ماردین زاهدی
وەک چۆن کوردێک لە کوردستان بەبۆنەی هەلوومەرج و ئەو دۆخەی بە سەر کوردستان و ئێران سەپاوە، پێ خۆش بێ و یا پێ ناخوش بێ ناچارە تێکەڵ بە کاری سیاسی بێ. دیارە بۆ ژنانیش، بە هۆی هەلومەرجی نالەباریان، دەبێ بۆ هێنانە دیی خواستەکانیان چالاک بن وەک چالاکانی فیمینیستی و یا شوێن کەوتوی ناوەندو دامەزراوەکانی بواری مافی ئافرەتان بن.
حکومەتی پاشایەتی و ئاخوندی هەریەک بە شێوەیەک و سەرەڕای مانۆڕی سیاسی بێ بنەماو ڕواڵەتی ئافرەتانیان دەچەوساندەوە.لە لایەکی دیکەوە بە بوونی ڕەوتی مەزهەبی دواکەوتوانە ژنیان وەک ئامراز بەکار ئەهێنا و پێیان وا بوو کە دەتوانن لە پیلانە دزێو و نەشیاوەکانیان تا سەر بەردەوام بن. بە دڵنیاییەو ژنانی ئازادیخواز و بوێر نەترسانە هەوڵی ڕزگاری خۆیان له دەستی زۆڵم دەدەن و ڕۆژ لە دوای و بێ پشوو لە ژێر ناوی ڕێکخراو, سینف و دامەزراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان توانیویانە خۆیان لە بەند و ئەسارەت دەرباز بکەن. ۲µی نوڤامبری ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ·١مین ڕۆژی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ئێران. ڕۆژێک کە ناخ و ناوەڕۆکی لەگەڵ ئەم شۆڕشە گرێی خواردووە و سەرهەڵدانی بە تۆندوتیژی جەستەیی و دەروونی لەگەڵ کچە کوردێکی ۲۲ ساڵان بوو کە بەۆ هۆیەوە گیانی ئازیزی لەدەست دا. ئەو ڕووداوە یەکەم ڕوداو نەبوو کە بوو بە کوژانەوەی مۆمی هیوای کچێک و چارەنووسی بە شەهید کران و بە بێ هیچ تاوانێک لە بەین برد.
ئاشکرایە چەندین ساڵە لە کوردستان و ئێران ژنان لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان دەچەوسێنەوە، و وڵامی هەموو دەنگە مافخوازانەکان بە سەرکوت ئدرێتەوە. بەڵام ئەمجارە شەهید کرانی ژینا ئەمینی گڕ و تینێکی دیکەی بە ناڕەزایەتیەکان دا، وەک ئاگری بن بووڵ وای کرد کە لە کەشفی حیجابی ڕەزا شا هەتا ۴۴ ساڵ چەوسانەوەو سەرکوت, ژنان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە پێکەوە لە بەرانبەر دیکتاتۆری بوێستنەوە.
خەڵکی وەزاڵەهاتوو بەبێ گوێی دان و بە بێ ترس هەوڵی ئازادی دەدەن و ئاخوندانیش، چەندین ساڵ ئاژاوەگێڕی و هەوڵیان بۆ جیایی دروست کردن لە نێوان نەتەوەکانی ئێران دەدەن کە بە خۆشیەوە سەرکەوتوو نەبوون.
گەلانی ئێران بڕیاڕیان داوە دەست لە نا دەستی یەکتر، ئەو دەسەڵاتە بێ بناغەیە بکەنە ئامانج و هاواری ڕووخاندنی بکەن. لە ڕاستی دا دەسەڵاتی ئاخوندی هەرگیز لەو باوڕەدا نەبوو کە ئاکامی ئەو هەموو ساڵ سەرکوت و دژایەتی کردنەی ژنان دەبێتە بوێری و چاونەترسی زیاتریان.
لە دوو مانگی ڕابردوو، ژنانی بێزار لە ستەم بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئەم حکومەتە جینایەتکارە، حەماسەیان خۆڵقاند و وایان کرد کە تەواوی جیهانی لە سەر دلێری و مافویستیان کاردانەوەیان هەبێ.
ساڵانێکی زۆرە کە کوردستان و شۆڕشگێڕانی کوردستان بانگەوازی ستاندنەوەی مافی ژنانی ماف زەوتکراو دەکەن و بەرەی شۆڕش و خەبات ڕێگەخۆشکەری ئەو ویستە بووە. لە ئێران ئێستا و لە کوردستان دەیان ساڵە کە ژنان پێشەنگی شۆڕشن و بوونەتە مۆتەکەی حکومەتی ئاخوندی.
نەوەی نوێی زۆر وریاییەو بە ڕوونی دەزانێ ئاکامی کۆیلەبوون چییەو هەر بەو بۆنەوە ئازادی و چۆک نەدان بۆ زاڵمی هەڵبژاردووە. ئەمساڵ ۲µی نۆڤامبر دەبێ دەنگدانەوەیەکی نوێی لە جیهان بێت و ژنانی کورد و ئێرانی پێشەنگی خەباتن و ئەو حەماسەیە ئەخوڵقێنن. حەماسەیەک کە بۆ یەکسانی و هاومافی ژنان و پیاوانە و لە لایەن پیاوانی یەکسان خواز بێ سنوور پشتگیری دەکرێت.