یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کومیتەی ناوەندی لە پێوەند بە دەستپێکی سێهەم مانگی راپەرینەکان

بەیاننامەی کومیتەی ناوەندی لە پێوەند بە دەستپێکی سێهەم مانگی راپەرینەکان
کومیته‌ی ناوه‌ندی

 خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

لاوانی راپەریو و قارەمانی کوردەواری!

جەماوەری شۆرشگێڕ و بێزار لە ستەم!

لە دوای شەهیدکردنی بەناڕەوای ژینا ئەمینی، رق و تووڕەیی پەنگخواردووتان بە روی رێژیمی داگیرکەری ئاخوندیدا تەقیەوە و شۆرشێکی جەماوەریی لە ژێر ناوی "شۆرشی ژینا" و بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بە پانتایی کوردستان لێکەوتەوەو دواتر شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە و کۆی پێکهاتەی رژیمی ئاخوندانی کردە ئامانج. ئێستا شۆرشی ژینا بە پێشەنگایەتی ژنان و هاوکاری و پشتیوانی پیاوانی شۆرشگێڕ ٢ مانگی تێپەڕاند و پێی ناوەتە سێهەم مانگ و بە گڕ و تینێکی زۆرەوە درێژە بە کاری خۆی دەدا. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیک بە تەواوی شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە مانگرتنی گشتی و راپەریندا بەشداربوونەو هێزەکانی رژیمی ئاخوندی هەر لە خوی و ماکۆ هەتا ئیلام بەو پەڕی دڕندەیی و بێ رەحمیەوە دەستیان لە خەڵکی مافویستی کوردستان نەپاراست و رۆژانە کوڕان و کچانی کوردەواری بە دەستی ئەو هێزانە، خوێنیان بە ناڕەوا رژا. مانگرتن و راپەرینەکانی جەماوەری کوردستان ئەو راستیەی بۆ سەرانی دەسەڵاتی ئاخوندی سەلماند کە 43 ساڵ داگیرکاری و سیاسەتی هەڵاواردن و بێ مافی و پاکتاوی زمانی و فەرهەنگی نەیتوانیوە کار لە ئیرادەی پۆڵایینی ئەو نەتەوە شۆرشگێڕ و ئازادیخوازە بکات و کوردستانیان جارێکی دیکە سەلماندیان کە کوردستان سەنگەری ئازادی و لە بن هێنانی قەڵای زۆر و ستەمە و هەتا روخانی دەسەڵاتی ئاخوندان پێشەنگایەتی خەباتی ئازادیخوازانە دەکات.

لە لایەکی دیکە خەبات و راپەرینی دوو مانگی رابردووی کوردستان ئەو راستیەی روون و ئاشکرا کردەوە ئیرادەی گەل لە هەموو هێزێکی پۆشتە و سەرکوتگەر بەهێزترە و هەر کات گەل بە یەکیەتی و یەکدەست بێتە مەیدان شکست بە هێزی زۆر و بۆری رژیمی ئاخوندی دێنێ. هەروەها شۆرشی ژینا کاریگەری لەسەر رابوون و خرۆشانی جەماوەر بەشێوەیەکە کە تێکڕای ئەو ئیدیعایانەی بە تەواوی رەت و باتڵ کردەوە کە دەگوترا رژیمی ئاخوندی لە کوردستانەوە ناروخێ. شۆرشی ژینا سەلماندنی راپەرینی جەماوەری کوردستان نەک هەر دەتوانێ پێگەی هێزی داگیرکەر رابماڵێ بەڵکوو دەتوانێ گەلانی دیکەش دژ بە دەسەڵاتی خۆسەپێن یەکبخات و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکاتە خاڵی هاوبەشی خەباتی هەموو لایەک و بە تەواوی رژیم لە حاست جەماوەر بە چۆکدا بێنێ. خەڵکی بە ئیرادە و قارەمانی کوردستان! لە دوو مانگی رابردوودا توانیتان هەنگاوی زۆر گەورە و کاریگەر لە راستای کۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆر و بەتایبەت روخانی رژیمی ئاخوندی هەڵگرن. لەو پێناوەیشدا نرخی زۆر و گەورەتان دا و بینیمان دایکان و باوکانی کوردەواری بە چ سەخاوەتێکەوە خوێنی رۆڵەکانیان فیدای ئازادی خاک و نیشتمان دەکرد. لە سێهەم مانگی شۆرشی ژینادا ئێوەی خۆراگر و تێکۆشەر، بەو جۆرەی بۆتان دەکرێ و دەتوانن رژیم لەوە زیاتر سووک و لاواز بکەن و درێژە بە راپەرین و خەبات بدەن. یەکێک لەو هەنگاوانەی لەمە بەدوا دەتوانێ کاریگەری لەسەر بەهێزکردن و بەربڵاوترکردنی خەبات و راپەرین دژ بە رژیمی ئاخوندی بکات ئەوەیە لە شار و ناوچەکانی کوردستان «پووڵی ئاو و برق و گاز» واریز نەکرێ و بەو رێگەیەش لە باری ئابووریەوە زەربەیەکی کاریگەر لە ئابووری لاواز و روخاوی رژیم بدەن. هەروەها پێویستە بایەخی زیاتر بە یەکریزی نەتەوەیی لە کوردستان بدرێ لە راستای بەهێزکردنی و تۆکمەترکردنی خەبات و راپەرینی جەماوەر، خۆ لە زەق کردنەوەی دروشمە حیزبی و سازمانیەکان ببوێرن و سەرنجەکان زیاتر بخرێتە سەر روخان و لە کۆڵکردنەوەی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و خەباتی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران.

لە هەمان کاتدا جەماوەریی کوردستان پێویستە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران درێژە بەو خەباتە یەکانگیر و دژە ئاخوندیە بدات بۆ ئەوەی رژیم نەتوانێ هیچ درز و کەلێنێک لە نێوان نەتەوەکاندا بدۆزێتەوە و بەو شێوە زیان لە شۆرشی گشتگیری جەماوەری کوردستان و ئێران بدات. تێکۆشەران لە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان پێویستە رچاوی ئەوە بکەن کە رژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ لەبار بردنی خەبات و تێکۆشانەکەتان دەدات، هەر بۆیە پێویستە خۆ لە هەر جوڵە و کارێک بە دوور بگرن کە رژیم و دەستوپێوەندەکانی قازانجی لێ دەکەن و زیان بە یەکریزی نەتەوەییمان دەگەیەنێ. هەر لەم رێگەوە داوا لە مامۆستایانی بەرێز و نیشتمانپەروەری ئایینی، مامۆستا و موعەلیمانی مەدەرەسە و ئوستادانی زانستگاکان دەکەین پشتی کچ و کوڕانی نیشتمان بگرن و دڵگەرمیان بدەنێ لە درێژەدان بە تێکۆشان و خەبات دژ بە رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی. جەماوەری ئازادیخوازی ئێران! لە کاتێکدا دەچینە نێو مانگی سێهەمی شۆرشی ژیناوە کە رژیم لە شارەکانی کوردستان رۆژانە خوێنی کچان و کوڕانی ئازادایخواز دەڕێژێ و جینایەت نەماوە لە کوردستان ئەنجامی نەدا.

بەتایبەت لە رۆژەکانی 24، 25 و 26 خەزەڵوەر کە یادی قوربانیانی خەزەڵوەری 1398 لە شەقامەکانی کوردستان بە شکۆوە بەرز راگیرا، هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم دەستیان دایە تاوان و جینایەتی زۆر نامرۆڤانە و لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا زیاتر لە 20 لاوی کورد لەلایەن ئەو هێزانەوە شەهید کراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لەلایەن ناوەندە سەرکوتگەر و سیخوریەکانی رژیم لە کوردستان رەفێندراون و تا ئێستایش چارەنووسیان نادیارە. رژیمی ئاخوندی هەموو شارەکانی بە تەواوی میلیتاریزە کردووە و بە توندترین و بێ رەحامنەترین شێوە ئازادیخوازانی کوردستان دەداتە بەر دەستڕێژی گولە و کەم شەقام و مەیدانی شارەکان هەیە بە خوێنی ئاڵی لاوەکانمان سوور نەبووبێ. هەر بۆیە وەکوو ئەرکێکی ئازادیخوازانە هەر چۆن لەسەرەتاوە پشتی کوردستانتان گرت و ئێوەیش بانگی ئازادیتان لە ناوچەکانی خۆتان هەڵدا، ئێستایش کە کوردستان خوێنی لێ دەچۆڕێ پێویستە بە نەفەسێکی تر و بەشێوەیەکی بەربڵاوتر دژ بە رژیمی ئاخوندی هەستن و پشتی کوردستان بگرن و دیفاعی لێ بکەن.

بێ شک رژیمی ئاخوندی دوا رۆژەکانی تەمەنی شووم و نگریسی خۆی تێپەڕ دەکات و بەو زووانە خۆری ئازادی کوردستان و ئێران لە کەل هەڵدێ و کۆتایی بە زۆر و ستەمی ئاخوندان دێ. سپاس بۆ جەماوەری کوردستان و ئێران بەتایبەت خۆراگری و خەباتی شارەکانی بۆکان، سەقز، سنە، مەهاباد و زۆر شار و ناوچەی دیکەی کوردستان کە لێبڕاوانە و شێلگیرانە لە مقاومەت و بەرخۆداندان و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆرشی ژینا و درود بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان و ئازادیی یەکجار بۆ گیراو و زیندانانی تێکۆش و نیشتمانپەروەر دەخوازین.

سەرکەوێ خەباتی یەکانگیری جەماوەری کوردستان و ئێران

بروخێ رژیمی لاواز و پێ لە گۆڕی ئاخوندی

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی

27ی خەزەڵوەری 1401


2 ساڵ و 3 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 31 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بەیاننامەی کومیتەی ناوەندی لە پێوەند بە دەستپێکی سێهەم مانگی راپەرینەکان

بەیاننامەی کومیتەی ناوەندی لە پێوەند بە دەستپێکی سێهەم مانگی راپەرینەکان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن