خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
جەماوەری راپەریوی ئێران!
لە دوای ئەوەی راپەرینەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران پێی ناوەتە سێهەم مانگی خۆی، رژیمی ئاخوندی هەوڵ دەدا بە سەرکوت و کوشت و بر، پێش بە شۆرش و راپەرینی گەلی کورد و گەلانی ژێردەستەی ئێران بگرێ.
لە کوردستان سەرکوت و جینایەتی هێزەکانی رژیمی ئاخوندی بە رێژەیەکە ناخی هەر مرۆڤێکی بەهەست و ئازادیخواز دەهەژێنێ. هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیم لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا نزیک بە ٤٥ کەس لە هاوەڵاتیانی کوردستان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەقز، سنە و جوانرۆ شەهید و بە دەیان کەسی دیکەشیان بریندار کردوە.
بە مەبەستی پشتیوانی لە راپەرینی خەڵکی کوردستان و مەحکوم کردنی جینایەتەکانی رژیم، بانگەوازێکی سەراسەری رۆژی پێنج شەممە ٣ی سەرماوەز ڕاگەێندراوە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە بانگەوازی ٣ی سەرماوەز دەکا کە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی گەلانی ئێران لە خەڵکی کوردستان و پرۆتستۆی تاوانەکانی رژیم بڵاو کراوەوەتەوە.
سازمانی خەبات پێی وایە درێژەدان بە خەبات و راپەرینی گشتگیر و یەکانگیری تێکڕای ئێرانیەکان هەتا روخانی یەکجاری بە زەروورەتێکی حەتمی و شۆرشگێڕانە دەزانێ.
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران
بروخێ رژیمی جینایەتکاری ئاخوندی
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران