جەنگی لێیان نەدرێ. ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا روو لە نوێنەرانی رژیم وتی: ئێوە دەبێ دیفاع لە مافی زیندانیان و مافی خەڵک بکەن. ئێوە نامە دەنووسن و داوای توندترین سزا بۆ خەڵک دەکەن، ئایا ئێوە شیاوی نوێنەرایەتی خەڵکن؟ ئایا پارلەمانەکانی دیکەی دونیا ئەو کارە دەکەن کە ئێوە کردتان؟
پێنوێژی هەینی زاهیدان تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە زۆربەی خەڵکی ئێران لە هەر دین و نەتەوەیەک لە دۆخی ئێستا ناڕازیە و بەرپرسانی رژیم دەبێ گوێ لە ناڕازیان بگرن.
فیلم و راپۆرتەکانی کە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو بوونەتەوە میلیتاریزە بوونی شارەکانی بەلوچستان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی نیشان دەدا. ئەو هێزانە بە جۆرەها چەکی سوک و قورس لە ناوەند و شوێنە گرینگەکانی شارەکانی سیستان و بەلوچستان جێگیرکراون.
لەلایەکی دیکەو لە شاری تارانی پایتەخت ژمارەیەکی زۆری جەماوەر لە ئارامستانی بەهەشتی زارای ئەو شارە کۆبوونەوە و بە دانی دروشم رق و بێزاری خۆیان لە سیستەمی نامەشروع و خۆسەپێنی ئاخوندی دەربڕی. ناڕازیان لە بەهەشتی زارا دروشمی " بەسیجی، سپایی داعشی ئێمە ئێوەن"
لە لورستانیش بە ئامادە بوونی سەدان کەس تەرمی شەهید سپێهر بیرانوەند ئەسپەردە کرا کە دوێنێ لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە شەهید کرابوو.
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی پێشنوێژی مزگەوتی نەنەڵە لە وتاری هەینی خۆیدا نامەی نوێنەرانی مەجلیسی رژیم بۆ ئێعدامی راپەریوان مەحکوم کرد. ناوبراو هەروەها ئیشارەی بە 18 شەهیدەکەی شاری خاش کرد و بە توندی مەحکوم و پرۆتستۆی کرد.