بەڕێزان ئەندامانی بە هەڵوێستی شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان!
دەست خۆشی و سپاسی خۆم و هاوباوەڕانم لە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پێشکەش بە شۆڕای ماڤی مرۆڤ و نوێنەری ووڵاتانی ئارژانتین، بنین، چیک، فینلاند، گابۆن، فەرانسە، گامبیا، ئاڵمان، هیندۆراس، لۆکزامبۆرگ، ژاپۆن، لیبی،لیتوانی، جەزیرەی ماڕشاڵ، مۆنێتینیگرۆ، مکزیک، نیپاڵ، هولەند، پاراگوا، لێهستان، کورەی جنوبی، سۆماڵی، ئۆکراین، ئیسلاند وبریتانیاو ئەمریکا و هەروەها سپاسی بەڕێز جاوید ڕەحمان و تێکڕای ئەو بەڕێزانەی لە پەسەند کرانی ئەم بڕیاڕنامە گرینگە دەوریان گێڕاوە دەکەم.
بێگومان هەڵوێستی دروستی ئێوه و سەرکۆنە کردنی جینایەتەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار لە ئێران کە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستانی ئێران و گەلانی ئێران ئەنجامی دەدا، کاریگەریی بەرچاوی دەبێ بۆ داداگایی جینایەتکاران لە دادگا جیهانیەکاندا.
پەسەند کردنی بڕیاری پێکهێنانی هەیئەتی ڕاستی هەڵسەنگاندن و ڕاستیەکان دەست نیشان کردن لە لایەن شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان دەرخەری بەرپرسایەتی ئەم ڕێکخراوە جیهانیە لە پێوەند بە پێشێلکاری مافی مرۆف و جینایەتکاری دەسەلاتدارانی ئێران لە بەرانبەر منداڵان،ژنان و تێکڕای چین و توێژەکانە لە ئێراندا.
ئێوەی بەڕێز بە باشی بەشێک لە ستەمکاریەکانی دەسەڵاتی ئێران لە بەرانبەر میللەتی کورد لە کوردستانی ئێران دەزانن و بە تایبەت لە هێرشی بێ پاساوی هێزی پاسدار بۆ سەر خەڵکی بێ دەسەڵات و مافخوزای کوردستان و کوشتنی سەدان هاونیشتمانی کوردو هاونیشتمانیان لە سەرانسەری ئێران ئاگادارن.
ئەو بڕیارنامە مێژووییەی بە زۆرینەی دەنگ لە کۆبونەوەی ڕۆژی پێنج شەممە 24 نوامبری 2022 پەسەندتتان کرد، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بە باشی ستەمگەری و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و جینایەتەکانی دەسەڵاتداران بەرانبەر خەڵکی ئێرانتان هەست پێکردوەو لە هەمان کاتدا بەرپرسایەتی خۆتان لە پێوەند بە داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ نیشان داوە.
لە گەڵ دەست خۆشی و سپاسی دووبارەم، بە ئاگاداری ئێوەی بەڕێز دەگەێنم کە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هاودەنگیەکە لە گەڵ شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان و هەیئەتی دەرخستنی ڕاستیەکان لە پێوەند بە جینایەتەکانی دەسەڵاتداران لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و خەڵکی سەرانسەری ئێراندا.
جارێکی دیکە سپاس بۆ هەڵوێستی بەرزتان
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
25 ی نوامبری 2022