خەباتمێدیا: ئەمڕۆ دووشەممە ۲۱ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ی هەتاوی, مەجیدڕەزا رەهنەوەرد لە شاری مەشهەد و لەپێش چاوی خەڵک و بە ئاشکرا لەسێدارە درا. ئەمە دووهەمین کەس لە دەسبەسەر کراوانی ڕاپەڕینەکانی ئەم ماوە پاش موحسین شکارییە کە حکومەتی دژەمرۆڤی ئاخوندی سزای لەسیدارەدانی جێبەجی دەکات.
هەواڵدەری میزان, سەربە بێدادگای ڕژیم, بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە.
بێدادگای حکومەتی ئاخوندی ئێران ناوبراوی تۆمتبار کردبوو کە بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر دوو بەسیجی رژیم و بەو بۆنەوە سزای موحاربەیان بەسەریا سەپاندووە. لەسێدارەدانی ڕەهنەوەرد تەنیا ۲۳ ڕۆژ پاش دەسبەسەر کرانی جیبەجی کراوە.
هەواڵدەری "هرانا" ئۆرگانێکی هەواڵدەری چالاکانی مافی مرۆڤی لە ئێران, پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە ناوبراو بەبێ دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر مەحکەمە کراوە و مافی بەرگری کردن لە خۆی نەبووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران, ژمارەی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدان بەسەریان دا سەپاوە لانیکەم گەیشتووە ۱۱ کەس.
پێشتر جاوید ڕەحمان, ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران, نیگەرانی خۆی لەسەر زۆربوونی توندوتیژی و سەرکوتی ناڕازیان دەربڕی بوو و وتوبووی کە حکومەتی ئاخوندی ئێران هەڵمەتێکی بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ناڕازیانی ئەم ماوەیە دەست پێی کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی ۱۱ی سەرماوەز, لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەکردن بەوەی کە هەتا ئێستا لانیکەم ۶ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە محکەمەی ساختەکاری کراو سزای لەسیدارەدانیان بۆ دەرکراوە وتی: حکومەتی ئاخوندی ئێران لە سزای ئیعدام وەک چەک یان کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی سیاسی و تۆقاندنی خەڵک بەکار دێنێت. هەروەها ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم ۲۸ کەس و لەوانە ۳ منداڵ لە ماوەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی کوردستان و ئیران دەسبەسەر کراون و بەرەوڕووی تۆمەتەکانی موحاربە و مفسد فی الارض بوون و مترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.