شەهیدێک و ژمارەیەک بریندار لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی رژیم لە خەڵکی بێورانی ناوچەی سەردەشت
رۆژی هەینی 20ی خەزەڵوەری 1401ی هەتاوی، هێزەکانی رژیم لە گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت تەقە لە خەڵک دەکەن کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی هێمن هەمزە شەهید دەبێ.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو، هێزەکانی رژیم بە بیانوونی گرتنی باری کاسبکاران هەڵدەکوتنە سەر گوندی بێوران، بەڵام لەلایەن خەڵکی قارەمانی بێورانەوە بەرەوڕوویان دەبنەوە و لە ئاکامدا شەڕ و پێکدادان دروست دەبێ. خەڵکی بێوران دەتوانن پاشەکشە بە هێزەکان بکەن و دەست بگرن بەسەر ماشینێکدا و تێکی بشکێنن. هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە تەنگیان پێ هەڵدەچنرێ، دەستڕێژ لە خەڵکەکە دەکەن و لە ئەنجامدا هێمن هەمزە شەهید دەبێ.
لە دوای ئەو رووداوە خانەوادەکەی و ژمارەیەک لە خەڵکی بێوران بەناڕەزایەتی لە شەهید کرانی هێمن بە دروشمی شەهید نامرێ، دەچنە بەردەم فەرمانداری رژیم لە سەردەشت لەوێ کۆدەبنەوە بەڵام هێزەکانی رژیم لە سەر بانی فەرمانداریەوە دەست دەکەن بە تەقە لە خەڵکەکەو لە ئاکامدا دوو خوشکی هێمن بەناوی ئامین و شیوەن هەمزە و چەند کەسێکی دیکە بریندار دەبن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی وێڕای مەحکوم کردنی ئەو جینایەتەی رژیم، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەرێزی شەهید هێمن هەمزە، خزمان و خەڵکی قارەمانی بێوران و سەردەشت رادەگەیەنێ و چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازێ.