خەباتمێدیا: جگه لە زاهیدان، ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران لە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران درێژەی هەبوو و خەڵک بە کۆبوونەوە لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدان و وتنەوە و نووسینەوەی دروشم و سووتاندنی هێماکانی ڕژیم ڕەق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بە ڕژیمی ئاخوندی دەربڕی.
ڕۆژی هەینی ۹ی بەفرانباری ۱۴۰۱ی هەتاوی, جگە لە بەڕێوەچوونی ١٣هەمین خۆپیشاندانی بەرفراوانی دژ بەڕژیم لە زاهیدان پاش هەینی خوێناوی، شارەکانی دیکەی وڵاتیش گۆڕەپانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەل بوون.
بەپێی ئەو گرتە ویدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو بووەتەوە، خەڵکی ئیزە تەرمی مەحمود ئەحمەدی کە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکان لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندی پۆرسوراخ لە نزیک ئیزە شەهید کرا، ڕۆژی هەینی ٩ی بەفرانبار، پاش ڕادەستنەکردنی تەرمی ناوبراو بە خانەوادەکەی, لەمەراسمێکی تایبەت جل وبەرگی ئەو شەهیدەیان لەو گوندە بە خاک سپارد.
لە خوڕەم ئاوایش مەراسمی چلەی ماتەمینی حسێن زەرینجۆیی، بلاگەر, کە گیانبەختکردووی ناڕەزایەتیەکانی ئەوشارە بوو، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەڕێوەچوو. ناوبراو کە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیرکرابوو، دوای ئازادکردنی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. میدیاکانی ڕژیمی ئێران دەڵێن ناوبراو خۆی کوشتووە.
لە گالیکێشی سەر بە پارێزگای گوڵستان، بەپێی ئەو گرتە ویدیۆیانەی بڵاو کراونەتەوە، نیشان دەدەن کە ژمارەیەک هاووڵاتیانی سوننی لە بەردەم ماڵی مەولوی محەمەد حسێن گورگیج کۆبوونەوە و داوایان کرد کە جارێکی دیکە نوێژی یەکشەممەی ئازادشار ئەنجام بدات.
پێش ئەم گردبوونەوەیە، هەڵمەتی چالاکانی بەلووچ هەواڵی ئەوەیان دابوو کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بە جلوبەرگی مەدەنی، ویستوویانە تەقە لە ماڵی ئەم پیاوە ئایینییە بکەن کە لەلایەن ئەو خەڵکەی خۆبەخشانە پارێزگاری لە ناوبراو دەکەن پێش بەو ڕووداوە دەگرن، هێرش دەکەنە سەر ئەو هێزە و ڕاویان دەنێن لە شوێنەکە دووریان دەخەنەوە. هاووڵاتیانی تارانی لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت، لە نێویاندا تێهرانپارس، وەرداوەرد، نارمەک، سەعادەت ئاباد، وەڵەنجەک، مەجیدیە، سەتارخان و فەرمانیە، شەوانە دروشمی دژ بەم ڕژیمە دەڵێنەوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە گەڕەکە جیاجیاکانی شاری کەرەجیش، هاووڵاتیان دروشمیان دژ بە عەلی خامنەیی و ڕژیمەکەی ووتەوە.
گرتەیە ویدیۆیەکی دیکە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بووەتەوە کچێک بەنووسینی دروشم لەسەر دیوارێک دژ بە عەلی خامنەیی دەنووسێت، عەمامەی ڕێبەری، کاتی فڕێدانە. لە لایەکی دیکەوە جۆرەکانی تری نافەرمانی مەدەنیش لە فراوانبووندایە. یەکێک لە هاووڵاتیانی خوڕەمشار لە گرتەیەکی ویدیۆیدا دەڵێت، بەمەبەستی پشتیوانی لەو ژن و کچانەی وازیان لە حیجابی زۆرەملێ هێناوە، دەستبەنێکی ژن ژیان ئازادی هەڵکەنراوی وەک دیاری پێبەخشیون.
هەرچەندە زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران تێپەڕیوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی تراکت و بەیاننامەی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵک بەردەوامە. بنەماڵەی مێهدی کابولی، تەمەن ١٥ ساڵان کە لە ناڕەزایەتییەکانی گۆرگان کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم کوژرا، داوایان لە خەڵک کرد کە ڕۆژی شەممە سەعات ۲ پاش نیوەڕۆ لە ئیمامزادە ڕەوشەن ئاباد لە گوندی کفشگیری گورگان، بەشداری لە چلەی ماتەمینی کوڕەکەیاندا بکەن.
هەروەها لاوانی گەڕەکەکانی تاران داوایان لە خەڵک کرد کە ڕۆژی شەممە سەعات ١١ی سەرلەبەیانی بۆ پشتیوانی لە بازاڕیان و کاسپکارانی بازاڕی گەورەی تاران، بێنە سەرشەقامەکان و ڕێپێوان بکەن.